هیندستان بە ملیۆنان برسی و ئاوارەی گۆڕانی کەشوهەواوە پێشوازی لە لووتکەی جی 20 دەکات


رووداو دیجیتاڵ

هیندستان بە هەموو کێشەکانیەوە، خۆی بۆ پێشوازیکردن لە لووتکەی وڵاتانی جی 20 ئامادە دەکات؛ دەیەوێت شەقامەکانی بە دەرکردنی برسی و ئاوارەکان لە شێڵتەرەکانی نزیک لە شوێنی کۆبوونەوەکە، جوانتر بکات. ریکا دێڤی و دەیان هەزار کەسی دیکە دووجار ئاوارەبوون؛ جارێك بە دەستی سرووشت و جارێکیش دەسەڵات. 
 
ریکا دێڤی، دانیشتووی نیودێلهی دەڵێت، "لافاوەکە زۆر تووند بوو، هەموو شتێکمان لەدەستدا. چووینە شێلتەرێکەوە، بەڵام دواتر گوتیان کۆبوونەوەی وڵاتانی بیانییە و دەبێت شێڵتەرەکە چۆل بکەن؛ من پرسیار لەو سەرکردانە دەکەم ئایا ئامادەن خۆیان و منداڵەکانیان بۆ چەند چرکەیەکی کەمیش لێرە بژین".
 
لەژێر ئۆتۆبانی بازنەیی و بەرزە پردەکانیەوە، هەزاران تابلۆ تایبەت بە لووتکەی جی 20 هەن کە بانگەشەی ئابوورییەکی گەشاوەتر دەکەن؛ هەر لەژێر و تەنیشتی ئەو پردانە نزیکەی 224 ملیۆن مرۆڤی برسی لە هیندستان هەن؛ 13 ملیۆنیان لە نیودێلهی پایتەختن. زیاتر لە 5 ملیۆن ئاوارەی گۆڕانی کەشوهەوا بەبێ هیچ پەنایەک ماونەتەوە.
 
باخوان داس، ئاوارەی گۆڕانی کەشوهەوا لە هیندستان باس لەوە دەکات، "من جووتیارێكم بوومە قوربانیی لافاوەکان. بەرووبوومە کشتوکاڵییەکان و کەرەستە نوێکانم لەنێوچوون، حکومەتەکەمان لەسەر سکی برسیی ئێمە پێشوازی لەو وڵاتە تێرانە دەکات".
 
شەڕی ئۆکراینا کە جیهانی دابەشکرد، درزێكی گەورەی لەنێوان وڵاتانی پێگەیشتوو و تازە پێگەیشتووی ئەندامانی جی 20-یشی درووست کرد؛ وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان وەک هیندستان رەخنە لە کەمتەرخەمیی وڵاتە ساماندارەکان دەگرن لە ئاست چەند مەلەفێک، لەنێویاندا گۆڕانی کەشوهەوا.
 
نارێندرا موودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان گوتی، "هاوڕێیان کە باس لە گەشەسەندن دەکەین دەبێت باس لە پابەندبوونەکانیش بکەین، کاتێك دەبینین کەشوهەوا چەندە گۆڕاوە، بۆمان دەردەکەوێت وڵاتانی پێشکەوتوو هێندەی پێویست پابەندی بەڵێنەکانیان نین".
 
بەگوێرەی نوێترین لێکۆڵینەوە، لەنێوان 2015 و 2022، دەردانی گازە گەرمکەرەوەکان لەلایەن وڵاتانی جی 20ـەوە 9٪ هەڵکشاوە.