خانمی یەکەمی ئەمریکا تووشی کۆرۆنا بوو

رووداو دیجیتاڵ 

خانمی یەکەمی ئەمریکا تووشی کۆرۆنا بووە و چەند رۆژێك لە ماڵەکەی خۆی لە ویلایەتی دێلاوەر پشوو دەدات.
 
شەوی دووشەممە، 4-9-2023 کۆشکی سپیی ئەمریکا ئەنجامی پشکنینەکانی کۆرۆنا تایبەت بە سەرۆک و خانمی یەکەمی وڵاتی رایگەیاند، پشکنینەکەی بایدن نەرێنییە، واتە تووشی کۆرۆنا نەبووە، بەڵام جیڵی هاوژینی تووشی کۆرۆنا بووە و نیشانەکانی "مامناوەندن".
 
ئەنجامدانی پشکنینەکان لە دوای سەرهەڵدانی گۆڕاوێكی نوێی  ڤایرۆسی کۆرۆنا دێت کە بە "بی ئەی 2.86" ناسراوە و بە گوتەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی، بەشێك لە دانیشتووانی ئەمریکا و ئەوروپا گرتوویانە.
 
گۆڕاوە نوێکە لە خێزانی کۆرۆنایە و توانای هەیە بە 30 جۆر خۆی بگۆڕێت، بەڵام بەپێی پشکنینە سەرەتاییەکان، نیشەنەکانی لە نێوان سووک و مامناوەند دەمێننەوە.
 
گۆڕاوی "بی ئەی 2.86" لە گۆڕاوی "ئۆمیکرۆن" دروستبووە و بە گوتەی بەرپرسانی تەندرووستی ئەمریکا، یەکەمجار لە وڵاتی دانیمارک لە 24ی تەممووزی ئەمساڵدا دەرکەوتووە و پاشان لە مانگی ئابدا لە کەنەدا و ئەمریکا بڵاوبووەتەوە.