گینیا؛ حکومەت دەڵێت شکستیان بە 'هەوڵێکی کودەتا' هێناوە و هێزێکیش دەڵێت سەرۆکیان دەستگیرکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

هێزێکی ئەمنی لە وڵاتی گینیا بە چەکەوە هێرشیان کردە سەر کۆشکی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە، هەوڵیاندا سەرۆکی وڵات دەستگیربکەن، بەڵام حکومەت دەڵێت شکستیان بە هێرشەکە هێناوە و هێزەکەش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سەرۆکی وڵاتەکەیان دەستگیرکردووە.
 
حکومەتی گینیا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، هێزێکی تایبەتی ئەمنی هەڵیانکوتاوەتە سەر کۆشكی سەرۆکایەتی و بۆ ماوەیەک رووبەڕووبوونەوە و شەڕە تەقە روویداوە، بەڵام لە کۆتاییدا سوپای وڵات شکستی بە هێرشەکە هێناوە.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە کە دیارنییە ئایا ئەلفا کۆندی، سەرۆکی گینیا کە تەمەن 83 ساڵە لە کاتی هێرشەکەدا لە کۆشکی سەرۆکایەتی بووە یاخود نا، بەڵام حکومەت دەڵێت، سەرۆک سەلامەتە.
 
بەپێی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆییش کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە و هێشتا پشتڕاست نەکراونەتەوە، دەردەکەوێت کە سەرۆکی گینیا کەوتووەتە دەستی سەربازان کە باس لەوە دەکەن "کودەتایان" ئەنجامداوە.
 
گینیا وڵاتێکی رۆژئاوای ئەفریقایە و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 13 ملیۆن کەسە، 85%ی خەڵکەکەی موسڵمانن، 8%یان کریستیانن.
 
سەرۆکی گینیا لە ئاداری 2020دا لە گشتپرسییەکی سەرتاسەریدا زۆرینەی دەنگی بۆ خۆبەربژێرکردنەوەی بۆ خولی سێیەم بەدەستهێنا، بەڵام ئەو هەنگاوە لەلایەن نەیارانیەوە رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەوە و دواتریش هەڵبژاردنەوەی لەنێو پەرلەمان بە سەرۆکی وڵات گرژی و ئاڵۆزیی لێکەوتەوە و چەندین کەس لە ئاڵۆزییەکان گیانیان لەدەستدا.
 
کۆندی کە لە ساڵی 2010وە لە دەسەڵاتە، جارێک لە هەوڵی تیرۆرکردن رزگاری بووە و دەتوانێت تاوەکو ساڵی 2030 لە دەسەڵات بمێنێتەوە.