وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: دەبێت هاوپەیمانانمان گوشار بخەنە سەر ئێران بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاڵۆزتر نەکات
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، پەیامیان بۆ ئێران ناردووە و پێیانڕاگەیاندووە پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکە لە بەرژەوەندی تاراندا نییە، راشیگەیاند، ئەوان توانای ئەوەیان هەیە هەر کاتێک لە بەرژەوەندیی ئەوان بێت، پەیام بۆ ئێران بنێرن.
رۆژی دووشەممە، 05-08-2024، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی رۆژانەیدا، سەبارەت بە هەوڵەکانی واشنتن بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رایگەیاند: "بەردەوام لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانمانەوە پەیاممان ناردووە و هانی لایەنەکانمان داوە پەیوەندی بە حکومەتی ئێرانەوە بکەن و پێیرابگەیێنن کە پەرەسەندنی گرژییەکان لە بەرژەوەندیی ئەواندا نییە؛ گوتووشمانە ئەگەر ئێران هێرش بکات، بەرگریی لە ئیسرائیل دەکەین".
میلەر لە وەڵامی چەند پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن، رایگەیاند: "ئێمە بۆ هەموو هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە کە پەیوەندییان لەگەڵ ئێران هەیە، روونکردووەتەوە، پێویستە گوشار بخەنە سەر ئێران هەنگاو بۆ هێوکردنەوەی دۆخەکە بنێت و خۆیشی لە پەرەسەندنی گرژییەکان بەدووربگرێت."
لەبارەی ئەو راپۆرتانەی باسیان لەوە کردووە کە شاندێکی ئەمریکا بە نێوەندگیری عومان لە رێگەی تورکیاوە چوونەتە ئێران، میلەر بە رووداوی گوت: "لەبارەی ئێرانەوە، ئێمە هەمیشە گوتوومانە توانای ئەوەمان هەیە، پەیام بۆ ئێران بنێرین یان پەیامیان پێبگەیەنین، لەوکاتانەی لە بەرژەوەندیمانە."
ئێران لە 13ی نیسانی ئەم ساڵ هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، دوای هێرشەکە رایگەیاند، ئاگادارکردنەوەیەکی گشتیان بۆ هەموو وڵاتان لە نێویاندا ئەمریکا ناردووە کە هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل، بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەو زانیارییەی رەتکردەوە و گوتی: "هەندێ راپۆرت هەیە دەربارەی ئێران چی بە ئێمە گوتووە، کە دواجار هێرشیکردە سەر ئیسرائیل. دواتر دەرکەوت تەواوی ئەو راپۆرتانە راست نەبوون. ئەگەر لەبیرت بێت، حکومەتی ئێرانی هەندێک قسەی کرد دەربارەی پەیامەکانیان بۆ ئێمە، کە بە تەواوی هەڵە بوون. لەبارەی پەیامەکانەوە لێرە قسەیان لەسەر ناکەم، بەڵام تەنیا ئەوە دەڵێم، دەبێت هەمیشە بەگومانەوە تەماشای ئەو راپۆرتانە بکەیت کاتێک باس لەو پەیامانە دەکەن کە بۆ ئێمەیان ناردووە یان نەیانناردووە لە رێگەی لایەنی سێیەمەوە."