رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە، هێڵی ئاسمانیی لوفتهانزای ئەڵمانی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر، بەغدا، عەممان و تاران رادەگرێت.
رۆژی دووشەممە، 5ـی ئابی 2024، هێڵی ئاسمانیی لوفتهانزای ئەڵمانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی دۆخی ناوچەکە و ئەگەری زیادبوونی گرژییەکان، فڕۆکەکانی ناچنە ئاسمانی عێراق و ئێران و لانیکەمیش تاوەکو 7ی ئاب گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەکانی عێراق و ئوردن رادەگرێت.
لە راگەیێندراوەکەی لوفتهانزادا هاتووە: "لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنەکانی ئێستای ناوچەکە، هێڵەکەمان ئاسمانی ئێران و عێراق تاوەکو 7ی ئاب بەکارناهێنێت".
لوفتهانزا ئاماژەی بەوەشکردووە، گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، عەممانی پایتەختی ئوردن تاوەکو 7ی ئاب رادەگرێت.
لەدرێژەی راگەیێندراوەکەدا لۆفتهانزا ئاماژە بەوە دەکات، هەمان رێکار بۆ گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ تەلئەڤیڤ، بەیرووت و تارانیش دەگرێتەبەر، بەڵام ماوەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ئەو شارانە تاوەکو 12ی ئاب دەبێت.
گرووپی فڕۆکەوانیی لوفتهانزا، هەریەک لە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی سویس ئینتەرناشناڵ ئێرلاێنزی سویسرا، هێڵی ئاسمانی نەمساوی و هێڵی ئاسمانی یۆرۆوینگز-ی ئەڵمانی دەگرێتەوە.
ئەم بڕیارەی کۆمپانیای فڕۆکەوانی لوفتهانزا، لەدوای ترسی وڵاتانی رۆژئاوا دێت بەوەی ئێران رەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا، هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل لەدوای کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، لە شەوی 31ی تەممووز لە تاران و بەرپرسانی ئێرانی، ئیسرائیلیان تۆمەتبار کرد بە کوشتنی هەنییە و تائێستاش ئیسرائیل هیچی لەبارەی کوشتنی رانەگەیاندووە.
کوشتنی هەنییەش رۆژێک لەدوای کوشتنی فوئاد شوکر، یاریدەدەری حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتی حیزبووڵڵا لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە هات.
سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل دانی بە کوشتنی ئیسماعیل هەنییەدا نەناوە، چەندین جار لەدوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری پارەوە، بنیامین نەتەنیاهوو رایگەیاندووە، ئەوان حیسابی مردوو بۆ سەرجەم سەرکردەکانی حەماس دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ