رێکخراوی Sea-Eye بۆ رووداو: ئەم ساڵ 659 کۆچبەرمان لە دەریا رزگارکردووە
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوێکی مرۆیی ئەڵمانی بە رووداوی راگەیاند، تەنیا لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا 659 کۆچبەریان لەنێو دەریای نێوەڕاست لە خنکان رزگارکردووە.
کۆنستانزە شۆن، گوتەبێژی رێکخراوی Sea-Eye لە وەڵامی ئیمەیڵێکی رووداودا باس لەوە دەکات، لە سەرەتای دامەزراندییەوە لە ساڵی 2015، رێکخراوەکەیان ژیانی زیاتر لە 17 هەزار کۆچبەری لە دەریا رزگارکردووە کە بەشێکیان خەڵکی عێراق و سووریا بوون.
شۆن دەڵێت، ساڵی 2023 لە 5 گەڕاندا 504 کەسیان رزگارکردبوو.
رێکخراوەکە کە ناوەکەی بە واتەی "چاوی دەریا" دێت، لە سەرەتای دامەزراندییەوە زیاتر لە 70 جار بە هانای کۆچبەرانەوە چووە.
بەربەست و ئاستەنگەکان
گوتەبێژەکە ئاماژە بەوە دەکات، رێکخراوی Sea-Eye رووبەڕووی ژمارەیەک بەربەست و ئاڵنگاری بووەتەوە، بەتایبەتی بەهۆی رێکاری وڵاتانی ئەورووپییەوە، لەوانەش دەرکردنی یاسایەک لە لایەن ئیتاڵیاوە لە ساڵی 2023، کە کەشتییە فریاگوزارییەکان ناچار دەکات دوای رزگارکردنی کۆچبەران، یەکسەر پەیوەندی بە دامودەزگاکانی ئیتاڵیاوە بکەن و ئەو کۆچبەرانە لە بەندەرێکی ئیتاڵیا دابەزێنن، پێش ئەوەی بچن فریای کۆچبەرانی دیکە بکەون، ئەگەرنا دەکرێت بە پێبژاردن یان دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکان سزابدرێن.
یەکێکی دیکە لەو لایەنانەی کە کاری رێکخراوەکانی فریاکەوتنی کۆچبەرانی زەحمەتکردووە، شۆن دەڵێت، پاسەوانی کەناراوەکانی لیبیایە کە "مەترسیی گەورە بۆ ژیانی کۆچبەران و تیمە فریاگوزارییەکان دروست دەکەن."
شۆن بە رووداوی گوت، پاسەوانی کەناراوەکانی لیبیا کە لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە پارەدار دەکرێت، "هەندێ جار بە شێوەیەکی لەڕادەبەدەر دڕندانە و تووندوتیژانە مامەڵە دەکەن، کە ئەوەش بووەتە هۆی مردنی خەڵک."
زەحمەتییە یاسایی و داراییەکان
خەرجی و تێچووەکانی رێکخراوی Sea-Eye لە ساڵی 2023ـدا 2.5 ملیۆن یۆرۆ بووە، واتە هەر گەڕانێکیان نزیکەی 250 هەزار یۆرۆی تێچووە.
رێکخراوەکە پشت بەو پارەیە دەبەستێت، کە بەخشەرەکان و وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا پێی دەدات.
شۆن روونیدەکاتەوە کە رێکخراوەکەیان رووبەڕووی زەحمەتی یاساییش دەبێتەوە، بەتایبەتی لە ئیتاڵیا کە پار کەشتیی SEA-EYE4ـی سەربە رێکخراوەکە بۆ 120 رۆژ دەستی بەسەردا گیرا.
بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگەکانی ئیتاڵیا ئەوەیان بڕاندووەتەوە، کە دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکان نایاساییە.
شۆن دەڵێت، "هەندێ جار لە لایەن دامودەزگەکانی ئیتاڵیاوە هەڕەشەی پێبژاردن و دەستگیرکردنمان لێ دەکرێت."
رێکخراوی Sea-Eye لە کارەکەیدا هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییەکانی دیکەدا دەکات، لەنێویاندا Alarmphone و رێکخراوی پزیشکانی ئەڵمانی، بۆ ئەوەی چارەسەر و پەناگەی گونجاو بۆ کۆچبەرە رزگارکراوەکان دابینبکات.
رێکخراوەکە داوا لە یەکێتیی ئەورووپا دەکات هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی هۆکاری ریشەیی کۆچی نایاسایی بدات. شۆن دەڵێت، "لەبری پەراوێزخستن، ئێمە داوا لە یەکێتیی ئەورووپا دەکەین هۆکاری کۆچکردن چارەسەر بکات."
شۆن ئاماژە بەوە دەکات، "دۆخی کۆچبەران لەنێو دەریا هێشتا زۆر زەحمەت و مەترسیدارە و هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی کۆچبەران. لە ساڵی 2015 چۆن بوو، ئێستاش وایە. هەزاران کەس گیان لەدەستدەدەن."
بەگوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە ساڵی 2014ـەوە لە دەریای نێوەڕاستدا خنکاون یان بێسەروشوێن بوون، 30 هەزار و 40 کەسی تێپەڕاندووە.
داڕشتنەوە: بژار زوبێر