رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی دەڵێت، "بیستوومە ئەمشەو ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە هێرشی دەکرێتەسەر".
دۆناڵد ترەمپ رۆژی دووشەممە، 5-8-2024، لە کاتی گفتوگۆیەک لە بەرنامەیەکی سیاسی کە راستەوخۆ لە پلاتفۆرمەکانی دیجیتاڵ میدیا پەخش دەکرێت، ئەو قسەیەی کردووە. بەرنامەکە لەگەڵ ئەیدن رۆز، کەسایەتی ناوداری سۆشیال میدیا بووە.
لە دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران، ئێران پەنجەی تۆمەتی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی ئەو کارەی دا.
ئەم هۆشداریەی ئێران لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە، 4ی ئەم مانگە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ئۆنڵایندا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی گرووپی حەوت، رایگەیاندووە رەنگە ئێران لە 24 بۆ 48 کاژێری داهاتوودا هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، بەڵام بلینکن راینەگەیاندووە شێوازی هێرشەکەی ئێران چۆن دەبێت.
بەگوێرەی دیپلۆماتکارێک کە زانیاریی لەسەر کۆنفرانسە ئۆنڵاینەکە پێدراوە، رایگەیاندووە بلینکن بە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوتی راگەیاندووە ئەگەر هێرشەکەی ئەمجارەی ئێران هاوشێوەی هێرشەکەی مانگی نیسانی رابردوو بێت، ئەوا هیچ ئومێدێک بۆ گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و ئێران نامێنێت.
دۆناڵد ترەمپ بەردەوام رەخنە لە ئیدارەی بایدن دەگرێت کە نەیتوانی رێگری لە شەڕی غەززە و هەروەها شەڕی ئۆکراینا بکات. راشیگەیاندووە ئەگەر ئەو سەرۆکی ئەمریکا بووایە هیچ کام لەو شەڕانە روویان نەدەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ