سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆ خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەی: رووبەڕووی بەرپرسیارێتیتان دەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەبارەی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی هۆشداریدایە راستڕۆکان و گوتی، "پەشیمان دەبنەوە و رووبەڕووی بەرپرسیارێتیان دەکەینەوە."
رۆژی یەکشەممە 04-08-2024، چەندین خۆپیشاندەری راستڕۆی بەریتانی لەژێر درووشمی "ئیدی بەسە" لە شارۆچکەی وەیمس لە باشووری بەریتانیا خۆپیشاندانیان کرد. دوای کەمێک لە دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکە، گرژی لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزەکانی پۆلیس دروستبوو.
کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، "ئەو راستڕۆ تووندڕۆیانەی پشێوییان ناوەتەوە، پەشیمان دەبنەوە". ستامەر پشێوییەکەی بە "خراپترینی 13 ساڵی رابردووی بەریتانیا" ناوبرد.
رۆژی 29-07-2024، گەنجێکی تەمەن 17 ساڵ لە شاری ساوسپۆرت لە بەریتانیا، هێرشی کردە سەر ناوەندێکی فێرکردنی سەما و یۆگا. کوڕەکە لە وەیڵز لەدایکبووە، بەڵام دایک و باوکی رواندایین و لە هێرشەکەدا بە چەقۆ 3 منداڵی کوشت و 10ـی دیکەی بریندارکرد.
ئەو رووداوە بووە هۆی ئەوەی راستڕۆ دژەکۆچبەرەکان بڕژێنە سەر شەقام و لە چەندین شوێن دژایەتیی خۆیان بۆ کۆچبەران دەربڕن.
کیەر ستامەر کە نزیکەی مانگێکە ئەو پۆستەی وەرگرتووە، رووی قسەکانی کردە تووندڕۆیەکان و گوتی، "گەرەنتیتان دەدەمێ لەو پشێوی و هەرایەی دروستتان کردووە پەشیمان دەبنەوە، ئینجا چ ئەوانەی بە راستەوخۆ بەشداری دەکەن یان ئەوانەی بە ئۆنلاین هانی خۆپیشاندان دەدەن و دواتر رادەکەن."
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی، "هیچ رەوایەتییەک بۆ چەتەگەریی راستڕۆ تووندڕۆکان نییە. بەڵێن دەدەین تاوانباران رووبەڕووی بەرپرسیاریێتی دەکەینەوە."
هەر دوێنێ، چەندین دژەکۆچبەر بە ماسکەوە هێرشیان کردە سەر هۆتێلێکی تایبەت بە پەناخوازان لە رۆتردام، باشووری یۆرکشێر لە بەریتانیا.