دوو سەربازی ئەرمینیا و سەربازێکی ئازەربایجان لە پێکدادانە نوێیەکانی ناگۆرنۆ قەرەباخ دەکوژرێن

05-08-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
 سەربازێکی ئازەربایجان لە سەنگەرێکدا لە هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ. وێنە: AFP
سەربازێکی ئازەربایجان لە سەنگەرێکدا لە هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ. وێنە: AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

درۆنێکی ئازەربایجان پێگەی هێزەکانی ئەرمینیای لە هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ کردە ئامانج. هێزەکانی ئەرمینیا دەڵێن، لە ئەنجامی بۆردوومانەکە، دوو سەربازیان کوژراون و 14ـی دیکەش برینداربوون. وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجانیش دەڵێت، ئەم هێرشە لە تۆڵەی کوژرانی سەربازێکیاندا بووە. 
 
ئانار ئیڤازۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان رایگەیاند، "لە 3ـی ئاب، هەندێک لە ئەندامە نایاساییەکانی گرووپە چەکدارەکانی ئەرمینیا لەنێو خاکی ئازەربایجان، لەو شوێنەی کە هێزە ئاشتیپارێزەکانی رووسیا بەشێوەیەکی کاتی جێگیرکراون، بەشێوەیەکی مەترسیدار رێککەوتنی ئاگربەستی 10ـی تشرینی دووەمی 2020یان پێشێلکرد و کاری تیرۆرستیان دژی یەکەکانی سوپای ئازەربایجان کرد."
 
لە بەرامبەردا، سەرۆکە ئەرمەنییەکەی کۆماری دانپێدانەنراوی ناگۆرنۆ قەرەباخ دەڵێت، ئاگربەستەکە لەلایەن هێزەکانی ئازەربایجانەوە پێشێلکراوە.
 
ئارایک هاروتیونیان، سەرۆکی کۆماری دانپێدانەنراوی ناگۆرنۆ قەرەباخ باسی لەوە کرد، "لە 1ـی ئابەوە، هێرشەکانی هێزە چەکدارەکانی ئازەربایجان بە ئاراستەی جیاجیا و لە هێڵەکانی بەیەکگەیشتن، دۆخێکی زۆر گرژیان دروستکردووە. پێویستە بڵێم کە ئەم کردارانەی ئازەربایجان پێشێلکاریی گەورەن دژی رێککەوتنی سێقۆڵیی ئاگربەست."
 
ناگۆرنۆ قەرەباخ هەرێمێکی ناکۆکی لەسەری نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیایە. لە بنەڕەتدا بەشێک بوو لە خاکی ئازەربایجان، بەڵام دانیشتووانە ئەرمەنییەکانی لە ساڵی 1991 سەربەخۆیی و جیابوونەوەی خۆیان لە ئازەربایجان راگەیاند. 
 
ئەرمینیا و ئازەربایجان لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو و ساڵی 2020، دوو جەنگی خوێناوییان لەسەر هەرێمەکە کردووە. بەشێکی ناگۆرنۆ قەرەباخ لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئازەربایجانە و بەشێکی دیکەشی لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەرمینیادایە. 
 
پێکدادانەکەی رۆژی چوارشەممە، دوای پەیوەندیێکی تەلەفۆنیی نێوان نیکۆل پاشنیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا و ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا هات. رووسیا کە بۆ پاراستنی ئاگربەست، 2000 سەربازی ئاشتیپارێزی لە هەرێمەکە جێگیرکردووە، پێشێلکردنی ئاگربەستەکە دەخاتە ئەستۆی ئازەربایجان. 
 
ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپاش داوای راگرتنی دەستبەجێی گرژییەکان دەکەن و هۆشداری لە دووبارەبوونەوەی جەنگێکی هاوشێوەی دوو ساڵ لەمەوبەر دەدەن کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 6 هەزار و 500 کەس.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مزگەوتێکی هەولێر؛ وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

توێژینەوەیەک: 85%ـی هاونیشتمانییانی باشووری کوردستان و هاووڵاتییانی عێراق رۆژانە نوێژ دەکەن

نزیکەی 98%ـی دانیشتووانی ئیندۆنیزیا پێیانوایە ئایین لە ژیانی رۆژانەدا زۆر گرنگە و 95%یشیان دەڵێن، رۆژانە نوێژ دەکەن. ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانی بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپاش باس لەوە دەکەن، ئایین لە ژیانی رۆژانەدا بەلایانەوە گرنگ نییە.