حیزبوڵڵای لوبنان تۆمەتباردەکرێت بە فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر بە بەهای 1.1 ملیار دۆلار

 
رووداو دیجیتاڵ

لێکۆڵەرە ئیتاڵییەکان ماددەی هۆشبەریان لەناو کەشتییەکدا دۆزییەوە کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گوازراوەتەوە بۆ ئیتاڵیا. دوای لێكۆڵینەوە دەرکەوت ئەو ماددەیە لەلایەن گرووپە چەکدارییەکانی سووریاوە نێردرابوو.
 
لە سەرەتای مانگی رابردوودا کەشتییەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گەیشتە کەناری سالیرمۆ لە ئیتاڵیا. پۆلیسی لێکۆڵینەوەی ئیتاڵیا دوای پكشنین بۆیاندەرکەوت بڕێکی زۆر لە حەبی ئەمفیتاماین لەناو شتومەکی سەر کەشتییەکدا شاردرابوویەوە.
 
سەرەتا پێیانوابوو ئەو حەبانە لەلایەن چەکدارەکانی سەر بە داعشەوە نێردراوە؛ بەڵام دوای چەند هەفتەیەک لە لێکۆڵینەوە ئێستا باس لەوە دەکرێت گرووپە چەکدارییەکانی ناو سووریا ئەو ماددەیان ناردووەتە ئیتاڵیا.
 
ماددەکە بەشێوەی حەب ئامادەکراوە و هەمووی ماددەی ئەمفیتاماینی تێدایە کە ماددەیەکی هۆشبەرە و بە قاچاخ دەفرۆشرێت. ئەمفیتاماین وەکو پاڵنەرێکی خێرای هاتووچۆی خوێن خێرایی گەیاندنی پەیامی مێشک بۆ جەستە بەرزدەکاتەوە.
 
پۆلیسی ئیتاڵیا دەڵێت کەشتییەکە نزیکەی 84 ملیۆن حەبی ئەمفیتاماینی تێدابووە کە نرخەکەی لە بازاڕی رەشدا بە یەک ملیار و 100 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.
 
بەرپرسانی هەواڵگریی ئیتاڵی ئاشکرایان کردووە، ئەو حەبانە لە سووریاوە هاتوون و لە بەندەری لازقیەوە گواستراونەتەوە؛ بەلای ئەوانیشەوە لازقیە ناوەندی کارە قاچاخەکانی حیزبوڵڵایە.
 
هەرچەندە هێشتا بەڵگەی تەواو لەبەردەستدا نییە کە ئایا حیزبوڵڵا راستەوخۆ لە گواستنەوەی ئەو ماددەیە بەرپرسە یان نا، بەڵام شوێنی بارکردنی ماددەکان لەژێر دەسەڵاتی حیزبوڵڵادایە، لێکۆڵینەوەکانی پێشووتریش ئاماژەیان بەوە کردووە کە گرووپی چەکداریی حیزبوڵڵا لایەنێکی چالاکی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەرن لە سووریاوە بۆ ئیتاڵیا.
 
شرۆڤەکارانی بواری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێن، کێشە ئابوورییەکانی لوبنان و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا وایانکردووە لە چەند مانگی رابردوودا حیزبوڵڵا دەستی بکرێتەوە لە بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر لە لوبنان و سووریاوە بۆ ئەوروپا.
 
هەروەها دەشڵێن ماددەی جۆری کاپتاگۆن یەکێکە لەو ماددانەی کە حیزبوڵڵا لە 10 ساڵی رابردوودا کاری لەسەر کردووە و ناردوویەتی بۆ ئەوروپا؛ ئەمەش بووەتە سەرچاوەیەکی دارایی ئەو گرووپە.
 
رۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری شرۆڤەکارێکی ئەمنیی ئەمریکییەوە بڵاویکردووەتەوە، حیزبوڵڵا بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە سەرچاوە داراییەکانی کەمیکردووە و لە 10 ساڵی رابردووشدا بە فراوانی کاری لەسەر دروستکردنی ماددەی کاپتاگۆن کردووە و بە قاچاخ گواستوویەتیەوە.
 
مانگی رابردووش پۆلیسی ئیتاڵیا دەستی بەسەر بڕێکی زۆر لە کاپتاگۆندا گرت و ئەوانەشی کە بە تۆمەتی گواستنەوەی دەستگیرکرابوون، پەیوەندییان بە حیزبوڵڵاوە هەبووە.
 
هەروەها لە مانگی شووباتی رابردووشدا، لە ئیمارات پێنج تەن حەبی کاپتاگۆن دەستی بەسەردا گیرا و لە سعودیە، میسر، ئوردن و یۆنانیش بە هەمان شێوە چەندن تۆن لە حەبی کاپتاگۆن و ئەمفیتاماین دەستیان بەسەردا گیراوە.
 
ئینتەرپووڵیش هۆشداریی دابوو لەوەی حیزبوڵڵا دەستی لە دروستکردن و گواستنەوەی ئەو ماددانەدا هەیە. جگە لەوەش لە مانگی حوزەیراندا جارێکی دیکە ئینتەرپووڵ ئاماژەی بەوە کرد کە حیزبوڵڵا دەستیکردووە بە کاری قاچاخچێتی لە بواری ئەڵماسدا و بۆ وڵاتانی ئەوروپای دەگوازنەوە.
 
شرۆڤەکارە ئەمننییەکانی ئەمریکاش دەڵێن، ئێران هاوکاریی حیزبوڵڵا دەکات و هەردوولا پێکەوە کاریانکردووە، تەنانەت چەند جارێک بۆ ئەو مەبەستە هەماهەنگییان لەگەڵ داعش کردووە.
 
جۆن فێرناندز، بەرپرسی ناوەندی ئەمریکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر دەڵێت"کاتێک پرسەکە پەیوەندیی بە پارەپەیداکردنەوە هەیە، حیزبوڵڵا گرنگی بە کێشە تایفییەکان و جیاوازییە ئایینییەکان نادات، ئێمە دەزانین ئەوەیان لەگەڵ میلیشیا سونییەکان، مەسیحییەکان و تەنانەت لەگەڵ جووەکانیش کردووە، ئەوانەی لەو بوارەدا کاری قاچاخ دەکەن".
 
ماتیو لۆڤیت، بەرپرسی پێشوو لە ئێف بی ئای دەڵێت، حیزبوڵڵا لەدوای دروستبوونی و جیابوونەوەی لە هێزی چەکداریی لوبنان، دەستیکردووە بە قاچاخچێتیی ماددە هۆشبەرەکان و ئێستاش پەیوەندییان لەگەڵ بازرگانەکانی ئەمریکای لاتین دروستکردووە.
 
ئەمریکاش بانکەکانی لوبنان بەوە تۆمەتباردەکات کە پارە بۆ سەرکردەکانی حیزبوڵڵا سپیدەکەنەوە.
 
ئەو بەرپرسەی ئێف بی ئای دەشڵێت، لەدوای شەڕی 2006 لەنێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل، ئێران دەستیکردووە بە ناردنی کەرەستەی دەرمانسازی بۆ حیزبوڵڵا و ئەوانیش سوود لەو کەرەستەیە وەردەگرن بۆ دروستکردنی ماددەی هۆشبەر کە لە شێوەی حەبدا دروستی دەکەن.