ستامەر: لە ئەمڕۆوە راستەوخۆ دەست بە گۆڕانکاری دەکەین

05-07-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا لە یەکەم گوتاریدا رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە گۆڕانکاری راستەوخۆ دەستپێدەکەن و متمانەی خەڵکی بە حکومەت چاکدەکەنەوە.
 
کەمێک لەمەوبەر، کیەر ستامەر لەلایەن شا چارلزی سێیەمەوە وەکو سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا دەستبەکاربوو.
 
کیەر ستامەر، هەروەها گوتی، "داوای شا چارڵزم قبووڵ کرد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ... بۆشایی نێوان خەڵک و دەسەڵات گەورە ببوو".
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "بێ متمانەیی خەڵکەکەمان تەنیا بە کردار چاک دەبێتەوە... ژێرخانی دەرفەتەکان بۆ چینی کرێکاران بوونیاتدەنێینەوە... لە ئێستا بەدواوە، حکومەتێکتان هەیە کە خۆی بۆ خزمەتکردنتان تەرخان دەکات. وڵاتەکەمان یەکدەخەینەوە و بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ دەبین".
 
ستامەر داوای لە لایەنەکانی دیکە کرد بچنە نێو حکومەتەکەیەوە و گوتی، "کاری ئێمە بەپەلەیە و لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات".
 
 
شەش هەنگاوی یەکەم
 
بەگوێرەی کەمپەینی هەڵبژاردنەکەی، ستامەر ئەم شەش هەنگاوەی داناوە تاوەکو لە سەرەتادا ئەنجامیان بدات:
 
1- سەقامگیرکردنی دۆخی ئابووری
 
2- نەهێشتنی چاوەڕوانی لە نەخۆشخانەکان دا
 
3- دانانی یاسای نوێ بۆ ئاسایشی سنوورەکان
 
4- کردنی بەریتانیا بە رابەرێکی تەکنەلۆجی
 
5- کەمکردنەوەی تاوانی سەر شەقامەکان
 
6- دامەزراندنی 6,500 مامۆستای نوێ
 
رۆژی پێنجشەممە، 4ـی تەممووزی 2024، زیاتر لە 46 ملیۆن کەس لە ئینگلاند، سکۆتلاند وێڵز و ئایرلاندی باکوور مافی دەنگدانیان هەبوو بۆ ئەوەی 650 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا بۆ پێنج ساڵی دیکە هەڵبژێرن.
 
گرانی، خاوبوونی گەشەی ئابووری، خراپی خزمەتگوزاریی تەندروستی و ژێرخان، خەڵکیان لە پارتی پارێزگاران توڕە کردووە. 
 
لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی بەریتانیا دا دوو ژنی کورد بەربژێر بوون؛ یاسەمین ئەترووشی، بە رەچەڵەک خەڵکی باشووری کوردستان لەسەر پارتی پارێزگاران بەربژێر بوو، بەڵام دەرنەچوو. هاوکات، فێریاڵ کلارک خەڵکی مەلەتیی باکووری کوردستانە لە بازنەی باکووری ئینفیڵد بەربژێر بوو لەسەر پشکی پارتی کار، فێریاڵ دەنگی یەکەمی بازنەکەی بەدەستهێناوە و کورسییەکەی مسۆگەر کرد. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە