نەمسا؛ لە مۆتزارتەوە بۆ چەقی دیپلۆماسییەتی جیهان

03-07-2024
لهۆن نەسرەدین
دیمەنێکی ڤیەننای پایتەختی نەمسا.
دیمەنێکی ڤیەننای پایتەختی نەمسا.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

جۆزێف هایدن، ڤۆلڤانگ مۆتزارت، هەندەرڤاسەر و دەیان ئاوازدانەر و وێنەکێشی دیکە لە دایکبووی نەمسان. جێ پەنجەیان بە زەقی لە موزیک و هونەری جیهانی  جێهێشتووە. ئەوان بەشێكن لە کۆمەڵێک فاکتەری دیکە کە بوونەتە هۆی بەرز راگرتنی پێگەی نەمسا لە ئەورووپا و تا رادەیەکی زۆریش جیهان.
 
ئاندریاس هێرس، شارەزای هونەری دەڵێت: "هەندەرڤاسەر کەسێكی تایبەت بوو، کارەکانی تەنیا کاریگەرییان لەسەر نەمسا جێنەهێشتووە بەڵکو هاوشێوەی موزیکدانەر و هونەرمەندانی دیکەی ئەم وڵاتە، خاڵێكی وەرچەرخانیان لە هونەری جیهان تۆمار کردووە".
 
لە مۆزەخانە و هونەر، تاوەکو ئەم گۆشتە کاڵباسەی ڤییەننا کە پاتریک تەمەن 35 ساڵ و سەتان خاوەن رێستورانتی دیکە  هەوڵدەدەن لە لیستی میراتی کولتووری ئاژانسی یونیسکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆماری بکەن. کەم وڵاتی ئەورووپا هەن وەک نەمسا خاوەن چێشتخانەیەکی فرەڕەنگ بن.
 
ڤییەننای بچووک بە رووبەر، گەورە بە پێگە و شوناس؛ بۆ ناوەندی دیپلۆماسیی گرنگی جیهان گۆڕدراوە.
 
لە هۆتێلە پێنج  ئەستێرەکانی هەستیارترین گفتوگۆی تایبەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران کران و رێککەوتنی ئەتۆمی واژۆکرا.
 
بنکەی سەرەکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە ڤییەننایە. لەوێوە رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسەکە سیاسەتی ئەتۆمیی زلهێزەکان بە گوێی جیهاندا دەدات.
 
رافائێل گرۆسی دەڵێت: "ئێران و بەرپرسانی ئێرانی هەمیشە بە منیان گوتووە دەمانەوێت وەک وڵاتێکی ئاسایی مامەڵەمان لەگەڵدا بکرێت، لە 20 ساڵی رابردوودا ئێمە و ئەوان لەم ڤییەننایە گفتوگۆی تایبەت بە رێککەوتنی ئەتۆمیمان کردووە و هێشتا متمانەی پێویست بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان دروست نەبووە، دروستکردنی ئەو متمانەیە لە پلەی یەکەم ئەرکی ئێرانە".
 
نەمسا لە ساڵی 1955ـەوە بێلایەنیی خۆی راگەیاندووە، ئەوەش وایکردووە ببێتە شوێنێکی خوازراو بۆ دانوستاندن و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان.
 
لە ساڵی 1961 پەیماننامەی ڤییەننا تایبەت بە رێكخستنی پەیوەندییە دیپلوماسییەکان واژۆکرا و تاوەکو ئێستاش بە نەخشەڕێی چارەسەری بەشێکی بەرچاوی کێشە نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت.
 
کاتێک کە رێکخراوی ئۆپیک تایبەت بە وڵاتانی هەناردەکاری نەوت بڕیاری دامەزراندنی بنکە سەرەکییەکەی دا، ڤییەننای نەمسای هەڵبژارد، چونکە تاکە وڵاتی ئەوروپا بوو رازی بوو پارێزبەندی بداتە وڵاتە ئەندامەکانی، بەخشینێك بوو پێشتر سوێسرا رەتیکردبووەوە.
 
لە تشرینی دووەمی 2015وە، ڤییەننا وەک یەکەم و تاکە سەکۆی فەرمی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو تایبەت بە گفتوگۆی ئاشتی سووریا.
 
لە 1975ـەوە بنکەی سەرەکی رێکخراوی ئاساییش و پێکەوەکارکردنی ئەورووپا (OSCE) لە ڤییەننایە.
 
زیاتر لە 44 ساڵە، ڤییەننا باوەشی بۆ یەکێک لە چوار گەورە نووسینگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووەتەوە.
 
سەرووی 130 نوێنەرایەتی دیپلوماسی؛ زیاتر لە 40 رێکخراوی نێودەوڵەتی؛ نزیکەی 10 هەزار دیپلۆماتکار و بەرپرسی نێودەوڵەتی لە ڤییەننا، ئەو وڵاتەیان بۆ سەکۆی دیپلوماسییەتی جیهان گۆڕیوە. 
 
هەرێمی کوردستان بە باشی لە گرنگیی ڤییەنا و سەکۆ نێودەوڵەتییەکانی تێگەیشتووە.
 
بەکر فەتاح، باڵیۆزی عێراق لە نەمسا دەڵێت: "هەندێ کۆمپانیا هەن. وەکو کۆمپانیای وەبەرهێنان کە لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش کار دەکەن، وا چاوەڕوان دەکرێت لە 10 ساڵی ئاییندەدا کۆنفرانسێکی گەورەی ئابووری ببەسترێت و وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ نەمسا بەشداری تێدا بکەن. ئەوەش هەنگاوێکی گەورە دەبێت. چونکە ئێستا نەمساییەکان چاویان لەوەیە کە وەبەرهێنانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر بکەن." 
 
سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای نەمسا؛ خاڵێکی گرنگ بۆ لیستی بەرژەوەندی و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی کورد و هەرێمی کوردستان زیاد دەکات.
 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.