ئەڵمانیا؛ بۆ یەکەمجار فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی رادەگەیێندرێت

05-07-2024
رووداو @Rudawkurdish
دوو لە دامەزرێنەرانی فیدراسیۆنەکە لە ستۆدیۆی رووداو میوانن
دوو لە دامەزرێنەرانی فیدراسیۆنەکە لە ستۆدیۆی رووداو میوانن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سبەی لە شاری کوێلنی ئەڵمانیا رووداوێکی گرنگ روودەدات؛ بۆ یەکەمجار لە مێژووی دیاسپۆرادا فیدراسیۆنێک رادەگەیێندرێت کە کاری بایەخدانە بە زمانی کوردی.
 
"فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی لە دیاسپۆرا" ناوی دامەزراوەکە دەبێت، دوو لە دامەزرێنەرانی لە ستۆدیۆ میوانی دیاسپۆرا بوون، کە هەریەکە لە خوناڤ حاجۆ و فەهمی کاکەیی، دوو لە دەستەی بەڕێوەبردنی فیدراسیۆنەکەن.
 
سەرەتا مامۆستا خوناڤ حاجۆ روونیکردەوە، رۆژی شەممە 06-07-2024 لە شاری کۆیڵن لە ئەڵمانیا کاژێر 04:00ی ئێوارە کۆبوونەوەی پێکهێنانی فیدراسیۆنەکە بە ئامادەبوونی 80 کەسی پسپۆڕ و خەمخۆری زمانی کوردی لە هەموو وڵاتانی ئەورووپا دەستپێدەکات، گوتی "لە کۆبوونەوەکەدا بە فەرمی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی رادەگەیێنین و دەستەیەکی بۆ دروست دەکرێت، کە لە 10 کەس پێکدێن و ئامانج و کاری سەرەکیی پاراستن و گرنگیدانە بە زمانی کوردی لە دیاسپۆرا."
 
خوناڤ حاجۆ گوتیشی، "دروستکردنی فیدراسیۆنەکە گرنگ و پێویست بوو، چونکە تەنیا لە ئەڵمانیا زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار کورد دەژین، ئەمە جگە لە وڵاتانی دیکەش، بۆیە فیدراسیۆنەکە بە جیددی هەوڵی پاراستنی زمانی کوردی لە دیاسپۆرا دەدات."
 
خوناڤ حاجۆ ئاماژەی بەوەش دا، حکومەتی ئەڵمانیا رێگەیان پێدەدات پارێزگاری لە زمانی کوردی بکەن، ئەوانیش وەکو فیدراسیۆن دەیانەوێت دایک و باوکان هان بدەن بۆئەوەی منداڵەکانیان ببەنە بەر خوێندنی زمانی کوردی.
 
خوناڤ کە چەندین ساڵە مامۆستای زمانی کوردییە لە ئەڵمانیا، باسی لەوەش کرد، "سوێد باشترین مۆدێلی پاراستنی زمانی دایکە لە جیهان، دەمانەوێت مۆدێلی سوێد لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپا دروستبکەین."
 
لای خۆیەوە مامۆستا فەهمی کاکەیی رایگەیاند، سبەی ئامانجەکانی فیدراسیۆنەکە بە فەرمی رادەگەیێندرێت و دەڵێت، "ماوەیەکی زۆرە خەریکی دروستکردنی فیدراسیۆنەکەین، بەو هۆیەشەوە ئامارێکمان لە وڵاتانی ئەورووپی کۆکردووەتەوە کە چەند مامۆستا و خوێندکاری کورد هەن."
 
سەبارەت بە خەرجییەکانی فیدراسیۆنەکە، مامۆستا فەهمی کاکەیی گوتی، "وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی پێداوین هاوکاریی ماددیمان بکات، ئێستا نزیکەی 500 مامۆستامان هەیە بۆ زمانی کوردی."
 
سوێد وڵاتێکە لە جیهاندا کە پێشەنگە لە پاراستنی زمانی دایک بۆ هەموو ئەو نەتەوانەی تێیدا دەژین، فەهمی کاکەیی کە خۆی دانیشتووی سوێدە، لەو بارەیەوە دەڵێت، "سوێد 60 ساڵە گرنگی بە زمانی دایک دەدات، بەڵام خوێندنی زمانی دایک تاوەکو ئێستا ئیختیارییە، ئێستا دەمانەوێت فێربوونی زمانی دایک ببێتە فەرمی و ناچاری، چونکە بەشێک لە دایک و باوکان لە ئەورووپا وا بیردەکەینەوە ئەگەر رۆڵەکانمان بە زمانی کوردی بخوێنن، ئەوا ناتوانن زمانەکانی دیکە بە باشی فێرببن، کەچی پێچەوانەکەی راستە."
 
مامۆستا فەهمی ئامارێکی بۆ فێربوونی زمانی دایک لە سوێد ئاشکرا کرد و گوتی، "ئێستا نزیکەی 16 هەزار قوتابی لە سوێد لە قۆناخی بنەڕەتی بە زمانی دایک دەخوێنن، واتە نزیکەی 49%ی ئەوانەی کە مافی خوێندنی زمانی دایکیان هەیە، بە زمانی دایکیان دەخوێنن، بەڵام رێژەکەی لەچاو ساڵی رابردوو 7% کەمیکردووە،" هۆکارەکەیشی گەڕاندەوە بۆ حکومەتی راستڕۆی ئێستا کە هاوکار نییە بۆ خوێندنی زمانی دایک لەو وڵاتە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە