گەندەڵییەک لە بەیرووت ئاشکرا بووە؛ کێشە بۆ بەشێک لە کۆچبەرانی کوردستان دروستدەکات کە چوونەتە ئەڵمانیا

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەوانەی لە کوردستانەوە دەیانەوێت بچنە ئەڵمانیا و مەرجی زانینی زمانیان بۆ دانراوە، دەبێت ئاگاداربن کە هەر کەسێک لە بەیرووت بڕوانامەی زمانی ئەڵمانیی وەرگرتبێت، مەرج نییە مافی مانەوە وەربگرێت. لەوێ گەندەڵییەک ئاشکرا بووە و کێشەی بۆ ئەو خاوەن بڕوانامانە دروستکردووە.
 
ئەگەر هاونیشتمانییەک بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی زمانی ئەڵمانی چووبێتە لقی ئەنستیتیوتی گۆتە لە لوبنان، زۆر گرنگە کە ئاگاداری ئەوە بێت، لە رۆژانی رابردوودا ئاشکرا بووە کە 449 کەس لە بەیرووت بە شێوەی نایاسایی و بە ساختەکاری بڕوانامەی زمانی ئەڵمانییان وەرگرتووە؛ ئەوەش کێشە بۆ ئەو کەسانە دروست دەکات کە لەو ئەنستیتیوتە بڕوانامەی زمانی ئەڵمانییان بەدەستهێناوە.
 
وەکو ئەنستیتیوتی گۆتە رایگەیاندووە، دوو کارمەندیان لە لوبنان بە شێوەی نایاسایی چوونەتە نێو سیستمەکەیان و بڕوانامەی زمانیان بە خەڵک فرۆشتووە.
 
لەو 449 کەسە، 245 کەسیان ڤیزای ئەڵمانیایان لەسەر بنەمای ئەو بڕوانامانە پێدراوە و چوونەتە ئەو وڵاتە و لەوێ مافی مانەوەیان وەرگرتووە.
 
ئەڵمانیا بۆ ئەوانەی، بۆ نموونە بۆ یەکخستنەوەی خێزان یان کار دەیانەوێت بچنە ئەو وڵاتە، داوای بڕوانامەی زمانی ئەڵمانی دەکات. هێشتا دیار نییە چارەنووسی ئەوانەی ڤیزاکەیان لە لوبنان وەرگرتووە و چوونەتە ئەڵمانیا چی دەبێت.