بوومەلەرزە سیاسییەکەی بەریتانیا بە قازانجی ئەو کۆچبەرانەیە هەڕەشەی ناردنیان بۆ رواندا لەسەر بوو

 
رووداو دیجیتاڵ

لە بەریتانیا بوومەلەرزەیەکی سیاسی روویدا لە قازانجی کۆچبەران، بەتایبەتی ئەو کۆچبەرانەی هەڕەشەی ناردنیان بۆ رواندا لەسەر بوو.
 
هەرچەندە چاوەڕوانکراو بوو، بەڵام هەموو ئەوانەی چاودێریی هەڵبژاردنەکانی بەریتانیایان کردووە دەڵێن، ئەوەی دوێنێ روویدا "بوومەلەرزە" بوو. بوومەلەرزەیەک کە وایکرد ئەمڕۆ ریشی سووناک، رێبەری پارتی پارێزگارەکان و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، دەست لە سەرکردایەتیی پارتەکەی بکێشێتەوە.
 
ریشی سووناک بۆ کۆچبەرانی کورد لە بەریتانیا ناوێکی ناسراوە، ناوێک کە مانگەکانی رابردوو کۆچبەرانی بە لێدوانەکانی رادەچڵەکاند و نادڵنیاتری دەکردن سەبارەت بە ئاییندەیان.
 
تاوەکو دوێنێش سووناک مەترسییەکی گەورەی لەسەر کۆچبەرانی کورد و کۆچبەرانی دیکە لە بەریتانیا هەبوو، کە بیاننێرێتە رواندا؛ رواندایەک کە خۆی نێوبانگێکی بە کێشەی هەیە لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ و لەسەر سنوورەکانیشی جەنگی ماڵوێرانکەر هەڵساون.
 
ئەمڕۆ وەکو دوێنێ نییە؛ پارتی کرێکاران زۆرینەی رەهای کورسییەکانی پەرلەمانی بەریتانیای هێناوە؛ ئەو پارتە لە سەرەتاوە رایگەیاندووە کە بڕیاری ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا هەڵدەوەشێنێتەوە و ناهێڵێت جێبەجێ بکرێت.