لە دوو بەربژێری کورد، یەکێکیان کورسیی پەرلەمانی بەریتانیای بردەوە

رووداو دیجیتاڵ 

دوو بەربژێری کورد بۆ پەرلەمانی بەریتانیا لەسەر هەردوو پارتی پارێزگاران و کار خۆیان بەربژێر کردووە، یەکێکیان کە خەڵکی هەرێمی کوردستانە کورسییەکەی لەدەستدا و ئەوی دیکەیان کورسییەکەی بردەوە. 
 
یاسەمین ئەترووشی، تەمەن 29 ساڵ کوردێکی دانیشتووی بەریتانیایە و لەوێ لەدایکبووە. ئەو لە بازنەی باکووری وێرینگتن لەسەر پشکی پارتی پارێزگاران بەربژێر بوو، هەرچەندە 6 هەزار و 486 دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام کورسییەکەی لەدەستدا و دەرنەچوو. 
 
بەربژێرێکی دیکەی بە بنەچە کورد ناوی فێریاڵ کلارکە. تەمەنی 45 ساڵە و خەڵکی مەلەتیی باکووری کوردستانە لە بازنەی باکووری ئینفیڵد بەربژێر بوو لەسەر پشکی پارتی کار، فێریاڵ دەنگی یەکەمی بازنەکەی بەدەستهێناوە و کورسییەکەی مسۆگەر کرد. 
 
فێریاڵ کلارک، بەربژێری پارتی کار لە بازنەی باکووری ئینفیڵد، بۆ جاری دووەم لە بازنەکەی خۆی سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بووەوە ئەندامی پەرلەمان. ژمارەی دەنگەکانی فێریاڵ 21 هەزار و 368 دەنگ بوون.
 
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی گشتیی بەریتانیا، پارتی کار گەورەترین سەرکەوتنی لە مێژووی پارتەکە بەدەست هێنا و بەجیاکردنەوەی 90٪ی دەنگەکان؛ 394 کورسی یەکلاکردووەتەوە و بەمەش زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
 
رۆژی پێنجشەممە، 4ـێ تەممووزی 2024، یاسەمین ئەترووشی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "من یەکەم بەربژێری کوردم بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان نوێنەرایەتیی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا دەکەم. من خۆم لە بەریتانیا لەدایکبووم و گەورەبووم. بەڵام شانازی بە پاشخانە کوردییەکەمەوە دەکەم."
 
باوکی یاسەمین، خەڵکی دهۆکە و پزیشکە. دایکیشی خەڵکی کۆیەیە و دەرمانسازە. یاسەمین، خۆیشی دەرچووی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانیایە. 
 
لە هەڵبژاردنی پێشووی بەریتانیا کە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو؛ دوو کورد توانییان بچنە پەرلەمان. ئەوانیش فێریاڵ کلارک و نەدیم زەهاوی بوون. زەهاوی لەسەر پارتی پارێزگاران چووە پەرلەمان و دواتر پۆستی باڵای لە حکومەت پێیدرا.
 
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، چاوەڕێ دەکرێت زۆرترین ژن لەم خولەی پەرلەمانی بەریتانیا ببنە پەرلەمانتار، کە تائێستا 242 ژن کورسیی خۆیان لە پەرلەمان مسۆگەر کردووە.