سەرۆکی پارتی کاری بەریتانیا: بردمانەوە

05-07-2024
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کەیر ستامەر، سەرۆکی پارتی کاری بەریتانیا بردنەوەی پارتەکەی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی بەریتانیا راگەیاند دوای ئەوەی پارتەکەی تاوەکو ئێستا 410 کورسیی بەدەستهێناوە. 
 
بۆ بردنەوەی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان پارتەکان پێویستیان بە بردنەوەی 326 کورسییە.
 
تەواوی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی بەریتانیا 650 کورسین. 
 
تاوەکو ئێستا ئەنجامەکان بەرایین و جیاکردنەوەی دەنگەکان بەردەوامە، چاوەڕوان دەکرێت پارتی کار زیاتر لە 405 کورسی بەدەستبهێنێت. 
 
لەلایەکی دیکەوە، ریشی سووناک دۆڕانی پارتی پارێزگارانی لە هەڵبژاردن راگەیاند و گوتی، بەرپرسیارێتیی دۆڕانەکە هەڵدەگرێت. 
 
ستامەر لەکاتی قسەکردن بۆ لایەنگرانی حیزبەکەی سوپاسی دەنگدەرانی کرد و گوتی، "ئێوە [بە دەنگەکانتان] وڵاتەکەتان گۆڕی."
 
ریشی سووناک کە خۆی کورسییەکی لە پەرلەمان بەدەستهێناوە رایگەیاند، "شەوێکی قورسە، پارتی کار هەڵبژاردنی گشتیی بردەوە و پەیوەندیم بە بەڕێز ستامەر کرد بۆ ئەوەی پیرۆزبایی لێبکەم."
 
هەروەها رایگەیاند، بەشێوەیەکی ئاشتییانە دەسەڵات رادەست دەکات.
 
دواتر چی روودەدات؟

بە کورتی، بەریتانیا دوای 14 ساڵ یەکەم حکومەتی دەبێت کە لەلایەن پارتی کارەوە بەڕێوەدەبرێت. 

دوای یەکلاییبوونەوەی تەواوی ئەنجامەکان، ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی ئێستا دەستلەکارکێشانەوەکەی پێشکێشی شا چارڵز دەکات، ئەویش بانگهێشتی ستامەر دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو. وا باویشە ئەو کۆبوونەوانە لە کۆشکی بەکینگهام بەڕێوەبچن. 

هاوکات رادەستکردنی داونینگ ستریت کە باڵەخانەی حکومەتە زۆر بە خێرایی روودەدات و لەوانەیە ئەمڕۆ ستامەر بچێتە باڵەخانەکەوە. 

ستامەر بەڵێنی چی داوە؟

لەگەڵ کۆمەڵێک بەڵێنی دیکە، کەیر ستامەر بەڵێنی سەرەکیی بۆ خەڵک ئەوە بوو کە ئاستی ژیان و گوزەرانیان بەرزدەکاتەوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە