لە هۆڵەندا بەکارهێنانی مۆبایل لە قوتابخانەکاندا قەدەخە دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە بەکارهێنانی مۆبایل، تابلێت و ئایپاد لە قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی لە هۆڵەندا قەدەخە دەکرێت.
 
رۆبێرت دایکخراف، وەزیری پەروردەی هۆڵەندا دەڵێت، "مۆبایل سەرنجی قوتابی پەرتەوازە دەکات؛ قوتابییان ئاگایان لە مامۆستاکەیان نامێنێت".
 
لە ساڵی 2011ـەوە ئەنجوومەنی ئەوروپا داوا لە 47 ئەندامەکەی دەکات بەکارهێنانی مۆبایل لە قوتابخانەکان قەدەخە بکات؛ ئەگەرچی تاوەکو ئێستا چەند وڵاتێكی کەم وەک فەرەنسا، فینلاند، ئیسپانیا و ئێستاش هۆڵەندا قەدەخەیان کردووە، بەڵام بابەتەکە لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا بووەتە رۆژەڤ و بیر لە قەدەخەکردنی دەکرێتەوە.
 
قەدەخەکردنی مۆبایل لەسەر بنەمای چەند توێژینەوەیەکی زانستییە و بەو ئەنجامە گەیشتووە کە مۆبایل:
 
- هۆشی قوتابی لە وەرگرتنی زانیاری کەم دەکاتەوە.
- یەک لەسەر سێی کاتی وانەکە بۆ شتی لاوەکی دەبات.
- ئاستی قوتابی لە تاقیکردنەوەکاندا دادەبەزێنێت.
- هەراسانکردن و تووندوتیژی ئۆنلاینی قوتابییان زیاتر دەکات.
 
قوتابییەک لە هۆڵەندا لەبارەی بڕیاری قەدەخەکردنی مۆبایل گوتی، "زوو زوو تەماشای دەکەم بزانم کەس نامەی بۆ نەناردووم".
 
قوتابییەکی دیکەش دەڵێت، "تەماشای تیکتۆک و سناپ چات دەکەم".
 
دژانی بیرۆکەکە دەڵێن، قەدەخەکردنی مۆبایل وا لە قوتابییان دەکات بە نهێنی بیبەنە نێو پۆلەکانیانەوە، ئەوەش چاودێریی مامۆستایان کەمتر دەکات و لە بەرامبەردا نیگەرانی و سەرقاڵی قوتابییان زیاتر دەکات.