15 کەس لە باشووری رۆژئاوای چین بەهۆی بارانبارینەوە گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بارانبارین باشووری رۆژئاوای چینی گرتووەتەوە و تاوەکو ئێستا بەو هۆیەوە 15 کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.
رۆژی چوارشەممە، 5ی تەممووزی 2023، میدیای چین بڵاویکردەوە، کاژێر 7ی بەرەبەیان بە کاتی پەکین ( 2ی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر) شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ باشووری رۆژئاوای چینی گرتەوە و لە ئەنجامدا لانیکەم 15 کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.
رۆژی سێشەممە، بەرپرسانی چین هۆشدارییان لە ئەگەری شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین لە نێوەڕاست و باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە دا.
شی جینپینگ، سەرۆکی چین رایگەیاند، "پێویستە بەرپرسان کاربکەن بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان و ماڵ و موڵکیان. دەبێت هەموو هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان بدرێت".
بە گوێرەی میدیای چین، رووخانی پردێک لە شاری چۆنگچینگ بەڵگەی بەهێزیی ئەو شەپۆلی بارانبارینەیە وڵاتەکەی گرتووەتەوە؛ بارانەکە کاریگەری لەسەر نزیکەی 460 هەزار کەس لە شاری سیچوان دروستکردووە.
بە گوتەی بەرپرسانی چین، نزیکەی 85 هەزار کەس یارمەتییان پێگەیشتووە.