رووداو دیجیتاڵ
لە کەناراوەکانی نزیک شاری سەفاقس لە رۆژهەڵاتی تونس؛ بەلەمێکی دیکەی پڕ لە کۆچبەر لەلایەن پاسەوانانی سنووری تونسەوە دەستی بەسەردا گیرا و خەونی ئەو کۆچبەرانە بۆ گەیشتن بە ئەوروپا وەکو بەلەمەکەیان وێران بوو.
عائیشە، کۆچبەرە و دەڵێت: "ئەمە چوارەم جارمە شکست دەهێنم لە هەوڵەکانم بۆ گەیشتن بە ئەوروپا. ئێستا نازانم بۆ کوێ بچم، من هیچ شوێنێکم لە سەفاقس نییە و نازانم لەکوێ دەمێنمەوە، تکایە رێگەمان پێبدەن بچینە ئیتاڵیا، ئێمە ماندووین."
مامادو، کۆچبەرێکی دیکەیە و دەڵێت، "دەمەوێت بچمە ئیتاڵیا، لەبەرئەوەی ئێمە خەڵکی ئەفریقاین و رووبەڕووی نەهامەتی زۆر بووینەتەوە، هیچ کارمان نییە و ئەگەریش کارێکمان دەستبکەوێت، کارێکی زۆر زەحمەت دەبێت و کاری زۆر دەکەین و پارەیەکی کەم وەردەگرین."
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، ئەمساڵ رێگەی دەریایی نێوان تونس بۆ ئەوروپا قەرەباڵخترین رێگە بووە بۆ کۆچبەران. تاوەکو سەرەتای مانگی شەش، زیاتر لە 50 هەزار و 300 کۆچبەر لەو رێگەیەوە خۆیان گەیاندووەتە ئەوروپا. هەر لەو رێگەیەش سێ هەزار و 800 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.
بەرپرسانی تونسیش دەڵێن لە سەرەتای ئەمساڵەوە تەرمی 624 کۆچبەریان لەنێو دەریاکان دۆزیووەتەوە. هەروەها ئاشکراشیان کردووە زیاتر لە 21 هەزار کۆچبەری ئەفریقی ئێستا لەو وڵاتەن لە چاوەڕوانی دەرفەتێکن بۆ گەیشتن بە ئەوروپا.
بەمەبەستی تووندکردنی سنوورە ئاوییەکانی لەگەڵ تونس، مانگی رابردوو یەکێتیی ئەوروپا بڕیاریدا 100 ملیۆن یۆرۆ بۆ تونس تەرخان بکات و ئامادەیشی دەربڕیوە بۆ دابینکردنی یەک ملیار دۆلاری دیکە بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووریی وڵاتەکە.
مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا دەڵێت، "کار دەکەین بۆ واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ تونس کە یاداشتێکی فراوان بێت لەسەر بنەماکانی کارکردن لە پرسەکانی ئابووری، وزە و کۆچبەری. دڵنیاشم لەوەی تاوەکو هەفتەی داهاتوو دەگەینە رێککەوتن بۆ واژۆکردنی ئەو یاداشتنامەیە و هیوادارم بەزووترین کات بکرێت."
بەگوێرەی بەرپرسانی تونسی، قاچاخچییەکان زیاتر لە هەزار یۆرۆ لە هەر کۆچبەرێک وەردەگرن و بە بەلەمی بچووک لە شاری سەفاقسەوە، کە نزیکترین خاڵی سنووری تونسە لەگەڵ ئەوروپا، رەوانەی ئیتاڵیا و ئیسپانیایان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ