سەرۆکی ئەرمینیا سوپاسی ژمارەیەک خێزانی کورد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئارمین سارکیسیان، سەرۆککۆماری ئەرمینیا، سوپاسی ئەو ماڵباتە کوردانەی کرد کە لە کاتی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا لە ئەرمینیا، پەنای ئەرمەنەکانیان داوە و دەستی هاوکارییان بۆ درێژکردوون.
سارکیسیان لە گفتوگۆیەکی درێژی رۆژنامەی ئەهرامی میسریدا، رووداوە مێژووییەکانی جینۆسایدی ئەرمەنەکان دەگێڕێتەوەو دەڵێت: "وێڕای تێپەرینی زیاتر لەسەدەیەک بەسەر ئەو رووداوانە، بەڵام هێشتا کارلێکەکانی رووداوەکان بەردەوامن و رێگرن لەبەردەم گەشەسەندنی سرووشتی ئەرمینیادا".
ئەرمینییەکانی ژێر دەسەڵاتی خەلافەتی عوسمانی لە ساڵانی 1915 تا 1923 رووبەڕووی جینۆسایدێکی فراوان بوونەوە و بەپێی سەرچاوە ئەرمەنییەکان لەو هەڵمەتانەدا، کە سوپای عوسمانی بۆ لەناوبردنی ئەرمەنەکان کردی، زیاتر لە 300 هەزار ئەرمەنی بوونە قوربانی.
سەرکیسیان باس لە چەندین بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنت و گێڕانەوەی مێژوویی کەسایەتییەکان دەکات لەبارەی جینۆسایدی ئەرمەنەکانەوە، ئەو دووپاتیدەکاتەوە کە بەر لە پاکتاوی دەوڵەتی عوسمانی بەرامبەریان، ئەرمەنەکان نزیکبوون لەوەی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان رابگەیەنن و لە دەوڵەتی عوسمانی جیا ببنەوە، هەر ئەوەش بەیەکێک لە هۆکارەکان دەزانێت کە وایکرد دەوڵەتی عوسمانی پەنا بۆ پاکتاوی رەگەزی ببات لە بەرامبەریان.
کێشەی ئەرمەنەکان لە دەوڵەتی عوسمانیدا و ئەوەی ئەوکات روویداوە و ناساندنی رووداوەکان بەجینۆساید، هێشتا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی جێگەی مشتومڕە و هەندێک وڵات ئەو رووداوانەیان وەک جینۆساید ناساندووە و هەندێکی دیکەش ئەو دانپێدانانە رەتدەکەنەوە.
سەرۆکی ئەرمینیا لە هەمان چاوپێکەوتندا دەڵێت: "کۆی ئەو پرۆسانەی بەرامبەر ئەرمەنەکان روویاندا، بووە هۆی کوشتنی ملیۆن و نیوێک مرۆڤی ئەرمەنی و هەر ئەوە رێگربووە لەوەی ئێستا ئەرمەنەکان لە رووی ژمارەوە خاوەنی بوونی کەمتربن لەوەی پێویست بوو هەبن".
بەبڕوای سارکیسیان ئەگەر ئەو پاکتاوانە نەبووایە، ئێستا ژمارەی ئەرمەنەکان تەنیا 10 ملیۆن نەدەبوو، بەڵکو دوو هێندە دەبوو.
سەرۆکی ئەرمینیا باس لە سووربوونی وڵاتەکەی لەسەر پێویستی ناساندنی کوشتنی ئەرمەنییەکان بەجینۆساید دەکات و دەڵێت ئەوە تەنیا بۆ ئەرمەن گرنگ نییە کە دان بە جینۆسایدی ئەرمەنەکاندا بنرێت، ئەوە هەڵوێستێکی مرۆییانە و هاوکات دەستەبەرە بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو جۆرە کارانە.
هەرچەندە تا ئێستا هەندێک لە مێژوونووسانی ئەرمەنی و کەسایەتییەکانی ئەو وڵاتە، پێیانوایە کورد بەشدارێکی چالاک و هاوکاری پاکتاوی ئەرمەنییەکان بووە لەسەردەستی دەوڵەتی عوسمانی، بەڵام سەرۆکی ئەرمینیا بەپێچەوانەوە سوپاسی ئەو خێزانە کوردانە دەکات کە پەنای ئەرمەنەکانیان داوە.
ئارمین سەرکیسیان کە لە ساڵی 2018ەوە پۆستی سەرۆکایەتیکردنی وڵاتەکەی وەرگرتووە، سوپاسی هەموو ئەوانە دەکات کە دانیان بە جینۆسایدی ئەرمەنەکاندا ناوە لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە و ئەوەش دووپاتدەکاتەوە، کە پێویستە سوپاسی هەموو ئەو دەوڵەتانە بکرێت کە لە رۆژانی رووداوەکاندا دەرگایان بۆ هاوکاریی ئەرمەنەکان کردەوە، لە خێزانە عەرەب و تورک و کوردەکان، کە ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە و دەستی هاوکارییان بۆ ئەرمەنەکان درێژکرد و زۆریان لێ رزگارکردن.
تائێستا زیاتر لە 40 حکومەت و پەرلەمان کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانیان "بەجینۆساید" ناساندووە و "گرنگترین" ناساندنیش لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە بوو. ئەو هەنگاوە کێشەیەکی دیپلۆماسی گەورەی لە نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا دروستکرد.
کۆمەڵێک رێکخراوی جیهانییش کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانیان وەک "جینۆساید" ناساندووە، لەوانە: نەتەوە یەکگرتووەکان، پەرلەمانی ئەوروپا، ئەنجوومەنی ئەوروپا، ئەنجوومەنی کەنیسەی جیهانی و رێکخراوی مافی مرۆڤ.
لەسەر ئاستی کەسایەتییەکانیش، لە ساڵی 2007 دا 35 کەسایەتی براوەی خەڵاتی نۆبڵ، پێکەوە یاداشتێکیان واژۆکرد و کۆمەڵکوژییەکەیان بە "جینۆساید" ناساند.
هەروەها لە ئۆکتۆبەری 2019 ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە لە 435 ئەندام پێکهاتووە بە 223 دەنگ بەرامبەر بە 191 دەنگی دژ، پرۆژە یاسای کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانی پەسەندکرد. دواتریش لە دیسەمبەری هەمانساڵ ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بەشێوەیەکی فەرمی دانی بە جینۆسایدی ئەرمەنییەکان نا.
ئەمساڵیش دۆناڵد ترەمپ لهبارهی رۆژی 24ى نيسان كە لەلايەن ئەرمەنييەكانەوە وەك ساڵيادى رووداوەكانى کۆمەڵکوژی پەسەندكراوە، له راگهیهنراوێكدا بە زمانى ئەرمەنى دەستەواژەى (Meds Yeghern)ی بهكارهێنا كە به ماناى "كارەساتى گەورە" دێت. لە راگهیێندراوهكهی دۆناڵد ترەمپدا هاتبوو: "ئەمڕۆ يادى ئەوانە دەكەينەوە كە ئازارى گەورەترين قڕكردنى بەكۆمەڵيان لە سەدەى بيستەم كه 'Meds Yeghern'یان، چهشتووە".
وەزارەتى دەرەوەى توركيا یەکسەر وەڵامی راگەیێندراوەکەی دۆناڵد ترەمپی دایەوە و رایگهیاند "ئەو راگەیێندراوە به لهبهرچاوگرتنی تێبینییه سياسييە ناوخۆييەكان بڵاوكراوهتهوه، لەلاى ئێمە هيچ بەهايەكى نييە. هەموو ئەو دەنگۆيانە رەتدەكەينەوە كە لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە".