نەتەوە یەکگرتووەکان: مانگی رابردوو گەرمترین مانگی ئایار بووە لە مێژوودا
رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی کەشناسیی جیهانی هۆشداری دەدەن، پلەی گەرمیی زەوی بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و مانگی ئایاری 2024ـیش گەرمترین مانگ بووە لە مێژوودا.
رۆژی چوارشەممە 05-06-2024 ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گوتارێکیدا لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا رایگەیاند: "مانگی 5ـی 2024 گەرمترین مانگ بووە لە مێژوودا و 12ـەم گەرمترین مانگی لەسەر یەک بوو لە مێژوودا."
بۆ یەکەمجار مانگی 6ـی 2023 ریکۆردی گەرمترین مانگی مێژووی تۆمارکرد، دواتر مانگی تەممووز ریکۆردەکەی شکاند و دواتریش مانگی ئاب، بەمجۆرە مانگی رابردوو بووە 12ـەم مانگی لەسەر یەک کە ریکۆردێکی نوێی گەرمترین مانگ لە مێژوودا تۆمار بکات.
گۆتێرێز دەڵێت: "هەروەک چۆن نەیزەکێک بەر زەوی کەوت و داینەسۆرەکانی لەنێوبرد؛ رووبەڕووی کاریگەرییەکی هاوشێوە بووینەتەوە، بەڵام ئێمە داینەسۆرەکان نین، نەیزەکەکەین. ئێمە لە مەترسیدا نین، بەڵکو ئێمە خودی مەترسییەکەین."
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا: "80٪ ئەگەری ئەوە هەیە لە پێنج ساڵی داهاتوودا، گۆی زەوی 1.5 پلە گەرمتر ببێت."
لە ساڵی 2015 لە لووتکەی پاریس تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا، رێکخراوی کەشناسیی جیهانی ئامانجی کەمکردنەوەی پلەی گەرمی دانا و بە 1.5 پلە دیارییکرد، بەڵام لە راپۆرتی خۆیدا، رێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، لە مانگی ئۆکتۆبەری 2023ـدا پلەی گەرمی 1.4 پلە زیادی کردووە.
گۆتێرێز داوایکرد ساڵانە دەردانی دوانۆکسیدی کاربۆن 9٪ کەمبکرێتەوە تاوەکو 2030، ئەمەش بۆ ئەوەی پلەی گۆی زەوی 1.5 سیلیزی بەرزتر نەبێتەوە. سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "سووتانی نەوت، گاز و خەڵووز هۆکاری سەرەکیی گەرمبوونی جیهانن."
دەزگەی کەشناسیی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "پێشبینی دەکرێت پلەی گەرمای بەرگە هەوای زەوی لە نێوان 2024 بۆ 2028دا 1.1 بۆ 1.9 پلە گەرمتر بێت."
لە مانگی کۆتایی 2023، نوێنەرانی 200 وڵات لە جیهاندا لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوبەی ناسراو بە کۆپ28 بەشداربوون و لە راگەیێندراوی کۆتاییدا بۆ یەکەمجار وڵاتانی جیهان دانیان بەوە نا؛ نەوت، گاز و خەڵووز هۆکاری گۆڕانی کەشوهەوا. بەڵێنیان دا دووربکەنەوە لە بەکارهێنانی.
لە سەدەی نۆزدەیەمەوە، پلەی گەرمیی زەوی 1.2 پلەی سیلیزی بەرزبووەتەوە و هۆکارەکەیشی دەردانی گازە زیانبەخشەکان بۆ نێو بەرگی هەوا بووە. هەروەها، لە نوێترین توێژینەوەدا دەرکەوتووە، لە 50 ساڵی رابردوودا رۆژانە 30 مەتر لە سەهۆڵی ژێر بەستەڵەکەکانی جەمسەری باشووری زەوی تواونەتەوە.