ئەمریکییەکان زۆرترین کتێب دەخوێننەوە؛ عێراقییەکانیش 7ـەم کەمترین خوێنەری کتێبن


رووداو دیجیتاڵ 

زۆرترین کاتی خوێندنەوەی کتێب لەسەر ئاستی جیهان لە ئەمریکا و دواتریش لە هیندستانە. لە کۆی 102 وڵات کە پۆلێنیان بۆ کراوە، هەر هاووڵاتییەکی ئەمریکی ساڵانە تێکڕا 17 کتێب دەخوێنێتەوە؛ هەر هاووڵاتییەکی هیندستانیش لە ساڵێکدا تێکڕا 16 کتێب دەخوێنێتەوە. 

بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی ماڵپەڕی CEO Magazineی ئەمریکی کە تایبەتە بە پۆلێنکارییەکانی جیهان لە سەرجەم بوارەکانی ژیاندا، زۆرترین خوێندنەوەی کتێب لە ئەمریکا و هیندستانە؛ هەروەها خوێنەرەکان لەو دوو وڵاتەدا حەز دەکەن کتێبی کاخەز بخوێننەوە نەوەک کتێبی ئەلیکترۆنی، ئەوەش لەکاتێکدایە خواستێکی زۆر لەسەر ئاستی جیهان بۆ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بۆ خوێندنەوە بەشێوەی ئەلیکترۆنی هەیە. 
 
بۆ ئەو راپۆرتە کە لە 102 وڵاتی جیهان کراوە، بۆچوونی زیاتر لە شەش ملیۆن و 500 هەزار کەس وەرگیراوە. راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، بازاڕی کڕینی کتێب لە جیهاندا لە ساڵی 2023 زیاتر لە 144 ملیار دۆلار بووە و چاوەڕێ دەکرێت بۆ ئەم ساڵیش زیاتر بێت.  
 
راپۆرتەکە ئەوەی دەرخستووە، هەر هاووڵاتییەکی ئەمریکی لە ساڵێکدا تێکڕا 357 کاژێر دەخوێنێتەوە و هەر هاووڵاتییەکی هیندستانیش لە ساڵێکدا تێکڕا 352 کاژێر کتێب دەخوێنێتەوە. 
 
لە پلەی سێیەم بەریتانیا دێت و لە ساڵێکدا هەر هاووڵاتییەک تێکڕا 343 کاژێر کە بەو جۆرە دانراوە دەکاتە 15 کتێب دەخوێنێتەوە. لە پلەی چوارەم فەرەنسییەکان دێن کە لە ساڵێکدا هەر هاووڵاتییەکی تێکڕا 305 کاژێر کە بەو جۆرە دانراوە 14 کتێب دەکات، دەخوێنێتەوە. 
 
ئیتاڵیا لە پلەی پێنجەم دێت و لە ساڵێکدا هەر هاووڵاتییەک 278 کاژێر کە دەکاتە 13 کتێب دەخوێنێتەوە. هەرچی کەنەدایە شەشەمی جیهانە لە خوێندنەوەی کتێب و ساڵانە هەر هاووڵاتییەکی تێکڕا 232 کاژێر کە بەو جۆرە دانراوە دەکاتە 12 کتێب دەخوێنێتەوە. 
 
لە پلەی حەوتەمی جیهان رووسییەکان دێن کە ساڵانە هەر هاووڵاتییەکی تێكڕا 232 کاژێر کە دەکاتە 11 کتێب دەخوێنێتەوە.
 
لە پلەی هەشتەم ئوسترالیایە و هەر هاووڵاتییەکی ساڵانە تێکڕا 217 کاژێر کە دەکاتە 10 کتێب دەخوێنێتەوە و لە پلەی نۆیەمیش ئیسپانیایە بەوەی هەر هاووڵاتییەکی ساڵانە 187 کاژێر کە دەکاتە 9 کتێب دەخوێنێتەوە.
 
لە پلەی دەیەمی جیهانیش هۆڵەندییەکان دێن بەوەی ساڵانە، هەر هاووڵاتییەکی ئەو وڵاتە تێکڕا 182 کاژێر کە بەو جۆرە دانراوە 8 کتێب دەکات، دەخوێنێتەوە. 
 
لەبارەی ئەو وڵاتانەی کەمترین خوێنەری کتێبن، لەکۆی ئەو 102 وڵاتە، ئەفغانستان لە دوایین پلەدا دێت کە لە یەک ساڵدا هەر هاووڵاتییەکی تەنیا 58 کاژێر کتێب دەخوێنێتەوە. 
 
لە پلەی 101م و پێش کۆتاییش وڵاتی برونایە کە هەر هاووڵاتییەکی تەنیا 60 کاژێر لە ساڵێکدا دەخوێنێتەوە. دوای ئەوانیش پاکستان، سعودیە، ئیمارات و بەنگلادیش دێن. 
 
لە پلەی حەوتەمی جیهانیش بە کەمترین خوێندنەوەی کتێب عێراق دێت بەوەی ساڵانە هەر هاووڵاتییەکی تەنیا 64 کاژێر کە بەو جۆرە دانراوە نزیکەی 2.77 کتێب دەکات، دەخوێنێتەوە.