بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاوە دوورگەیەکی پەنەما چۆڵ دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

دوورگەی گاردی ساگدوپوو لە باکووری رۆژهەڵاتی پەنەما لە ئەمریکای نێوەڕاست بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاوە چۆڵ دەکرێت.
 
ئەلبێرتۆ لۆپێز، دانیشتووی دوورگەی ساگدوپوو دەڵێت، "هەست بە خەمباری دەکەین، لەبەرئەوەی ئەگەر ئەم دوورگەیە نەمێنێت؛ بەشێک لە کولتوورمان نامێنێت."
 
لانیکەم 1200 هاووڵاتیی رەسەنی دوورگەکە ناچارن زێدی باوباپیرانیان جێبهێڵن و روو لە شارە گەورەکانی پەنەما بکەن، دوای بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریای نزیک دوورگەکە بە شێوەیەکی بەرچاو.
 
ئێدلیشیا ئاڤیلا، دانیشتووی دوورگەی ساگدوپوو دەڵێت، "دوورگەکە خەریکە ژێرئاو دەکەوێت؛ هەربۆیە ناچارین جێیبهێڵین، چونکە خەریکە شوێنی مانەوە نامێنێت."
 
میرۆسلاڤا دێک، دانیشتووی دوورگەی ساگدوپوو ئاماژەی بەوە کرد، "بۆ هەموو ئەو خێزانانەی ئەم دوورگەیە جێدەهێڵن، شتێکی خۆشە و لە هەمان کاتیشدا ناخۆشە، چونکە هەموو ژیانمان لەم دوورگەیە بردووەتە سەر."
 
حکومەتی پەنەما زیاتر لە 12 ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە تاوەکو شوێنی مانەوە بۆ ئەو خێزانانە لە شوێنێکی دیکە دروستبکات.