سەرۆکی ڤاگنەر: هێزێكی رووسی هێرشی کردووەتە سەر چەکدارەکانمان

05-06-2023
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر دەڵێت، ئەفسەرێکی رووسییان دەستگیر کردووە، کە هێزەکانی تەقەیان لە چەکدارانی ڤاگنەر کردووە.
 
رۆژی دووشەممە، 5-6-2023 لە راپۆرتێكیدا کە بۆ وەزارەتی بەرگریی رووسیای ناردووە، یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر رایگەیاند، لە 17ی ئایاری ئەمساڵدا چەند سەرباز‌ێكی سەر بە وەزارەتی بەرگریی رووسیا بینراون، مینیان لە ریزی دواوەی هێزەکانی ڤاگنەر لە بەرەی دۆنێتسک چاندووە و لە کاتی پووچەڵکردنەوەی مینەکان، تەقە لە  هێزەکانی ڤاگنەر کراوە و سەرچاوەی تەقەکردنەکەش هێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری بوون.
 
پریگۆژین لەگەڵ راپۆرتەکەدا تۆمارێكی دەنگی هاوپێچ کردووە و تێیدا دەڵێت، دەستمان بە لێکۆڵینەوە کردووە و چەندین رووداو هەن، کە ناکرێت ئاشکرا بکرێن، بەڵام ئێمە سەرەتا ئەم راپۆرتە و بەڵگەکان دەنێرین و ئەوەی کە بە راستی و بە کردار روویداوە، پیشانی دەدەین.
 
سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر لە تەلەگرام بەشێك لەو گرتە ڤیدیۆیەی بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئەفسەرە رووسییەکە خۆی بە رۆمان فینیفیتینۆڤ، فەرماندەی لیوای هێرشبەری ژمارە 72 ناساندووە.
 
لەو گرتەیەدا، رۆمان دان بەوەدا دەنێت  هێرشی کردووەتە سەر گرووپی ڤاگنەر، بەڵام هۆکارەکەی بۆ "سەرخۆشی و بێ ئاگایی و رقی کەسی" گەڕاندووەتەوە.
 
پریگۆژین، سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای رووسیای بە "چۆڵکردن و کشانەوە" لە ناوچەکانی دەوروبەری شاری بێلگۆرود تۆمەتبار دەکات، بێلگۆرود ئەو شارەیە کە دەکەوێتە نێو سنووری رووسیا لە باکووری شاری خارکیڤی ئۆکراینا و ماوەیەک لەمەوبەر هێزێكی چەند سەت کەسی ئۆکراینی چوونە ناوچەکانی دەوروبەری و هەڵیانکوتایە سەر ناوچە سیڤیلەکانی رووسیا، بەر لەوەی سوپای رووسیا لە زەوی و ئاسمانەوە هێرشیان بکاتەسەر و ناچاریان بکات بگەڕێنەوە.
 
پریگۆژین ئامادەیی دەربڕی بۆ ناردنی هێزەکانی بۆ ناوچەی بێلگۆرود و گوتی ئەگەر هێزەکانی رووسیا بەردەوام بن لە کەمتەرخەمی، ئەوا ئێمە دەستوەردان دەکەین و بەرگری لە خاکی رووسیا دەکەین.
 
رۆژی هەینی، 2-6-2023 پریگۆژین کشاندنەوەی هێزەکانی لە شاری باخمووت و ناوچەکانی دەوروبەری راگەیاند، ئەوەش لە دوای کۆنتڕۆڵکردنی هەموو شارەکە لە 20ی ئایاری ئەمساڵدا هات لە دوای زیاتر لە 10 مانگ شەڕ لەگەڵ سوپای ئۆکراینا.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.