لە ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریکا فڕۆکەیەک بە چوار سەرنشینەوە کەوتە خوارەوە

رووداو دیجیتاڵ

فڕۆکەیەکی بچووک کە چوار سەرنشینی تێدابوو پێشێلی ناوچەی دژە فڕینی واشنتنی کرد و دواتر لە ڤێرجینیا کەوتە خوارەوە و "سەرجەم سەرنشینەکان گیانیان لەدەستدا".
 
رۆژی دووشەممە، 5-6-2023، ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی سوپای ئەمریکا دوای ئەوەی زانیاریان پێگەیشت کە فڕۆکەیەک بە ئاسمانی واشنتن دی سی دا فڕیوە، کەوتنە چاودێریکردنی، بەڵام دواتر رایانگەیاند، فڕۆکە بچووکەکە لە ناوچەیەکی شاخاوی باشووری رۆژئاوای ویلایەتی ڤێرجینیا کەوتووەتە خوارەوە.
 
بەگوێرەی فەرمانگەی ئاسمانەوانیی فیدراڵی، فڕۆکەکە لە شارۆچکەی ئێلیزابێزتاون لە ویلایەتی تەنێسیی ئەمریکا بەرەو فڕۆکەخانەی ماک ئارسەر لە دوورگەی لۆنگ ئایلاندی ویلایەتی نیویۆرک فڕیوە.
 
ماڵپەڕی فلایت ئەوێر کە چاودێریی جموجۆڵی فڕۆکەوانی دەکات، دەڵێت، فڕۆکەکە لە نیویۆرک نزیکبووەتەوە، بەڵام دواتر 180 پلە ئاڕاستەکەی خۆی گۆڕیوە و بەسەر واشنتن دی سی دا فڕیوە و پاشان لە ڤێرجینیا کەوتووەتە خوارەوە.
 
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، فڕۆکە شەڕکەرەکان نەبوونەتە هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە سڤیلەکە.
 
فڕۆکەکە لەسەر ناوی کۆمپانیایەکی ناحوکمی فڕۆکەوانی تۆمارکرابوو. جۆن رەمپڵ، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە بە میدیای ئەمریکای گوتووە، کچەکەی، کچەزا دوو ساڵەکەی، کارگوزاری ماڵەکەیان و فڕۆکەوانێک لە فڕۆکەکەدا بوون و دەگەڕانەوە ماڵەوە لە شارۆچکەی ئیست هامپتن لە لۆنگ ئایلاند. فڕۆکەوان و سێ سەرنشینەکە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
 
فەرماندەی بەرگریی ئاسمانی باکووری ئەمریکا لە راگەیێنراوێکدا باسی لەوەکردووە، هێزەکانی ئەمریکا هەوڵیانداوە پەیوەندی لەگەڵ فڕۆکەکەدا دروستکەن، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە تاوەکو لە پارکی نیشتمانیی جۆرج واشنتن لە ڤێرجینیا کەوتووەتە خوارەوە.
 
فڕۆکە شەڕکەرەکان کە بۆ ئاگادارکردنەوەی فڕۆکە سڤیلەکە چووبوونە ئاسمانەوە لە جۆری F-16 بوون و بە نزمی فڕیون. لەو کاتەدا کە بەربەستی خێرایی دەنگیان تێپەڕاندووە کە 350 مەترە لە چرکەیەکدا، گرمەیەکی گەورەیان لێوە هاتووە کە لە باکووری ڤێرجینیا و ماریلاندیش دەنگەکە بیستراوە.