پیاز و تەماتە بۆ وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان نێردران


رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ شەممە کەشتیێكی ئاسمانیی کۆمپانیای سپەیس ئێکس بە سەرکەوتوویی گەیشتە وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان.

 

کەشتییەکە سێ تۆن و 300 کیلۆگرام کەلوپەلی هەڵگرتبوو، لەنێویشیاندا پیاز، تەماتە، لیمۆ و ئەڤۆکادۆ هەبوون بۆ ئەوەی حەوت ئاسمانەوانەکەی وێستگەی بۆشایی ئاسمان بیخۆن. 
 
جگە لەوە، هەویری ددان و هەزاران زیندەوەری وردیلەی دەریایی و چەندین پانێلی وەرگرتنی تیشکی خۆر لەنێو بارەکەدا هەبوون.
 
ئەمە پێنجەم کەشتیی ئاسمانییە کە لە وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان لەنگەر بگرێت. 
 
کەشتییەکە کە ناوی فالکۆنە، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە لە بنکەی ئاسمانیی کەنەدی لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا هەڵدرا  و ئەمڕۆ کاژێر 01:09 خولەکی دوای نیوەڕۆ بە کاتی هەولێر، کەشتییەکە گەیشتە شوێنی مەبەست. 
 
ئەم مانگە ئاسمانەوانەکان دوو پانێڵەکانی وەرگرتنی تیشکی خۆر لەسەر لایەکانی وێستگەکە دەبەستن کە بڕیارە بۆ ماوەی 20 ساڵی دیکە وزەی بۆ دابین بکات.