ترەمپ بەڵێن دەدات رووبەڕووی دژە سپیپێستەکان ببێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە نوێترین لێدوانیدا، بەربژێری سەرەکیی کۆمارییەکان رایدەگەیێنێت، یەکێک لە ئەرکەکانی لەدوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەستە فراوانەی "دژە سپیپێست"ـە کە لە ئەمریکا دروستبووە.
شەوی 04-05-2024 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە کاتی بەشداریکردنی لە هەڵمەتی هەڵبژاردن لە ویلایەیەتی وێسکۆنسن، لە نێوەڕاستی ئەمریکا رایگەیاند: "پێموایە هیچ گومانی تێدا نییە کە هەستێکی فراوانی دژە سپیپێست لەم وڵاتە دروست بووە. لەوبڕوایەشدام ئەوە شتێکی زەحمەت نییە رووبەڕووی ببیتەوە، بەڵام پێموایە ئێستا یاساکان زۆر ناهاوسەنگن."
لین پاتۆن، راوێژکاری هەڵمەتی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، یەکێک لەو کارانەی رەنگە ترەمپ بیکات، راگرتنی هەموو هاوکارییەکی دارایی فیدراڵییە بۆ هەموو قوتابخانەیەک لەسەر بنەمای خوێندنی ئەو وانانەی تایبەتن بە فرەنەتەوەیی و یەکسانی و تێکەڵبوون.
بەڵام ئەو راوێژکارەی ترەمپ گوتیشی: "لە گەڕی دووەمی سەرۆکایەتیدا، سەرۆک ترەمپ هەموو ئەمریکییەک خۆشحاڵ دەکات بێگوێدانە ئەوەی ئەو کەسە سەر بە چ ئایینێک و نەتەوەیەکە."
بەگوێرەی راپرسییەکی مانگی ئاداری ئاژانسی رۆیتەرز لەنێو لایەنگرانی ترەمپدا، 53٪ی ئەوانەی دەنگیان لەو راپرسییەدا داوە پێیانوایە سپیپێستەکانی ئەمریکا رووبەڕووی تووندوتیژی دەبنەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە تەنیا لە 14٪ی لایەنگرانی بایدن هەمان بۆچوونیان.
لەبارەی نوێترین لێدوانی ترەمپ، کێڤن نۆنۆز، سەرۆکی هەڵمەتی هەڵبژاردنی جۆ بایدن، بەربژێری سەرەکیی دیموکراتەکان، هێرشی تووندی کردە سەر ترەمپ و رایگەیاند هەڵبژاردنەوەی ترەمپ ژیانی ئەوانەی سپیپێست نین، سەختتر دەکات.
کێڤن نۆنۆز گوتی، "ترەمپ نەیشاردووەتەوە، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەم سەربکەوێت، ئەوا هەستە رەگەزپەرستەکانی تێکەڵاوی سیاسەتەکانی حکومەت دەکات و زیان لەو بەرنامانە بدات کە دەرفەتی ئابووری بە رەشپێست و کەسانی دیکە دەدات."
بڕیارە 5ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، بایدن و ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا جارێکی دیکە رووبەڕووی یەکدی بنەوە. بەگوێرەی نوێترین راپرسی؛ ترەمپ بە جیاوازی 1٪ لەپێش بایدنەوەیە، پێشبینیکراوە، 44٪ـی دەنگەکان بۆ ترەمپ و 43٪ـی دەنگەکان بۆ بایدن بن.