ئەندامێکی پەرلەمانی ئۆکراینا بە بۆکس لە بەرپرسێکی رووسیا دەدات


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی پەرلەمانی ئۆکراینا بە بۆکس هێرش دەکاتە سەر ئەندامێکی شاندی رووسیا بۆ لووتکەی هاوئاهەنگیی ئابووریی دەریای رەش لەنێو پەرلەمانی تورکیا لە ئەنقەرە و چەند بۆکسێک بە دەم و چاویدا دەکێشێت؛ ئەوەش دوای ئەوە هات، ئەندامەکەی شاندی رووسیا ئاڵای ئۆکراینای لەدەستی پەرلەمانتارە ئۆکراینییەکە رفاند.
 
رۆژی پێنجشەممە، 4-5-2023، ئۆلێکساندەر ماریکۆڤسکی، ئەندامی پەرلەمانی ئۆکراینا چەند بۆکسێکی بە دەم و چاوی بەرپرسێکی رووسیدا کێشا. ماریکۆڤسکی لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت ئەندامێکی شاندەکەی رووسیا ئاڵاکە لەدەستی دەڕفێنێت؛ ئەویش دەکەوێتە شوێنی و چەند بۆکسێک بە دەم و چاویدا دەکێشێت؛ دواتر چەند کارمەندێکی سێکیوریتی نێو پەرلەمان جیایان دەکەنەوە و یەکێکیان دەڵێت، "تکایە شەڕ مەکەن". ماریکۆڤسکی دەڵێت، "ئەمە ئاڵای ئێمەیە، لە پێناو ئەم ئاڵایەدا شەڕ دەکەین."
 
رووداوەکە دوای کۆبوونەوەی پەرلەمانتارانی 13 وڵات بوو لە لووتکەی هاوئاهەنگیی ئابووریی دەریای رەش کە لە کاتی گوتاردانی نوێنەرێکی رووسیادا ماریکۆڤسکی قسەکانی پێدەبڕێت و ئاڵایەکی ئۆکراینا لە پشتییەوە بەرز دەکاتەوە.
 
موستەفا سێنتۆپ، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە تویتێکدا سەرکۆنەی ئاکاری "دنەدەر و دەستدرێژیکارانەی" پەرلەمانتارە ئۆکراینییەکەی کرد.