نەتەوە یەکگرتووەکان: لە هەر کاژێرێکدا لە سوودان حەوت منداڵ کوژراون یان برینداربوون


رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لە کاریگەرییەکانی شەڕی نێوخۆیی سوودان لەسەر منداڵان و دەڵێت، لە چەند رۆژی رابردوودا لە هەر کاژێرێکدا لەو وڵاتە حەوت منداڵ کوژراون یان بریندار بوون. 

رۆژی هەینی، 5ـی ئایاری 2023، جەیمس ئێڵدەر، گوتەبێژی ئاژانسی تایبەت بە هاوکاریکردنی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان- یونیسێف لە جنێڤ بە پەیامنێرانی راگەیاند، "دۆخی سوودان بۆ ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان بووەتە کوشندە."
 
ئێلدەر گوتیشی، نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین راپۆرتی لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان پێگەیشتووە کە ئاماژە بەوە دەکەن لە 11 رۆژی دەستپێکی شەڕەکەدا واتە لە 15ـی نیسان تاوەکو 26ـی مانگ "190 منداڵ کوژراون و 1700 منداڵی دیکەش برینداربوون."
 
ئێلدەر دەشڵێت، ئەو ئامارانە لە سەرچاوە تەندروستییەکانی نێو خەرتووم و دارفوور وەرگیراون و ئاماژەی بەوەشکرد، تەنیا ئەو منداڵانەی براونەتە ناوەندە تەندروستییەکانی سوودان تۆمارکراون و هەربۆیە لەوانەیە ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لە شەڕی نێوخۆیی سوودان کوژراو و برینداربوون زۆر زیاتر بێت. 
 
ئەوە لە کاتێکدایە، لە 15ـی نیسانەوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان بە سەرکردایەتیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بە سەرکردایەتیی محەممەد دەگەلۆ ناسراو بە حمێدتی، بەردەوامە؛ تاوەکو ئێستا چەند جارێک ئاگربەست راگەیێندراوە، بەڵام زۆریش پێشێلکراوە. لە دەستپێکی شەڕەکەوە لانیکەم 550 کەس کوژراون و 4962 کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا زیاتر لە 113 هەزار کەس بەهۆی شەڕەوە لە سوودان هەڵاتوون و چوونەتە وڵاتانی دیکە و زیاتر لە 300 هەزار کەسیش ئاوارە بوون. 
 
نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەوەی شەڕ و پێکدادانەکانی سوودان ببنە هۆی دەربەدەربوونی 800 هەزار کەس و دەڵێت، ناچار دەبن روو لە وڵاتانی وەکو سوودانی باشوور و چاد بکەن.