UN: زیاتر لە 200 لەو کچ و ژنانەی لە دەست بۆکۆحەرام رزگارکراون دووگیانن
رووداو - ئاژانسەکان
نزیکەی 214 کچ و ژن، ئەوانەی لە ماوەکانی رابردوو لەژێر دەستی گرووپی بۆکۆحەرام لە باکووری رۆژهەڵاتی نێجیریا رزگارکراون، دووگیانن.
سندووقی نهتهوهیهكگرتووهكان بۆ دانیشتووان (UNFPA)، رۆژی دووشەممە 4ی ئایار رایگەیاند "لەنێو ئەو کچ و ژنانەی لە ماوەکانی رابردوو لەلایەن گرووپی بۆکۆحەرامی تووندئاژۆوە رفێندرابوون و لە باکووری رۆژهەڵاتی نێجیریا رزگارکران، بەپێی ئەو پشکنینانەی ئەنجامدراون، دەرچووە کە نزیکەی 214یان دووگیانن".
لەماوەی هەفتەکانی رابردوودا سوپای نێجیریا نزیکەی 7 هەزار کچ و ژنی لە سەربازگە جیاجیاکانی گرووپی بۆکۆ حەرام لە باکووری رۆژهەڵاتی نێجیریا ئازادکردوون.
باباتووندى ئۆشۆتيمهين، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە (UNFPA) بۆ ئاژانسەکانی نێجیریا دەڵێت: "چەندین پشکنینی جۆراوجۆرمان بۆ ئەو کچ و ژنانە ئەنجامداون، کە پەیوەندییان بە نەخۆشی جۆراوجۆرەوە هەیە، لە نێویشیاندا پشکنینی ڤایرۆسی HIV کە هۆکارێکە بۆ نەخۆشی نەمانی بەرگری پێویست بۆ ئایدز".
گرووپی بۆکۆحەرامی تووندئاژۆ، سەدان کچی هەرزەکاری رفاندووە و ناچاری ئەوەی کردوون، ببنە ئیسلام و شوویان پێبکەن.
سوپای نێجیریا رۆژی دووشەممە 4ی ئایار ژمارەیەکی دیکەی ئەو کچ و ژنە رفێنراوانەی لە دەوروبەری گوندی چالاوا لە ویلایەتی ئەداماوا دۆزییەوە. کریس ئۆلۆکۆلادی، گوتەبێژی سوپای نێجیریا لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: "ئەو کچ و ژنانەی دۆزراونەتەوە، توانیویانە لەژێر دەستی گرووپە تووندئاژۆکان هەڵبێن و خۆیان رزگار بکەن".