ئێران: ئەمریکا داوای لێکردووین بنکەکانی نەکەینە ئامانج

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسێکی ئێران دەڵێت، واشنتن داوای لە تاران کردووە بنکەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەکاتە ئامانج. فەرماندەیەکی هێزی ئاسمانیی ئەمریکاش ئاماژە بەوە دەکات، دەکرێت جارێکی دیکە بنکەکانی سوپای وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا هێرشیان بکرێتەوە سەر. 
 
محەممەد جەمشیدی، جێگری بەرپرسی ستافی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سیاسی دەڵێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نامەیەکی نووسراودا هۆشداری دایە سەرکردایەتیی ئەمریکا کە نەکەوێتە نێو تەڵەی نەتەنیاهوو (سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە) تایبەت بە ئێمە و (پێمان گوتن)، لێمان دووربکەونەوە و زیانتان پێناگات". 
 
محەممەد جەمیشدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "لە بەرامبەردا ویلایەتە یەکگرتووەکان داوای لە ئێران کرد بنکەکانی ئەمریکا نەکاتە ئامانج".
 
هەر لەو بارەوە فەرماندەیەکی سەربازیی ئەمریکا دەڵێت، دەکرێت جارێکی دیکە بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بکەونەوە بەر هێرشی گرووپەکانی نزیک لە ئێران. 
ئەلێکسس گرینکویچ، فەرماندەی باڵا لە هێزی ئاسمانیی ئەمریکا گوتی، دەکرێت ئەو هێرشەی کرایە سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق ببێتە هۆی ئەوەی هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا دەستپێبکاتەوە. 
 
دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە 7-10-2023دا هێزەکانی نزیک لە ئێران دەستیان بە هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کرد و رایانگەیاند، ئەو کارەیان بەهۆی ئەوەیە واشنتن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئیسرائیلیدا بۆسەر غەززە پاڵپشتی لە تەلئەڤیڤ دەکات. 
 
بە گوتەی بەرپرسانی پێنتاگۆن، هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا تاوەکو 4-2-2024 بەردەوام بوو و تاوەکو ئەو کاتە زیاتر لە 170 جار هێرش کرابووە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا. 
 
کوشندەترین هێرش رۆژی 28ی کانوونی دووەمی 2023 بوو بۆ سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن کە بووە هۆی کوژرانی 3 سەرباز و برینداربوونی زیاتر لە 40 سەربازی دیکە. 
 
لە وەڵامی ئەو هێرشەدا سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا 85 ئامانجی هێزەکانی نزیک لە ئێرانی لە عێراق و سووریا بۆردوومانکرد.  
 
ئەم نیگەرانییە لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان و زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە 1-4-2024 کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق بۆردوومانکرا. بەپێی راگەیێندراوی سوپای پاسداران، لە هێرشەکەدا دوو فەرماندەی باڵایان بە ناوەکانی محەممەدڕەزا زاهیدی و محەممەدهادی حاجی رەحیمی و پێنج ئەفسەری دیکە کە وەک راوێژکاری باڵای سەربازی لە سووریا بوون، کوژراون.
 
بەرپرسانی ئێران دەڵێن، ئیسرائیل ئەو هێرشەی ئەنجامداوە و لەو رۆژەوە هەڕەشە دەکەن کە وەڵامیان بۆ تەلئەڤیڤ دەبێت. 
 
رۆژی 2-4-2024 ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە راگەیێندراوێکدا هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و گوتی، "هێرشەکە تیرۆریستی بووە و پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان بووە و ئەو تاوانەی زایۆنییەکان بێ وەڵام نامێنێتەوە."
 
رۆژی سێشەممە، 2ـی نیسانی 2024، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداودا لە واشنتن رایگەیاند، "لە رێگەی کەناڵێکی تایبەتەوە بە ئێرانمان راگەیاندووە کە بەرپرس نین لەو هێرشەی لە دیمەشق کرا".
 
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئەوەشی راگەیاند، "ئەوە دووپات دەکەینەوە کە ئەمریکا لە هێرشەکەدا بەشدار نەبووە؛ هەروەها هیچ زانیارییەکی پێشوەختەمان لەبارەی هێرشەکە نەبووە".