رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی سەرەتای ڤیدیۆکە دەیبینن، باڵەخانانەی شاری هوالینی تایوانە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی رۆژی سێشەممەوە زیانی پێگەیشتووە، شارەکە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی تایوانەوە و، زۆرترین زیانی بەرکەوت و خەڵکێکی زۆریش بەهۆیەوە دەربەدەربوون.
هێندری سوتریسنۆ، هاووڵاتیی تایوانە و باسی ساتی بوومەلەرزەکە دەکات، "زۆر ترسناک بوو، من و خێزانەکەم لە دوو ژووری جیاواز بووین و رامکرد تاوەکو بگەمە ئەوان و دواتر لەژێر مێزێکدا خۆمان شاردەوە تاوەکو بوومەلەرزەکە تەواو بوو، نزیکەی خولەکێکی خایاند، دواتر رامانکردە دەرەوە و هەڵهاتین و هیچمان لەگەڵ خۆمان نەهێنا."
بوومەلەرزەکە بە گوڕی 7.4 بە پلەی رێختەر و بە قووڵایی 35 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی تایوان روویدا. تائێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 10 کەس و برینداربوونی زیاتر لە هەزار کەسی دیکە.
هەروەها 152 کەسی دیکەش هێشتا لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا گیریان خواردووە.
بوومەلەرزەکە زیانی گەورەشی بە ژێرخانی تایوان گەیاندووە و بەهۆیەوە، 125 باڵەخانە زیانیان پێگەیشتوون، کە 28یان بە تەواوەتی رووخاون. 35 شەقامی سەرەکیش تێکچوون، زیاتر لە 91 هەزار کەس بێ کارەبا بوونە.
بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی تایوان لەدوای ئەو بوومەلەرزە گەورەیە، زیاتر لە 40 پاشلەرزەش لە ناوچەکەیان داوە.
ولیەم لای، جێگری سەرۆکی تایوان دەڵێت، "ئەوەی ئێستا گرنگە ئەوەیە کە ئەو خەڵکەی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکان گیریان خواردووە. دەبێت بە وردی کار بۆ رزگارکردنیان بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بریندارەکان بەزووترین کات و باشترین چارەسەر وەربگرن."
بوومەلەرزەکەی رۆژی سێشەممە، بە گەورەترین بوومەلەرزە لە 25 ساڵی رابردووی تایوان دادەنرێت و کەشناسیش هۆشداریداوە لە ئەگەری روودانی بوومەلەرزەی زیاتر لە چەند رۆژی داهاتوودا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ