ئەمریکا لە مانگی ئاداردا 303 هەزار هەلی کاری رەخساندووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کاری ئەمریکا دەڵێت، لە مانگی ئاداردا 33 هەزار هەلی کاری زیاتر بەراورد بە مانگی شوباتی 2024 لە ئەمریکا رەخسێندراون.
رۆژی هەینی، 05-04-2024، وەزارەتی کاری ئەمریکا بڵاویکردەوە، "ئەمریکا لە مانگی ئاداردا توانیویەتی 303 هەزار هەلی کار بڕەخسێنێت".
بەگوێرەی داتا فەرمییەکانی ئەو وەزارەتە، "ژمارەی کارە رەخسێندراوەکانی ئادار لە شوبات زیاترن. لە شوباتدا 270 هەزار هەلی رەخسێندرابوون".
هەرچی لەبارەی رێژەی بێکارییە، وەزارەتەکەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە کە "بێکاری لە شوبات ٪3.9 بوو؛ لە ئاداریش رێژەی بێکاری بۆ 3.8٪ دابەزیوە و ئەوەش لەگەڵ پێشبینییەکانمان یەک دەگرێتەوە".
وەزارەتی کار لەبارەی مووچەیشەوە دەڵێت، "گەشەی مووچە ٪0.3 زیادی کردووە و ئەو مووچەیەی لە بەرامبەر هەر کاژێرێکی کارکردن دەدرا ٪4.1 بەراورد بە پار زیادی کردووە".
ئابووریی ئەمریکا بە گەورەترین ئابووری دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و رکابەری دۆناڵد ترەمپ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی خولی داهاتوو شانازی بەوەوە دەکات کە ئەو بووەتە هۆکارێک ئابووریی ئەمریکا باشتر بێت.
رۆژی 08-03-2024 جۆ بایدن لە گوتاری ساڵانەیدا باسی لە کۆمەڵێك داتای ئابووری کرد، لەوانەش رەخساندنی هەلی کار بە ئاستێکی پێوانەیی و کەمبوونەوەی بێکاری.
بایدن گوتی، "ئابوورییەکم بەمیرات گرت کە لەسەر لێواری داڕمان بوو، بەڵام ئێستا هەموو جیهان ئیرەیی بە ئابوورییەکەمان دەبات."
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "لە سێ ساڵدا 15 ملیۆن هەلی کاری نوێمان رەخساندووە. ئەمە ئاستێکی پێوانەییە. بێکاری لە نزمترین ئاستی 50 ساڵی رابردوودایە."
بەڵام ئەمریکاش هاوشێوەی زۆر وڵاتی دیکە رووبەڕووی هەڵاوسان بووەتەوە.
لە ئاداری ساڵی رابردووەوە و بەهۆی کاریگەریی شەڕی ئۆکراینا و هەڵاوسانەوە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا 11 جار سوودی بانکی بەرزکردووەتەوە و ئێستا رێژەکە 5.50٪ـیە، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە 20 ساڵی رابردوودا.