وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: ئۆکراینا دەبێتە ئەندامی ناتۆ
رووداو دیجیتاڵ
75ەمین ساڵیادی دامەزراندنی هاوپەیمانیی سەربازی ناتۆیە و لە بڕۆکسلی پایتەختی بەلجیکا وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی هاوپەیمانییەکە کۆبوونەوە. یەکێک لە گرنگترین مژارەکانیان بە ئەندامبوونی ئۆکراینا بوو.
حەوت مانگ دوای دەستپێکی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا، کیێڤ داوای بە ئەندامبوونی پێشکێشی ناتۆ کرد. ئۆکراینا دەیەوێت بە زووترین کات ببێتە ئەندام و سوود لە بڕگەی پێنجەمی هاوپەیمانییەکە ببینێت کە دەڵێت، هێرشکردنە سەر هەر ئەندامێکی هاوپەیمانێتییەکە هێرشکردنە بۆ سەر هەموو ئەندامەکانی.
دمیترۆ کولیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا دەڵێت، "ئەمە کەوتووەتەوە سەر هاوپەیمانەکان خۆیان؛ بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر جۆر و شێوازی هەنگاوی داهاتووی ئۆکراینا بۆ بەئەندامبوونی لە ناتۆ بدەن. تێدەگەم کە بڕیارەکە دراوە و لایەنی سەربازی هاوپەیمانییەکە بڕیار دەدات کە ئەو هەنگاوە چی دەبێت. بەدڵنیاییەوە، پێمانوایە کە ئۆکراینا شایستەی بە ئەندامبوونە لە ناتۆ و ئەمەش پێویستە رووبدات جا زوو بێت یان درەنگ."
هاوکات ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "ئۆکراینا دەبێتە ئەندامی ناتۆ. ئامانجمان لە لووتکەکە دروستکردنی پردێکی بە ئەندامبوون و رێگەیەکە بۆ هاتنە پێشەوەی ئۆکراینا. لەم چەند رۆژەی رابردوو لە برۆکسل کاری زۆرمان لەسەر کردووە. کاری زۆریشمان ماوە لە ئێستاوە تاوەکو لووتکەی داهاتوو بیکەین."
جگە لە ئۆکراینا، دوو وڵاتی دیکەش ویستی بە ئەندامبوونیان هەیە کە جۆرجیا و بۆسنیان، ویستێک کە مۆسکۆ چەندین جار دژایەتی خۆی بۆ دەربڕیوە. هەروەها بەشێک لە ئەندامانی ناتۆش بە ناڕاستەوخۆ دژایەتی خۆیان بۆ فراوانکردنی هاوپەیمانییەکە دەردەبڕن.
پیتەر سیارتۆ، وەزیری دەرەوەی هەنگاریا ئاماژە بەوە دەکات، "لە گفتوگۆکانی دوو رۆژی داهاتوودا، هەنگاریا دژی هەر پێشنیازێک دەوەستێتەوە کە ببێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکانی جەنگی ئۆکراینا کە مەترسییەکی راستەوخۆی جەنگی جیهانییە، یان هەر پێشنیازێک ببێتە هۆی ناکۆکی نێوان ناتۆ و رووسیا."
هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسیی ناسراو بە ناتۆ 75 ساڵ لەمەوبەر لە 1949 دامەزرا و ئێستا 32 ئەندامی هەیە لەوانەش: ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، سوێد، بەلجیکا و تورکیا.
پەیامی یەکەم و گشتیی ئەم ساڵی سکرتێری گشتیی ناتۆ ئەوە بوو کە ئەمریکا و ئەوروپا پێویستە پێکەوە بمێننەوە، لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ چاوەڕوانی گەڕانەوەیە بۆ سەر کورسیی سەرۆکایەتی و هێرشەکانی رووسیاش بۆسەر ئۆکراینا تادێت تووندتر دەبن.
ستۆڵتنبێرگ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە برۆکسل گوتی، ئۆکراینا پێویستی بە "بەرگریی ئاسمانیی زیاتر و چەک و تەقەمەنیی زیاتر هەیە." هەروەها جەختیکردەوە کە ناتۆ "بەشێک نەبووە لە ململانێکە" و پلانیشی نییە ببێت، بەڵام بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی یارمەتی بۆ ئۆکراینا.