کەنەدا 19 ژن و منداڵ لە رۆژئاوای کوردستان دەگەڕێنێتەوە

05-04-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

19 ژن و منداڵی بە رەچەڵەک کەنەدی کە گوماندەکرێت کەسوکاری چەکدارانی داعش بن، لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان دەگەڕێندرێنەوە وڵاتەکەیان. 
 
میدیای کەنەدی، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە لەسەر زاری لۆورنس گرینسپن، پارێزەری ژن و منداڵەکان بڵاویکردەوە، شەش ژنی کەنەدی لەگەڵ 13 منداڵیان، دەستیان بە گەشتەکەیان کردووە بەرەو کەنەدا. 
 
گرینسپن بە میدیای کەنەدای گوتووە، شەش ژن، شەوی سێشەممە، لە کەمپی رۆژ هێندراونەتە دەرەوە بۆ ئەوەی رەوانەی کەنەدا بکرێنەوە. گرینسپن دەڵێت: "ئەمە هەواڵێکی خۆشە. ئەمە ئەو شتەیە کە ماوەی سێ ساڵە لە رێگەی دادگەوە هەوڵی بۆ دەدەین."
 
بە گوتەی گرینسپن، حکومەتی کەنەدا لە هەوڵدا بووە بۆ گەڕاندنەوەی ژمارەیەک ژن و منداڵ لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان. ژنەکان تائێستا هیچ تۆمەتێکیان نەخراوەتە پاڵ. 
 
وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا کانوونی دووەمی ئەمساڵ رازیبوو ئەو هاووڵاتییانەی بگەڕێندرێنەوە. ئەوکات وەزارەتەکە رایگەیاند هەڵسەنگاندن بۆ یارمەتیدانی بەندکراوەکانی دیکەش دەکات. 
 
پاییزی ساڵی رابردوو، 26 ژن و منداڵ لە لایەن کەنەداوە بە نامە پێیانگوترا رێگەپێدراون داوای گەڕانەوە بکەن. 
 
گرینسپن هەروەها بەرگری لە دایکێکی هەرێمی کوبێک و شەش منداڵی نێو یەکێک لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکات کە بە گوتەی خۆی، هێشتا روون نییە لەگەڵ ژن و منداڵەکانی دیکەدا دەگەڕێندرێنەوە یان نا. شەوی رابردوو، لە لایەن ژنەکەوە پەیوەندیی پێوەکرابوو و پێی راگەیێنرابوو کە ئامادەیە شەش منداڵەکەی ببردرێنەوە کەنەدا، بەڵام بەو مەرجەی خۆیشی لەگەڵیاندا بێت. 
 
وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا دەڵێت، گەڕانەوەی شەش منداڵەکە رێگەپێدراوە، بەڵام دایکەکەیان ناتوانێت بگەڕێتەوە، چونکە هێشتا لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی ئەمنی لەبارەیەوە تەواو نەبووە، ئەمە وەک پارێزەرەکە باسی دەکات. 
 
گرینسپن رەخنە لە حکومەتی کەنەدا دەگرێت کە تائێستا هەڵسەنگاندنەکەی تەواو نەکردووە، چونکە بە گوتەی خۆی، دایکەکە لە 24ـی تشرینی دووەمەوە داوای گەڕانەوەی پێشكێشکردووە. 
 
پارێزەرەکە دەڵێت: "جیاکردنەوەی دایکێک لە منداڵەکانی پێچەوانەی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافەکانی منداڵانە کە کەنەداش واژۆی لەسەر کردووە."
 
گرینسپن هەروەها دەڵێت، رێگریکردنەکە دژی ئەو سیاسەتەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیە کە کانوونی دووەمی ساڵی 2021 راگەیێندراوە، کە دەڵێت: "نابێت دایک و باوک لە منداڵ جیابکەیتەوە."
 
ترودۆ دەڵێت دۆخی سووریا "شلۆقە"
 
رۆژی چوارشەممە پرسیار لە جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا کرا کە ئایا رێگری لەو دایکەی خەڵکی کوبێک، پێچەوانەی یاسایە، لە وەڵامدا گوتی: "دۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا زۆر شلۆقە. مایەی نیگەرانیی گەورەیە بۆ هەموو کەسێک لە سەرانسەری جیهان، کەنەداش زۆر زۆر زۆر لەنزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات و لەگەڵ هەموو بەرپرسیاریێتییەکانمان لە پەیوەندیدایە، بەڵام لەبەر چەند هۆکارێکی روون، هیچی دیکە لەبارەی پرسەکەوە ناڵێم."
 
ئاسیا هیجری، پارێزەری کۆچبەران لە تۆرنتۆ، رۆژی چوارشەممە بە میدیای وڵاتەکەی گوتووە، لەلایەن هەندێ سەرچاوەوە پێی راگەیێندراوە کاژێر 1:00ـی دوای نیوەڕۆ بە کاتی نێوخۆی حەسەکە، ژمارەیەکی نادیاری هاووڵاتییانی کەنەدی کەمپی رۆژیان جێهێشتووە. 
 
هیجری بەرگری لە دوو ژنی بیانی و سێ منداڵی کەنەدی دەکات. بە گوتەی خۆی، بریکارەکانی لە نێو ئەو خێزانانەدا نەبوون کە گوێزراونەتەوە.
 
هیجری دەڵێت: "زۆر دڵگرانم کە وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا کەنەدییەکان دەگەڕێنێتەوە، بەڵام دەهێڵێت شەش منداڵی کەنەدی لەنێوبچن."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە