رووداو دیجیتاڵ
شاندێک لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆنفیدراسیۆنی دیاسپۆرای کوردستانی لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە. دوو ئەندامی شاندەکە بە رووداویان راگەیاند، کۆبوونەوەکەیان کاژێر و نیوێکی خایاندووە و سەرۆک بارزانی جەختی لەسەر پەروەردەی زمانی کوردی لە دیاسپۆرا کردووەتەوە.
زازا کۆلاشۆڤ، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی لە گورجستان و ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی کۆنفیدراسیۆنی دیاسپۆرای کوردستانی لە کاتی بەشداریکردنی لە نووڕۆژی رووداو، کە ئەمڕۆ چوارشەممە نالین حەسەن پێشکێشی کرد، گوتی، بەپێی دەستوور کورد مافی خوێندنی زمانی دایکی هەیە، مافی کولتووری و کاری راگەیاندنیشی هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی مامۆستا و کتێبی زمانی کوردی ئەم مافە بەکار ناهێندرێت.
کۆلاشۆڤ بەڵێنی دا لە ماوەیەکی نزیکدا کێشەکانی پەروەردەی زمانی کوردی چارەسەر بکرێن و دووبارە لە قوتابخانەکانی گورجستان منداڵانی کورد فێری زمانی دایکیان ببن.
سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی لە گورجستان دەڵێت، ژمارەی کورد لە گورجستان کەم بووە، پێشتر 40 هەزار بوون، بەڵام ئێستا 20 هەزارن و بە هۆکاری ئابووری کۆچ دەکەن بۆ وڵاتانی ئەورووپا و رووسیا.
وەزیر کنیاز، کە خەڵکی کازاخستانە و لە هەمان کاتدا ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی کۆنفیدراسیۆنی دیاسپۆرای کوردستانییە، بە رووداوی راگەیاند، لە کازاخستان نزیکەی 130 نەتەوەی جیاواز هەن و بەپێی دەستوور، مافی ئەوەیان هەیە لە قوتابخانەکان فێری زمانی دایکیان ببن.
هەروەها دەڵێت لە قوتابخانەکانی کازاخستان وانەی کوردی دەگوترێتەوە، کورد وەکو هەر کازاخییەکی دیکە مافی هەیە لە زانکۆ بخوێنێت و کار بکات.
لەبارەی ژمارەی کورد، وەزیر کنیاز گوتی، "100 هەزار کورد لە کازاخستان دەژین، بەڵام سەرەڕای ئەوە لەم خولی پەرلەمانە هیچ نوێنەرێکیان نییە." دەشڵێت، لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو گەنجێکی کورد پەرلەمانتار بوو کە ناوی وەکیل نەبیڤە.
لە 4 و 5ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2021 لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و بە بەشداری سەرۆک بارزانی و 150 نوێنەری دیاسپۆرا، کۆنگرەی دامەزراندنی کۆنفیدراسیۆنی دیاسپۆرای کوردستانی بەڕێوەچوو و لەو کاتەدا لە راگەیاندنی خۆیدا رایگەیاند، دەیەوێت کوردانێک کە باوەڕیان بە سەربەخۆیی کوردستان، بە رێگای دیموکراسی و ئاڵای کوردستان هەیە، لە ژێر سێبەرێکدا کۆ بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ