رووداو دیجیتاڵ
دەنگدان لە 15 ویلایەتی ئەمریکا لە هەڵبژاردنی بەرایی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات کە بە "سێشەممەی گەورە" ناسراوە، بەڕێوەدەچێت.
هەڵبژاردنی سێشەممەی گەورە بە رۆژێکی یەکلاییکەرەوە لە پڕۆسەی دیارییکردنی بەربژێری هەردوو پارتەکە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە کۆتایی ئەم ساڵ دادەندرێت.
ئەمڕۆ 134 ملیۆن کەس لە 15 ویلایەتی ئەمریکا بەشداری لە هەڵبژاردنی بەرایی کۆماریی و دیموکراتەکان دەکەن.
چاوەڕوان دەکرێت بەربژێری سەرەکی هەردوو پارتەکە کە هەریەکە لە جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکانن، پێگەی خۆیان لەنێو پارتەکەیان بەهێز بکەن و لە سێشەممەی گەورەدا سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکەن و نزیک ببنەوە لە بوونیان بە بەربژێری سەرەکی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
هەڵبژاردنەکە بڕیارە لە 5ی تشرینی دووەمی 2024 بەڕێوەبچێت.
دۆناڵد ترەمپ و نیکی هەیلی لەنێو کۆمارییەکان تەنیا دوو بەربژێرن رکابەرایەتی دەکەن؛ ترەمپ تائێستا بە سەرکەوتنی لە حەوت ویلایەت توانیویەتی 273 نوێنەری کۆمارییەکان لەو ویلایەتانە بۆ خۆی ببات. بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی کۆمارییەکان، هەر بەربژێرێک تاوەکو ببێتە بەربژێری فەرمیی پارتەکەی پێویستە هەزار و 215 نوێنەر بەدەستبهێنێت. ئەوە لەکاتێکدایە لەو حەوت ویلایەتەدا نیکی هەیلی تەنیا 43 نوێنەری بۆ خۆی بردووە.
لە هەڵبژاردنەکانی سێشەممەی گەورەدا 865 نوێنەری پارتی کۆمارییەکان دەنگیان بۆ دەدرێت.
لەنێو دیموکراتەکان سێ کەس بەربژێرن: جۆ بایدن، دین فلیپس و ماریان وڵیەمسن.
تائێستا بایدن پاڵپشتی 206 نوێنەری بەدەستهێناوە. دیموکراتەکان ئەمڕۆ دەنگ بۆ هەزار و 420 نوێنەر دەدەن. بەربژێری ئەو پارتە پێویستی بە 1968 دەنگی ویلایەتەکانە بۆ ئەوەی ببێتە بەربژێری فەرمی.
هەڵبژاردنی سێشەممەی گەورە، رۆژێک دوای بڕیاری دادگەی باڵای ئەمریکا هات کە بڕیاریدا ترەمپ مافی خۆبەربژێرکردنی لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ