ئەمریکا بۆ حەماس: دەستبەجێ ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل قبووڵ بکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوا لە بزووتنەوەی حەماس دەکات، "دەستبەجێ ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل قبووڵ بکات." ئەوەش لە کاتێکدایە، شاندێکی حەماس لەگەڵ قەتەری و میسرییەکان لە قاهیرە لەبارەی ئاگربەست گفتوگۆیان کرد.
 
رۆژی سێشەممە 5ی ئاداری 2024 ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ محەممەد بن عەبدولڕەحمان، وەزیری دەرەوەی قەتەر لە واشنتن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "دەرفەتی گەیشتن بە ئاگربەستێکی دەستبەجێمان هەیە کە دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی بارمتەکان ئازاد بکرێن و ئەو بڕە هاوکارییەی کە دەگەیێندرێتە غەززەش زیاد بکرێت."
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، قسەی کۆتایی لەبارەی ئاگربەستەکە لای حەماسە، "دەکەوێتە سەر حەماس بۆ ئەوەی بڕیار بدات کە ئایا ئامادەیە بۆ ئاگربەست یان نا."
 
هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا وەزیری دەرەوەی قەتەر، کە وڵاتەکەی رۆڵێکی نێوەندگیر و سەرەکی لە گفتوگۆی نێوان حەماس و ئیسرائیلدا دەگێرێت، بەڵێنی دا "قەتەر بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە ئاگربەست."
 
وەزیری دەرەوەی قەتەر گوتی، "سەرەڕای ئەوەی هەر کەسێک هەوڵی تێکدانی هەوڵەکان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی دەدات، ئێمە دەمانەوێت ئاشتی بەرقەرار بێت، دەمانەوێت کۆتایی بەو دۆخە مرۆییە بهێنین کە هەیە؛ دەمانەوێت بارمتەکان بگەڕێنەوە نێو خێزانەکانیان."
 
لەبارەی گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە، بلینکن داوای لە ئیسرائیل کرد کە رێگە بدات هاوکاریی مرۆیی زیاتر بگەیێندرێتە غەززە و هۆشداریشی دا لەوەی برسێتی لە کەرتەکە زیادیکردووە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، شاندێکی حەماس بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ئاگربەستەکە لە قاهیرەیە.
 
نێوەندگیرە میسری، قەتەری و ئەمریکییەکان ماوەی چەندین هەفتەیە هەوڵ دەدەن حەماس و ئیسرائیل بگەیێننە رێککەوتنێک بۆ ئەوەی پێش مانگی رەمەزان شەڕ بوەستێت.
 
جەنگی غەززە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە لە 7ی تشرینی یەکەمی پار، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیان کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە. لەو رۆژەدا، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، هەزار و 160 کەس کوژران کە زۆربەیان سڤیل بوون. بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، ئەو رۆژەی حەماس هێرشەکەی کرد لانیکەم 240 هاووڵاتیی ئیسرائیلی کەوتنە دەست ئەو گرووپە چەکدارە و ئیستا 130یان لاماون.
 
لە بەرامبەردا ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکەی بە بۆردوومانکردن و هێرشکردنەسەر کەرتی غەززە دایەوە. بە گوتەی تەندروستی کەرتی غەززە، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە 30 هەزار و 631 کەس کوژراون و زیاتر لە 71 هەزار و 700ی دیکەش بریندار بوون.