هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ئیستۆنیا بەڕێوەدەچێت


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ئیستۆنیای ئەندام لە ناتۆ و دراوسێی رووسیا بەڕێوەدەچێت و چاوەڕوان دەکرێت دەنگی ئەو راستڕۆیانە زیادبکات کە دژی پێدانی چەکن بە ئۆکراینا. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی ئاداری 2023، هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئیستۆنیا بەڕێوەدەچێت و بەگوێرەی راپرسییەکان، چاوەڕوان دەکرێت پارتی ریفۆرم کە پارتی کایا کاڵاسی سەرۆکوەزیرانە لە پلەی یەکەم بێت، بەڵام بۆ پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە پێکهێنانی هاوپەیمانییەک دەبێت. 
 
هەڵبژاردن کاژێر 9:00 بەکاتی نێوخۆ [10:00ـی بەیانی بەکاتی هەولێر] دەستپێدەکات و چاوەڕوان دەکرێت ئەنجامی بەرایی رۆژی دووشەممە رابگەیێندرێت. نزیکەی 900 هەزار کەسیش مافی دەنگدانیان هەیە. 
 
بەگوێرەی راپرسییەکی ناوەندی کانتار ئێمۆری، پارتی ریفۆرمی سەرۆکوەزیران 28.7٪ دەنگەکان بەدەست دەهێنێت و پارتی ئێکرێی ئەوپەڕی راستڕۆش لە پلەی دووەم دێت و نزیکەی 18.2٪ـی دەنگەکان دەباتەوە.
 
دەنگی پارتەکانی دیکەش، بەگوێرەی راپرسییەکە بەمشێوەیەیە: پارتی سەنتەری نێوانڕۆی مەیلەو چەپ 13.4٪، ئیستۆنیا 200ـی لیبراڵ 13.4٪، سۆسیال دیموکراتی نێوانڕۆی مەیلەو چەپ 10.1٪ و  پارتی ئیسامای راستڕۆش 8.5٪ دەنگەکان بەدەستدەهێنن. ژمارەی دانیشتووانی ئیستۆنیا 1.3 ملیۆن کەسە و هاوسنوورە لەگەڵ رووسیا؛ پەرلەمانەکەی 101 کورسی هەیە و هەموو کورسییەکان ئەمڕۆ هەڵدەبژێردرێن. 
 
گرنگیی هەڵبژاردنی وڵاتەکەی ناوچەی بەڵتیک لەوەدایە کە ئەندامە لە هاوپەیمانیی ناتۆ و یەكێتیی ئەوروپا و سەرکردەکانیشی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن هاوکاریی سەربازیی زیاتر بدەنە ئۆکراینا. 
 
بڕی ئەو هاوکارییە سەربازییەی تاوەکو ئێستا ئیستۆنیا بە ئۆکراینای داوە 370 ملیۆن یۆرۆیە کە 1٪ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆی وڵاتەکە پێکدەهێنێت. ئەوەش بە بەراورد بە قەبارەی ئابوورییەکەی، بە گەورەترین بەخشین بە ئۆکراینا دادەنرێت. 
 
لەلایەکی دیکەوە، قەیرانی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان لە ئیستۆنیا بەردەوامە و یەکێک لە گەورەترین هەڵاوسانەکانی لە ئەوروپادا تۆمارکردووە، بە جۆرێک هەڵاوسان لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا گەیشتە 18.6٪.