لە شارۆچکەیەکی کالیفۆرنیا نزیکەی دوو مەتر بەفر باریوە

رووداو  دیجیتاڵ

لە شارۆچکەی رەنینگ سپرینگس لە باشووری ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، لانیکەم مەترێک و 80 سانتیمەتر بەفر باریوە. بەفرەکە وایکردووە، خەڵک لە ماڵەکانی خۆیان یان شەقامە گشتییەکانی ویلایەتەکە گیربخۆن و تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەوڵی رزگارکردنیان دەدەن.
 
دەون رۆ، سەرۆکی بەرگریی شارستانی سان بێرناردینۆ، شارێکی کالیفۆرنیا کە شارۆچکەی رەنینگ سپرینگ لە سنووری ئەو شارەیە، دەڵێ "دەزانین دۆخێکی زۆر قورسە بۆ هەموو ئەوانەی لە شاخەکان گیریان خواردووە. دوێنی توانیمان زۆر کەس لە ماڵەکانیان رزگار بکەین، زۆریش هێشتا گیریان خواردووە".
 
ئەو بەفرەی لە باشووری کالیفۆرنیا باریوە، بەراورد بەو بەفرەی پێشتر بە تێکڕای ساڵانە تۆمارکراوە، بەڕێژەی 177٪ زیاترە، بۆیە سەرچاوە ئاوییەکانی ئەو ویلایەتەی بوژاندووەتەوە.
 
وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی ئەمریکا دەڵێت، بەهۆی بەفرەکەوە 51٪ـی ویلایەتەکە لە مەترسیی وشکەساڵی دەرچووە؛ لە کاتێکدا ساڵی رابردوو لە تەواوی ویلایەتەکەدا وشکەساڵی راگەیێنرا.
 
ویلیامس، ئەفسەری چاودێریکاری ئۆتۆبانی کالیفۆرنیا باسی ئەو بەفرە زۆرە دەکات، شۆکە و دەڵێ  "10 ساڵە لێرەم، بڕواناکەم هەرگیز بەم شێوەیە رێگەکەمان بە تەواوی لێ گیرابێت".
 
تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەڵێن، بەفرەکە بە جۆرێک بەربەستی بۆ هاووڵاتیان دروستکردووە؛ لە سێ رۆژی رابردوودا هاووڵاتیان 500 تەلەفۆنیان بۆ داواکردنی هاریکاریی مرۆیی و پێداویستی تەندروستی بەپەلە کردووە. باس لەوەش دەکەن، لانیکەم 40 هەزار هاووڵاتی بێ کارەبا ماونەتەوە.