یەکەم رۆژی سەردانی پاپا فرانسیس بۆ عێراق

05-03-2021

23:58

نەتەوەیەکگرتووەکان: سەردانی پاپا فرانسیس بۆ عێراق نیشانەی هیوایە

پاپا فرانسیس لە کەنیسەی سەیدە ئەلنەجات لە بەغدا. وێنە: AFP

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ پاپا فرانسیس گەیشتە عێراق و ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق بە نیشانەی هیوا دادەنێن. 
 
یونسکۆ، رێکخراوی پەروەردەیی زانستی و کولتووریی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، سەردانی پاپا فرانسیس بۆ عێراق وەکو "پەیامێکی ئاشتی و یەکگرتوویی لەسەر بنەمای فرەنەتەوەیی" دێت.
 
بڕیارە رۆژی یەکشەممە پاپای ڤاتیکان سەردانی موسڵ بکات و لەوێ نزا بۆ قوربانیانی دەستی داعش بکات. کەریم خان، سەرۆکی لیژنەی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش دەڵێت، "سەردانی پاپا فرانسیس بۆ عێراق و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە ئایینییەکان و سەردانکردنی شوێنە ئایینییەکان، پەیامی یەکگرتوویی و ئاشتی و پێکەوەژیانی نێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراق لەخۆدەگرێت، بەتایبەتیش ئەوانەی کە لە هەموو بیروباوەڕەکانەوە لەسەر دەستی داعش تووشی ئەشکەنجەدان بوون، لە نێویشیاندا پێکهاتەی کریستیان."
 
یونسکۆش ئاماژە بەوە دەکات کە سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ شاری موسڵ گرنگییەکی تایبەتی هەیە، بەهۆی ئەوەی کە شارەکە یەکێکە لە کۆنترینەکانی جیهان و بۆ ماوەی چەندین سەدە ناوەندی کولتووری و ئایینی تەواوی جیهان بووە، هەروەها لە ماوەی خەلافەتی خۆڕاگەیێندراوی داعش لە ساڵی 2014 تاوەکو 2017 خەڵکی شارەکە دووچاری دەردەسەریی گەورە بوو.
 
زیاتر بخوێنەوە

21:51

کاردانەوەی سەردانی پاپا لە میدیا جیهانییەکاندا

کاتی گەیشتنی پاپا فرانسیس بە فڕۆکەخانەی بەغدا

رووداو دیجیتاڵ

سەردانی پاپا فرانسیس بۆ عێراق دەنگدانەوەی گەورەی لە میدیا جیهانییەکاندا دروستکرد، پاپا فرانسیس یەکەمین پاپای ڤاتیکانە سەردانی عێراقی کردبێت. 

وێڕای مەترسییەکانی کۆرۆنا و بارودۆخی ئێستای عێراق، پاپا سوور بوو لەسەر سەردانەکەی. ئەو هۆکارانە وایکردووە کە میدیا جیهانییەکان بە گەرموگوڕییەوە باس لە سەردانی 266ـەمین پاپای ڤاتیکان بکەن. 

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لەژێر ناونیشانی "پاپا دەست بە گەشتێکی پڕ لە هێما و مەترسی بۆ عێراق دەکات" دەنووسێت، "بە هەڵبژاردنی عێراق وەکو یەکەم شوێن بۆ سەردانەکەی دوای دەستپێکردنی کۆرۆنا، فرانسیس راستەوخۆ خۆی کرد بە نێو پرسەکانی ئاشتی شەڕ و هەژاری و ناکۆکییە ئایینییەکان لە خاکێکی پیرۆزی دێریندا."

هاوکات رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی لەبارەی کات و شوێنی سەردانەکەی پاپا دەڵێت، "بە بڕیاردان لەسەر گەشتکردن، سەرەڕای مەترسییەکان، بۆ وڵاتێک کە زیاتر لە هەموو شتێک بە شەڕ و ئازارچەشتن بەناوبانگە، فرانسیس هەندێ لەو تایبەتمەندییانەی خۆی لێکداوەتەوە کە ساڵانی پێشوو وایانکردبوو پاپایەتییەکەی وەکو شتێکی نوێ دەربکەوێت".

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەی واشنتن پۆستدا هاتووە: "پاپا فرانسیس لە کاتێکدا گەشت دەکات کە کەسایەتییە جیهانییەکانی دیکە لە شوێنی خۆیان وەستاون، [پاپا فرانسیس] مەبەستیەتی رۆڵێک لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتێکدا بگێڕێت کە چەندین دەیەیە ئەو هەوڵانە شکستیان هێناوە. سەردانەکەی بە پێشاندانی بوێری هەژماردەکرێت بۆ وڵاتێک کە هەوڵدەدات خۆی لە شوێنەواری داگیرکاریی ئەمریکا و دڕندایەتیی داعش رزگاربکات، کە داعش گرووپێک بوو هەڕەشەی داگیرکردنی رۆمای دەکرد."

رۆژنامەی دەیلی تەلەگرافی بەریتانی دەنوسێت: "پاپا دەیەوێت بە سەردانە مێژووییەکەی بۆ عێراق کۆتایی بە تووندوتیژی بهێنێت."

لە لایەکی دیکەوە رۆژنامەی دەیلی سەباحی تورکی لەبارەی سەردانەکەی پاپا دەڵێت، "بۆ پاپا کە هەندێکجار سەردانی ئەو شوێنانە دەکات کریستیانەکان وەکو پێکهاتەیەکی کەم ژمارەی چەوسێندراو تێیدا دەژین، کریستیانە گەمارۆدراوەکانی عێراق ئەو نموونەیەی 'شەهیدانی کەنیسەن' کە [پاپا فرانسیس] لە تەمەنی گەنجێتییەوە خۆشی ویستوون."

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لەژێر ناونیشانی "پاپا فرانسیس دەگاتە بەغدا بۆ گەشتێکی سەرکێشانەی مێژوویی لە عێراق" باس لە مەترسیە ئەمنی و تەندروستییەکانی گەشتەکەی پاپا بۆ عێراق دەکات. 

دۆچەڤیلەی ئەڵمانی لە ماڵپەڕی خۆی بڵاویکردووەتەوە "ئیبراهیم لە عێراق لەدایکبوو، هەر لەوێش بە گوێرەی ئینجیل، نەهەنگ [پێغەمبەر] یونسی قووتدا. پاپا فرانسیس سەردانی ناوچەیەک دەکات کە لە مێژوویەکی پیرۆزدا نوقمبووە."

رۆژی هەینی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لە رۆمای ئیتاڵیاوە بە فڕۆکەیەک بەرەو عێراق کەوتەڕێ و کاژێر 02:00ـی دوانیوەڕۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا نیشتەوە. لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رێوڕەسمێکی تایبەت پێشوازی لێکرا. 
 
دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ کازمی، پاپا فرانسیس بەرەو کۆشکی سەرۆکایەتی لە بەغدا بەڕێکەوت و لە رێوڕەسمێکدا لەلایەن بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق پێشوازی لێکرا. هاوکات لە نووسینگەی تایبەتی سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ بەرهەم ساڵح کۆبووەوە. 
 
هەر لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە بەغدا، لە هۆڵی کۆبوونەوەکان، پاپا فرانسیس لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، دیپلۆماتکار و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆبووەوە و گوتارێکی پێشکێشکرد. باسی گەندەڵی و بنبڕکردنی چەک و کوردانی ئێزدی کرد. گوتی ئەو پەیامی ئاشتی لەگەڵ خۆی هێناوە بۆ عێراق.
 
زیاتر بخوێنەوە

19:51

گوتەبێژی حکومەتی عێراق: لەم رۆژانە و لەم دۆخەدا زۆر پێویستمان بە پەیامەکانی پاپا هەیە

گوتەبێژی حکومەتی عێراق: لەم رۆژانە و لەم دۆخەدا زۆر پێویستمان بە پەیامەکانی پاپا هەیە

رووداو دیجیتاڵ 

حەسەن نازم، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی سەردانی پاپا فرانسیس بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سەردانی قەداسەتی پاپا بۆ عێراق گرنگییەکی تایبەتی ھەیە. ئەمە یەکەم سەردانە لەلایەن پاپاوە بۆ عێراق و لەوانەیە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژی دیکە دووبارە نەبێتەوە. "پێموایە ئێستا عێراقییەکان دەرفەتی ئەوەیان ھەیە لەسەر سەکۆی جیھاندا خۆیان ببینن."
 
چاوەڕوان دەکرێت پاپا فرانسیس پەیامێکی تایبەتی بۆ عێراق هەبێت، بەتایبەتیش لە سەردانەکەیدا بۆ نەجەف. حەسەن نازم ئاماژەی بەوە کرد، "پاپا لە نەجەف پەیامی ئاشتی دەنێرێت و لەگەڵ مەرجەعی باڵای ئایینی لە عێراق سەید عەلی سیستانی پێکەوە داوای ئاشتی بۆ عێراق و دەستبەرداربوونی تووندوتیژی و دوورکەوتنەوە لە رق و کینە دەکەن". 
 
گوتەبێژەکەی حکومەتی عێراق باسی لەوە کرد، "ئێمەش لەم رۆژانە و لەم دۆخەدا زۆر پێویستمان بەم پەیامانە ھەیە. پێموایە سەرباری ھەموو دۆخە ئەمنی و وێڕای ئەو دۆخە نالەبارەی بەھۆی پەتای کۆرۆناوە رووبەڕووی دەبینەوە، قەداسەتی پاپا سوورە لەسەر تەواوکردنی سەرجەم وێستگەکانی سەردانەکەی، گەیاندنی پەیامەکەی، ئامۆژگاری عێراقییەکان دەکات و جەخت لە کاری ھاوبەش و گیانی لێبووردەیی لەنێوانمان دەکاتەوە".
 
پاپا فرانسیس دوای ئەوەی لە فڕۆکە دابەزی و گوتارێکی پێشکێشکرد، باسی لەوە کرد، "با چەکەکان کپبکرێن و ئیدی تووندوتیژی بەسە و پێویستە کاربکەین بۆ پێکەوەژیانی نێوان ئایین و ئاینزا و نەتەوەکان".

 

 

زیاتر بخوێنەوە

19:26

سەرۆککۆماری عێراق: هەمووان زیانمەندین هیچ چارەسەرێکیش نییە جگە لە گفتوگۆ

سەرۆککۆماری عێراق: هەمووان زیانمەندین هیچ چارەسەرێکیش نییە جگە لە گفتوگۆ

رووداو دیجیتاڵ 

لە رێوڕەسمی پێشوازی لە پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق گوتارێکی پێشکێشکرد، بەخێرهاتنی پاپای کرد و خۆشحاڵیی خەڵکی عێراقی بەو سەردانە پێگەیاند. سەرۆککۆمار دواتر باسی لە کێشەکانی عێراق کرد و گوتی، تاکە چارەسەر هەر گفتوگۆیە. 
 
بەرهەم ساڵح بە پاپای گوت، "مایەی بەختەوەرییەکی مەزنمانە، کە دەبینین لەنێومانی، لێرە لە عێراق.. لەوڵاتی نێوان دوو رووبارەکە، لە وڵاتی پەیامبەران و ئایینە ئاسمانییەکان، ئێوە بەخێربێن بۆ بەغداد، ماڵی ئاشتی".
 
سەرۆککۆماری عێراق سوپاسی پاپا فرانسیسی کرد کە بە دەنگ بانگهێشتەکەیانەوە هاتووە، گوتی، "بە سەردانە شکۆدارەکەتان کە ئێمە پێمان وایە دورنمای مێژویی و ئایینی و مرۆڤایەتی ھەیە و بەڵگەی شێلگیری و ئەندازەی پەرۆشیتانە بۆ عێراق".
 
ئەمڕۆ هەینی، 5-3-2021، پاپا فرانسیس بۆ یەکەمجار سەردانی عێراقی کرد و بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە پێشوازییان لێکرد، ئەو کاژێر 02:00ـی دوانیوەڕۆ گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا. 
 
سەرۆککۆمار عێراق باسی لەوەشکرد، لەگەڵ ئەوەی لەم وڵاتە، توندوتیژی و ستەمکاری گشتگیر رووبەڕوویان بووەتەوە لە قۆناخە جیاجیاکانی مێژوودا، "بەڵام وێڕاش، عێراقییەکان شانازی دەکەن کە بەدێژایی سەدەکان، لە سەرانسەری شارەکان بەبوونی پێکھاتە و ئینتمای جیاوازەوە درێژەیان بە پێکەوەژیان داوە. موسڵمان، کریستیان، جوو، کاکەیی، سائیبی و ئێزیدی پێکەوە ھاوسێبون و وەکو برا ژیاون لە یەک شاردا و لە یەک گەڕەکدا مزگەوت و کڵێسا و حوسەینییەکانیان، نزیکی یەکدی دروستکردوون، بەجۆرێک بانگی مزگەوتەکان و زەنگی کڵێساکان لە ئاسمانی عێراق ئاوێتەی یەکدی بوون".
 
بەرهەم ساڵح لە گوتارەکەیدا باسی ئەو جەنگ و نەهامەتییانەی کرد کە بەسەر خەڵکی عێراق هاتوون، گوتی، ئەوە راستە کە عێراق ساڵانێکی دژواری تێپەڕاند، بەڵام ھەتائێستاش ئاڵنگاری گەورە بەربەستن لەبەردەم بەدیھێنانی داخوازییەکانی ھاونیشتمانیان، کە خۆی لە چاکسازیی ریشەیی لە سیستمی بەڕێوەبردن و جۆری فەرمانڕەوایی، بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری، بونیاتنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، دەستەبەری ھەلی کار بۆ گەنجان، دڵنیایی لە ئاسایش و سەربەستییەکان و گەشەپێدانی سەروەری وڵات دەبینێتەوە".
 
هەروەها لەبارەی رۆڵی عێراق، بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوە کرد، ئێستاش کە ھەر ئازار و برینە قوڵەکان لەسەر دڵ و جەستەی عێراقییەکانن، بەرپرسیارێتیمان داوامان لێدەکات، چاودێربین و سووربین لەسەر ئەوەی، کە عێراق گۆڕەپانی سازان بێت، پردێک بێت بۆ پەرەپێدان و بەردەوامکردنی ھاوکاریی نێوان دەوڵەتانی ناوچەکە، نەبێتە مەیدانێک بۆ ناکۆکی و پێکدادان. وڵاتێک بێت، خاوەنی سەروەرییەکی تەواو، ببێتە جومگەیەکی بەھێز، لە پێکھاتەی لەڕێوەبردنی ناوچەکە، لەسەر بنەمای رێزگرتن لەسەروەری و مافی مرۆڤ و گەشەپێدان و ھاریکاری ئابووری.
 
سەرۆککۆماری عێراق گوتی، "بەداخەوە، جیهانی ئێستامان لە قۆناخێکی تێکەڵکردن و دابەشبووندایە، کە تێیدا بەشێکی بەرفراوانی، بەتایبەتی لە رۆژهەڵات، توانای قبووڵکردنی جیاوازییەکان و فرەیی لەدەستداوە. تیرۆریزم، هاندانی تووندوتیژی، گوتەی پڕ لە رق و کین و کاری دڕەندییانە بە پاساوی جۆراوجۆر، هیچ کام لەوانە پەیوەندییان بە پەیامی ئاسمانییەوە نییە و ئەوەی دەشگوزەرێت هەڕەشەیە لەسەر داهاتوومان. هەربۆیە پێویستە کاربکەین بۆ وەڵامدانەوەی ئایدیۆلۆژی تووندڕەوی و ریشەکێشکردنی تیرۆریزم. پێویستە لە بواری پێکەوەژیان و جیاوازییەکاندا سەرکەوتوو بین کە وڵاتەکانمان پێوەی گرێدراوە". 

 

 
 
بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق باسی لەوەشکرد، "لەم دۆخەی ناوچەکەماندا دەوڵەتان ھەن، زیانەکانیان بە خوێن و ئاوەدانی بووە، دەوڵەتانیش ھەن، زیانەکانیان بە پارە و سامان بووە، کەواتە ھەمووان زیانمەندی ئاژاوەیەکی تاریکین، ھیچ چارەیەکیش نییە جگە لە دیالۆگ". 
 
لە درێژەی گوتارەکەیدا، بەرھەم ساڵح رایگەیاند، ھەلومەرجی ژیان لەژێر ھەڕەشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا دووپاتی ئەو راستییە دەکاتەوە کە جیھان پێوستی بە ئاشتی، ھەماھەنگیی و دەسگیرۆیی یەکدی ھەیە. "پێویستی بە تێپەڕاندنی دیدی جیاکاری و دابەشکاری جەمسەرگیرییە جیاوازەکانە، ئەمەش لەپێناو بەگەرخستنی توانستە کۆمەڵایەتییەکان، بەئامانجی بەدیھێنانی ئەو پێشکەوتنانەی بۆ ژیان و مرۆڤایەتی پێویستن".
 
زیاتر بخوێنەوە

17:04

ئەو تابلۆیەی پاپا فرانسیس پێشکێشی سەرۆککۆماری کرد چ ئاماژەیەکی تێدایە؟

تابلۆی سەردانیکردنی پاپا فرانسیس بۆ عێراق

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ پاپا فرانسیس بۆ یەکەمجار سەردانی عێراقی کرد و بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە پێشوازییان لێکرد، سەردانی کەسایەتییەکی دیاری جیهانی وەکو رووداوێکی گرنگ سەیر دەکرێت، لەو نێوەندەشدا ئامادەکاری و رێکخستنی جۆراوجۆر لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پێشوازی لە پاپا فرانسیس کراوە.
 
د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە کاتی پێشوازیکردن لە پاپای ڤاتیکان تابلۆیەکی وەرگرت کە لە ڤاتیکان دروستکراوە، تابلۆکە وەکو لۆگۆیەک بۆ سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ عێراق دروستکراوە.
 
لەسەر تابلۆکە سێ وێنە کێشراوە کە پێکهاتوون لە: پێغەمبەر ئیبراهیم ئەو کاتەی ئووری بەجێهێشت، نەخشەی عێراق و وێنەی دارخورمایەک. هەریەک لەو وێنانە ئاماژە و مەبەستێکیان هەیە.
 
پێغەمبەر ئیبراهیم بە باوکی ئایینە ئاسمانییەکان (جوو، کریستیان و ئیسلام) دادەنرێت و لەلایەن کریستیان و موسڵمانەکانیش پێگەیەکی بەرزی هەیە، دانانی وێنەی ئەو پێغەمبەرە واتای یەکگرتن و پێکەوەژیانی ئایینەکانە. پێغەمبەر ئیبراهیم لە شاری ئوور، کە دەکەوێتە باشووری عێراق لەدایکبووە و بڕیارە پاپا فرانسیس سەردانی شوێنەواری ئەو شارە مێژووییە بکات.
 
پاپا فرانسیس بەراورد بە پاپاکانی پێش خۆی پەیوەندیی لەگەڵ ئایینەکانی دیکە و بەتایبەت ئیسلامیش باشترە و پێشوازی لە دیالۆگی نێوان ئایینەکان دەکات، هەمیشە خۆی بە هاوڕێ و برای کۆمەڵگە ئیسلامییەکان نیشان داوە و رێزگرتن لە پیرۆزییەکانی ئایینەکانی دیکە بە پێویستیەکی گرینگ دەزانێ لە پێناو برەوپێدانی ئاشتی و مەعنەوییەت لە جیهاندا. 
 
یەکێکی دیکە لە وێنەکان نەخشەی عێراقە ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بە یەکەم سەردانی پاپا فرانسیس بۆ ئەو وڵاتە، هەروەها دارخورمایەک کە لە شوێنەواری شاری ئوور رواوە، ئەوەش وەکو دیسانەوە ئاماژەدان بە شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیم.
 

شوێنەواری شاری ئوور، شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیم. وێنە: AFP

لە خوارەوەی لۆگۆکە بە پیت و ژمارەی رۆمانی رێککەوتی سەردانیکردنی پاپا فرانسیس بۆ عێراق نووسراوە کە لە 5ـی ئادارەوە بۆ 8ـی ئاداری 2021 دەخایێنێت.
 
پاپا فرانسیس دەبێتە یەکەم پاپا کە سەردانی عێراق بکات، ئەو دەڵێت پێشتر عێراقییەکان چاوەڕێی پاپا جۆن پۆلی دووەم بوون، بەڵام ئەو کاتە وەها سەردانێک رێگەپێدراو نەبووە، بەڵام ئەو ئێستا دەیەوێت پەیامی برایەتی و ئاشتی و پێکەوەژیان بۆ سەرجەم پێکهاتە ئیتنی و ئاینییەکانی عێراق بهێنێت.
 
رۆژی شەممە بەرەو پارێزگای نەجەف بەڕێدەكەوێت و لەوێ چاوی بە ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق دەکەوێت، پاپا فرانسیس لەو بارەوە دەڵێت: "لە زەویی ئیبراهیمدا، پێکەوە لەگەڵ رێبەرانی دیکەی ئایینی بەرەو ئامانجی هاوبەش هەنگاو دەنێین". پاشان بەرەو شاری ئور بەڕێدەكەوێت.
 
رۆژی یەكشەممەش، بەرەو هەولێر بەڕێدەكەوێت و لە فڕۆكەخانە لەلایەن بەرپرسانی حكومی و ئایینی پێشوازی لێدەكرێت، هەر ئەو رۆژە دەچێتە موسڵ و نوێژ بۆ قوربانیانی شەڕ دەكات. دوای ئەوە دەچێتە كەنیسەی "تاهیرە"ی گەورە لە قەرەقوش.
 
هەر یەكشەممە دەگەڕێتەوە هەولێر و ئاهەنگی عەسری یەكشەممەی كریستیان لە یاریگەی فرانسۆ هەریری دەگێڕێت. رۆژی دووشەممە دەگەڕێتەوە فڕۆكەخانەی بەغدا و لەوێ رێوڕەسمی ماڵئاوایی كردنی بەڕێوەدەچێت.
 
پێش سەردانەكەی پاپا فرانسیس بۆ عێراق، زۆربەی ئەو شار و ناوچانەی كە بڕیارە پاپای ڤاتیكان سەردانیان بكات رازێندراونەتەوە و لەڕووی ئەمنییەوە رێکاری تایبەت گیراونەتەبەر. شەقام و كەنیسەكان شۆردراون، ئاڵای ڤاتیكان بە ستوون و دیوارەكانەوە هەڵواسراوە. 
 
 
زیاتر بخوێنەوە

16:57

پاپا فرانسیس: چەک سنووردار بکەن و بەرژەوەندییە تایبەتییەکان وەلابنێن

پاپا فرانسیس: چەک سنووردار بکەن و بەرژەوەندییە تایبەتییەکان وەلابنێن

رووداو دیجیتاڵ 

لە بەغدا بە ئامادەبوونی، سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمان، پێشوازی لە پاپا فرانسیس کرا. پاپا گوتارێکی پێشکێشکرد و ئاماژەی بە ئەو نەهامەتییانە کرد کە بەسەر کوردانی ئێزدیدا هاتوون ئەو گوتی بەهۆی "ئایین و شووناسیانەوە بووە". 
 
پاپا فرانسیس ئاماژەی بەوە کرد، ئایین دەبێت لە خزمەتی ئاشتی و برایەتیدا بێت، نابێت ناوی خودا بەکاربهێندرێت بۆ کوشتن و تیرۆر. ئەو گوتیشی "هاتووم ئاشتیم لەگەڵ خۆمدا هێناوە و زۆر جار نوێژمان لەپێناو ئاشتی بۆ عێراق کردووە". داوای لە بەرپرسانی عێراقیش کرد، بەرژەوەندییە تایبەتییەکان وەلابنێن و هەڵگرتنی چەک سنووردار بکەن، داواکەی بۆ سنووردارکردنی چەک بۆ هەموو جیهان بوو. 
 
لە باسی یەکێکی دیکە لە کێشەکانی عێراق کە هەژاری و برسێتییە، پاپا گوتی، "لەکاتێکدا هەژاری و برسێتی بڵاوبووەتەوە، هەست بەو بەرپرسیاریێەتییە دەکەم لەسەر شانمانە بۆ هاوکاریکردنی کەسانی هەژار و بێکار". 

 

زیاتر بخوێنەوە

15:10

پاپا فرانسیس بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ د. بەرهەم ساڵح گەیشتە کۆشکی بەغدا

ساتی پێشوازیی بەرهەم ساڵح لە پاپا فرانسیس AFP / Sabah ARAR
دوای ئەوەی لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی لێکرا، پاپا فرانسیس بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ د. بەرهەم ساڵح گەیشتە کۆشکی بەغدا و لە رێوڕەسمێکی فەرمی پێشوازیی لێکرا.

د. بەرهەم ساڵح و پاپای ڤاتیکان دوای رێوڕەسمی پرۆتۆکۆلی بەرەو ژووری کۆبوونەوەی کۆشکەکە بەڕێکەوتن کە خەڵکێکی زۆر لە پێکهاتەکانی عێراق لەوێ کۆبوونەتەوە.

 

 

زیاتر بخوێنەوە

14:19

پاپا فرانسیس گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازیی لێ کرا و کۆبوونەوە.

لە ژووری VIPی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لەگەڵ مستەفا کازمی کۆبوونەوەیەکی چەند خولەکیی کرد، دواتر پاپا بەنێو ئاپۆڕای جەماوەردا فڕۆکەخانەی جێهێشت.
 
چاودێران سەردانەکەی پاپا فرانسیس بە ئاڵەنگاری ناودەبەن لەڕووی ئەمنی و پەتای کۆرۆناوە.

پاپا فرانسیس-ی تەمەن 84 ساڵ کە رایگەیاند، گەشتەکەی بۆ عێراق "سەردانی ئاشتی"یە و لەگەڵ ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەکانی عێراق کۆدەبێتەوە.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پاپای ڤاتیکان لە فڕۆکەخانەیەکی رۆماوە بەرەو فڕۆکەخانەی بەغدا بەڕێکەوت و دەستی بە گەشتە سێ رۆژییەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق ماوەیەکە رووی لە هەڵکشان کردووە. پاپا فرانسیس سەرکردەی ئایینیی 1.3 ملیار کریستیانی کاسۆلیکی رایگەیاند، ئەو لەناو ڤاتیکاندا هەستدەکات "لە قەفەسدایە".

 

 

 

پاپا لەنێو فڕۆکەکەیدا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاندووە "دڵخۆشم بە دەستپێکردنەوەی گەشت، ئەم گەشتە سومبولییەش ئەرکێکە بۆسەر خاکێک کە چەندین ساڵە شەهیدە".

فڕۆکەکەی پاپا کاژێر 01:55 خولەک لە فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتیی بەغدا نیشتەوە، لەوێ سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی لێکرد، کازمی رایگەیاند "بە خۆشەویستی و ئاشتییەوە، گەل و حکومەتی عێراق پێشوازی لە قەداسییەتی پاپا فرانسیس دەکەن، جەخت لەم کارە مرۆڤانەیەش دەکەینەوە".

پاپا فرانسیس لەکاتی گەیشتنی گوتوویەتی، نایەوێت زۆر لە دووری خەڵکەوە بێت، بەڵام تەوقە لەگەڵ هەموو کەسێک ناکات.

هێزێکی ئەمنیی زۆر بۆ پاراستنی پاپای ڤاتیکان لە بەغدا بڵاوەیپێکراوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لەڕووی ئەمنییەوە پایتەختی عێراق ناسەقامگیرە.

 

زیاتر بخوێنەوە

13:48

رێزان حەمە ساڵح: یەکەمجارە قەداسەتی پاپا سەردانی هەرێمێک بکات

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا
رێزان حەمە ساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا بە رووداوی راگەیاند، لە ڤاتیکان و هەموو جیهانیشەوە بە پەرۆشەوە سەیری ئەو سەردانەی پاپا فرانسیس بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێت. هەموو ئەو ئاستەنگانەی دەهاتنە پێشەوە پاپای ڤاتیکان داوای دەکرد چارەسەر بکرێن و پێداگر بوو لەوەی کە ئەم سەردانە بکرێت.
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا گوتی؛ هەر کاتێک سەرکردەکانی کورد چوونەتە ڤاتیکان داوایان لێکردووە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات. ڤاتیکان مەبەستیەتی ئەم سەردانە ببێتە مایەی ئاشتەوایی و ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
 
رێزان حەمە ساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا بە ئاماژەدان بە سەردانەکەی پاپا بۆ هەرێمی کوردستان و گرنگییەکەی گوتی: "ئەمە یەکەمجارە لە مێژوودا کە قەداسەتی پاپا سەردانی هەرێمێک بکات. راستە لە بەغداوە دەچێتە نەجەف، بەڵام سەردانی بۆ هەریمی کوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە لەبەر ئەو هەنگاوە گەورانەی کە گەلی کورد بە کولتوورەکەیان ناویانە، ئەویش باوەشکردنەوەیە بۆ کریستیانەکان و رزگارکردنیان لەژێر دەستی داعش. خۆشیان ئەم راستییە بە باشی دەزانن".
 
زیاتر بخوێنەوە

13:12

فڕۆکەکەی پاپا فرانسیس گەیشتە ئاسمانی عێراق

فڕۆکەکەی پاپا فرانسیس گەیشتە ئاسمانی عێراق و کەمێکی دیکە لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازیی لێدەکرێت
 
زیاتر بخوێنەوە

12:54

دوایین ئامادەکارییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پێشوازیی لە پاپا فرانسیس

پۆستەرێکی پاپا فرانسیس لە شەقامیکی بەغدا وێنە؛ AFP
ئامادەکارییەکان لە قەرەقووش بۆ پێشوازیی لە پاپا فرانسیس 
 
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە قەرەقووش باسی ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیی لە پاپا فرانسیس دەکات کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە بچێتە کەنیسەی تاهیرە
 
هیوا حوسامەدین دەڵێت، ئامادەکارییەکان لە قەرەقووش بۆ پێشوازیی لە پاپا تەواوبوون. نۆژەنکردنەوەی کەنیسەی تاهیرەش کۆتایی هاتووە و ئێستا قەرەقووش کە زۆرینە کریستیانن چاوەڕوانی پاپا دەکات.
 
 
لە بەغدا قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێنراوە و رێوشوێنی تووندی ئەمنی گیراونەتە بەر
 
هەڵکەوت عەزیز پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێت، ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیی لە پاپا فرانسیس تەواوکراون. هێزێکی ئەمنیی زۆر لە بەغدا بڵاوەیان پێکراوە و قەدەخەی تەواوەتی هاتووچۆیە لە پایتەختی عێراق.
 
هێزە ئەمنییەکان خراونەتە ئامادەباشیی تەواو. جگە لە گاردی سویسری، کە هێزی پاسەوانی تایبەتیی پاپا و ڤاتیکانن، ئەرکی پاراستنی پاپا لە عێراق بە هێزی ئاڵتوونی سپێدراوە کە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە راهێنانیان پێ کراوە و پڕچەکترین و تۆکمەترین هێزەکانی عێراقن.
 
 
شاری مێژوویی ئوور وێستگەیەکی سەردانەکەی پاپا فرانسیس دەبێت
 
پاپا فرانسیس لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق سەردانی شاری ئوور دەکات کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سێ هەزار و 500 ساڵ پێش هاتنی پێغەمبەر عیسا (د.خ).
 
سەرچاوە مێژووییەکان، شارە سۆمەریەکە بە شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیم (د.خ) دادەنێن؛ پاپا فرانسیسیش دەیەوێت لەو شوێنەوارە مێژووییە، جەخت لە برایەتیی نێوان ئایینەکان بکاتەوە.
 
 

 

یاریگای فرانسۆ هەریری ئامادەیە بۆ پێشوازیی لە پاپا فرانسیس
 
دڵنیا رەحمان پەیامنێری رووداو لە یاریگای فرەنسۆ هەریری رایگەیاند، ئامادەکارییەکان لە یاریگای فرانسۆ هەریری کۆتایی پێهاتووە و 200 گەنجە خۆبەخشەکەی زانکۆی کاسۆلیکی کە ناوی خەڵکیان تۆمار دەکرت، لێرەش راهێنان دەکەن بۆ پێشوازی لە خەڵک و پاپا فرانسیس.

 

زیاتر بخوێنەوە

12:11

نێچیرڤان بارزانی: هیوادارین سەردانەکەی پاپا ببێتە هۆی هێنانەئارای داهاتوویەکی باشتر بۆ هەمووان

سەردانێکی پێشووتری نێچیرڤان بارزانی بۆ لای پاپا فرانسیس
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هیوادارە سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان "ببێتە هۆی هێنانەئارای داهاتوویەکی باشتر بۆ هەمووان".
 
لە پەیامێکدا لە تویتەر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان، نووسیویەتی "هیوادارم سەردانە مێژووییەکەی پاپا فرانسیس بۆ عێراق پێکەوەژیانی ئاشتیانە و هاوسەنگیی لەنێو دین و ئیتنیکە جیاوازەکانی وڵاتەکە بەهێز بکات و ببێتە هۆی هێنانەئارای داهاتوویەکی باشتر بۆ هەمووان".
 
لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت "من و گەلی کوردستان تامەزرۆی پێشوازیکردنی قەداسەتی [پاپا]ین لە هەولێر".
 
زیاتر بخوێنەوە

10:30

پاپا فرانسیس.. لیبڕاڵترین پاپا لە مێژووی ڤاتیکاندا

پێشتر لە ساڵی 2014 پاپا فرانسیس بۆ یەکەمجار سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە و چووەتە ئوردن و کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین و دواتر لە بەیت لەحم چاوی بە رێبەرانی فەلەستینی و ئیسرائیلی کەوت
پێشتر لە ساڵی 2014 پاپا فرانسیس بۆ یەکەمجار سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە و چووەتە ئوردن و کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین و دواتر لە بەیت لەحم چاوی بە رێبەرانی فەلەستینی و ئیسرائیلی کەوت
پاپا فرانسیس 266ەمین پاپای ڤاتیکان، کە بە پاپا فرانسیسی یەکەمیش دەناسرێ، لە رۆژی 3ی 3ی 2013 پاش ئەوەی پاپا بێنێدیکتی شانزەهەم بەهۆی بەساڵاچوونی و  لاوازیی جەستەیی، دەستی لە کار کێشایەوە، بە زۆرینەی دەنگی کاردیناڵەکانی کەنیسەی کاسۆلیک، لە کەنیسەی سیستیەنی ڤاتیکان بە رێبەری پایتەختی کاسۆلیکەکانی جیهان هەڵبژێردرا.
 
پاپا فرانسیسی یەکەم ناوی تەواوی خۆرخێ ماریۆ بێرگۆلیۆ- یە لە شاری بۆینس ئایرێسی پایتەختی ئەرجەنتین لە دایکبووە. 
 
خۆرخێ ماریۆ لە خێزانێکی بە ڕەچەڵەک ئیتاڵی لە دایکبووە، کە لە کۆنەوە کۆچیان کردووە بۆ ئەرجەنتین، بەڵام بە یەکەم پاپای خەڵکی کیشوەری ئەمریکا و، لە دوای گریگۆریی سێیەم کە لەدایکبووی سووریا بوو، بە دووەم پاپای نائەوروپی و هەروەها یەکەم ئەندامی کۆمەڵەی یەسووعی ئەژمار دەکرێ، کە تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە ئەو پلەیە لە کەنیسەی کاسۆلیکدا. 
 
خۆرخێ ماریۆ یەکەم بڕوانامەی زانستیی خۆی لە بواری کیمیا لە زانکۆی بۆینس ئایرس وەرگرت و دواتر دەستی بە خوێندن لە بواری زانستە ئایینییەکان کرد. 
 
لە مارسی 1958، بووە ئەندامی کۆمەڵەی یەسووعی, کە بە سەربازان و هێزی پیادەی مەسیح دەناسرێن. دواتر بەکالۆریۆسی لە بواری فەلسەفە وەرگرت و لە زانکۆکانی سانتافێ و سلڤادۆر دەستی بە گوتنەوەی وانەکانی ئەدەبیات و دەروونناسی کرد.
 
ساڵی 1967 خوێندنی ئیلاهییاتی تەواوکرد و لەلایەن مەتران رامۆن خۆزە کاستلانۆ- وە بە قەشە دەستنیشان کرا.  پاشان بۆ توێژینەوە و پێشکەشکردنی تێزی دۆکتۆراکەی لە بواری ئیلاهیات و فەلسەفە چووە خوێندنگەی یۆرگن لە ئەڵمانیا و پاش گەڕانەوەی بۆ ئەرجەنتین نازناوی رێبەری رووحانیی پێدرا .
 
ساڵی 1992 وەک یاریدەدری مەترانی بۆینس ئایرس دەستنیشانکرا. شەش ساڵ دواتر لە 28ی شوباتی 1998 بووە مەتران و بەرپرسی کەنیسەی کاسۆلیکی رۆژهەڵات لە ئەرجەنتین. لە 2002 وەک کاردیناڵ هەڵبژێردرا و دواتریش لە  3ی 3ی 2013 بووە پاپا و نازناوی فرەنسیسی بۆ خۆی هەڵبژارد، ئەویش بەهۆی خۆشەویستی و هۆگریی بۆ قەدیس فرەنسیس ئاسیزیی ئیتاڵی، کە لە سەدەی سێزدەیەمی زایینی دەژیا و بە پشتیوانی گەورەی هەژاران بەناوبانگ بوو. 
 
حەزی لە سەمای تانگۆیە
 
تەنیا بە یەک سی هەناسە دەدات و لە کاتی منداڵی بەهۆی نەخۆشییەکی هەوکردن، یەکێک لە سییەکانی لە دەستداوە. 
 
زمانەکانی ئیتاڵی، ئیسپانی و ئەڵمانی بە باشی دەزانێت و شارەزایی لە زمانەکانی ئینگلیزی، فەڕەنسی و پورتۆگالیش هەیە. حەزی لە سەمای تانگۆیە کە سەمایەکی نەریتی و رەسەنی ئەرجەنتینە و خۆی دەڵێت لە گەنجیدا بە باشی سەمای تانگۆی کردووە. هەروەها ئەندامی ناوەندی هەوادارانی یانەی تۆپی پێی سەن لۆرێنزۆیە. 
 
پاپا فرانسیس لە سەردەمی دیکتاتۆرییەتی ئەرژەنتین ژیاوە، سەردەمێک کە پێیدەگوترێت سەردەمی شەڕی قێزەون. لەو سەردەمەدا هەزاران کەس بێسەروشوێنکراون، ئەو کاتەی بە قسەی خۆی هەندێکجار یارمەتی کەسانێکی داوە لە دەستی سوپای ئەو وڵاتە هەڵبێن. کاتێک بە ئۆتۆمبێل خەڵکی لە بن بەتانییەکەوە شاردووەتەوە و بە بازگەکانی پشکنیندا دەربازی کردوون. 
 
سەربازی خودا
 
لە ئەرژەنتین، پاپا فرانسیس سەرۆکی گروپێک بووە بە ناوی جێسویت، واتە سەربازانی خودا. ئەو گروپەش بەشێکە لە دامەزراوەی ڤاتیکان و لە سەدەی شازدە دامەزراوە. هەرکەسێک کە دەبێتە ئەندامی ئەو گروپە سوێند دەخوات ئامادەبێت بەرگەی هەژاری و ترس بگرێت و داوێنپاک بێت، گرنگیش نییە لە کوێ و کەی پێویستیان پێیەتی.
 
پاپا فرانسیس ماوەی 76 ساڵ لە ئەرژەنتین ژیاوە، پاش ئەوە روویکردووەتە ڤاتیکان و دەڵێت تاوەکو کۆتایی ژیانی هەر لە ڤاتیکان و وەک پاپا دەمێنێتەوە.
 
لە بارەی ئەرژەنتینیش دەڵێت بیری ناکات، بەڵام خەمبارە کە دۆخی ئابووری لە وڵاتەکەی لێوانلیوە لە قەیران
 
حەزی لە ژیانی شاهانە نییە
 
پاپا فرانسیس، کە پێش بوونی بە پاپا و دوای وەرگرتنی ئەو پۆستەش بە کەسایەتییەکی چالاک و پشتیوانێکی مافەکانی مرۆڤ، مافی ژنان و ژینگە بەناوبانگ بووە، بەراورد بە پاپاکانی پێش خۆی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی جیاوازی هەیە، لەوانە کەمتر لەوانەی پێش خۆی گرینگی بە تەشریفات و باق و بریق لە کاروباری پەیوەندیدار بە پاپا دەدات. بۆ نموونە ئەو شەوەی کە وەک پاپا دەستنیشان کرا، ئامادە نەبوو بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی پاپا بگەڕێتەوە بۆ هوتێل و هەر بە پاس لەگەڵ کاردیناڵەکان گەڕایەوە. 
 
ماوەی سەدەیەکە هەر کەس بووەتە پاپای ڤاتیکان خاوەنی کۆشک و شوێنی مانەوەی تایبەتە، بەڵام پاپا فرانسیس هەر زوو پشتی لە کۆشک کرد و ئێستا لە کاروانسەرایەک دەمێنێتەوە.
 
هەروەها بە پێچەوانەی زۆربەی رێبەران و رەوتە ئایینییەکان، بڕوای وایە کە بیردۆزی بینگ بەنگ یان تەقینەوە گەورەکە کە باس دروستبوونی گەردوون دەکات و بیردۆزی پەرەسەندنی چارلز داروین، پێچەوانەی پەروەردە ئایینییەکان نین و دەشڵێ نابێ خودا بە ساحیرێک بزانین، کە بە گۆچانێکی جادوویی دەتوانێت هەموو شتێک بکات. 
 
پاپا فرانسیس لە بارەی مەرگ و ژیان، دەڵیت بیر لە مردن دەکاتەوە، بەڵام لە مردن ناترسێت. بۆیە سەرەڕای ئەو مەترسیانەی لەسەر ژیانی دروست دەبن، سوورە لەسەر سەردانەکەی بۆ عێراق.
 
دژی هاوڕەگەزخوازان نییە
 
پاپا فرانسیس هەروەها بەڕوانگە جیاوازەکانی بەتایبەت بەرامبەر مافی هاوڕەگەزخوازەکان بووەتە مایەی سەرسووڕمانی هەموو جیهان بۆ نموونە پێشتر گوتویەتی دەبێت کەنیسە داوای لێبووردن لە هاورەگەزخوازان بکات، وەک لەوەی بڕیاریان لەسەر بدات.
 
ئەو تەنانەت لە کاتی سەردانی بۆ بۆلیڤیا داوای گەڵای کۆکای کرد بۆ جووین،  کۆکا هەمان ئەو رووەکەیە کە کۆکایینی لێ بەرهەم دێت و لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ماددە هۆشبەرەکان، بە ماددەیەکی نایاسایی ناسێندراوە.  هەر لەبەر ئەم جۆرە تایبەتمەندییانە و هەڵوێستە دژەباوەکانی، هەندێ کەس بە هیپی-ترین رێبەری ئایینیی جیهان و لیبراڵترین پاپای مێژوو ناوی دەبەن.
 
یەکێکی دیکە لە بۆچوونەکانی کە دەنگدانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە ئەوە بوو کە لە 2013 رایگەیاندبوو هەر کەس لاپەڕەی ئەو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەر فاڵۆ بکات، ئەوا ماوەی مانەوەی لە بەرزەخ واتە لە گۆڕەوە تاوەکو قیامەت، کەمتر دەبێت. 
 
لە هەڵوێستێکی دیکەیدا لە ساڵی 2016 و لە سەردانێکی سێ رۆژەیدا بۆ یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا لە رێورەسمی یادکردنەوەی قوربانیانی ئەرمەن لە سەردەمی تورکیای عوسمانیدا بەشداریی کرد و وەک یەکەم پاپا لە مێژوودا ئەو رووداوەی بە جینۆساید ناوبرد. 
 
بۆ یەکەمجاریش لە کەنیسەی کاسۆلیکدا ئەو یاسایەی کەنیسەی هەڵوەشاندەوە کە رێگەی بە ژنان نەدەدا رێوڕەسمەکانی کەنیسە بەڕێوەببەن و لە میحرابدا خزمەت بکەن، بەڵام ئەویش لەسەر هەمان بۆچوونە کە دەڵێ پلەی قەشەیی پلەیەکی پیاوانەیە.
 
پاپا و سکانداڵی سێکسیی قەشەکان
 
لەو کاتەوەی بووەتە پایا، کەنیسەی کاسۆلیک لە زۆربەی وڵاتانی جیهان کەوتە ژێر گوشاری سکانداڵی تووندوتیژی سێکسی.
 
بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لە لایەن کەنیسە و دامەزراوەی سەربەخۆش کراون، کەنیسە بەردەوام تاوانی سێکسی قەشە و مەترانەکانی پەردەپەپۆش کردووە
 
لە فەرەنسا بە نمونە، گومان دەکرێت لە ماوەی 70 ساڵدا، بەرپرسانی کەنیسە تاوانی سێکسیان لە دژی 10 هەزار منداڵ کردبێت.
 
بە بڕیاری پاپا فرانسیس و لە ژێر گوشاردا، ڤاتیکان یاسایەکی دەرکرد کە بەرپرسانی کەنیسە پابەند دەکات کە سەرووی خۆیان لەهەر کەیسێکی سێکسی ئاگادار بکەنەوە، بەڵام یاساکە کەنیسە ناچار ناکات حکومەت لەو تاوانانە ئاگادار بکەنەوە.
 
 هەرچەندە، پاپا فرانسیس دەڵێت منداڵبازی لە نێو کەنیسەدا شوێنی نییە، هەندێک لە قوربانییەکان باوەڕیان وایە تائێستا ڤاتیکان ئامادە نییە گەورە قەشەکان سزا بدات. هەربۆیە لەکاتی سەردانی پاپا بۆ پۆڵەندا، هەندێک لە قوربانییەکان خۆپێشاندانیان کرد. 
 
پاپا فرانسیس بەراورد بە پاپاکانی پێش خۆی پەیوەندیی لەگەڵ ئایینەکانی دیکە و بەتایبەت ئیسلامیش باشترە و پێشوازی لە دیالۆگی نێوان ئایینەکان دەکات، هەمیشە خۆی بە هاوڕێ و برای کۆمەڵگە ئیسلامییەکان نیشان داوە و رێزگرتن لە پیرۆزییەکانی ئایینەکانی دیکە بە پێویستیەکی گرینگ دەزانێ لە پێناو برەوپێدانی ئاشتی و مەعنەوییەت لە جیهاندا. 
 
پێشتر لە ساڵی 2014 پاپا فرانسیس بۆ یەکەمجار سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە و چووەتە ئوردن و کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین و دواتر لە بەیت لەحم چاوی بە رێبەرانی فەلەستینی و ئیسرائیلی کەوت. 
 
لە 2017 چووەتە میسر و لە 2019 سەردانی ئیماڕاتی عەرەبیی کردووە و لە ئەبووزەبی لە دیداری لەگەڵ شێخ ئەحمەد تەیب، شێخی ئەزهەر بەڵگەنامەیەکی مێژووییان واژۆ کرد بە ناوی برایەتیی مرۆڤانە. هەر بەو بۆنەوە لە ساڵی دوای ئەو دیدارەوە رۆژی 4ی شوبات، وەک رۆژێکی جیهانی بە ناوی رۆژی برایەتیی مرۆڤانە لە رۆژمێری جیهاندا تۆمارکرا.
 
پاپا فرانسیس دەبێتە یەکەم پاپا کە سەردانی عێراق بکات، ئەو دەڵێت پێشتر عێراقییەکان چاوەڕێی پاپا جۆن پۆلی دووەم بوون، بەڵام ئەو کاتە وەها سەردانێک رێگەپێدراو نەبووە، بەڵام ئەو ئێستا دەیەوێت پەیامی برایەتی و ئاشتی و پێکەوەژیان بۆ سەرجەم پێکهاتە ئیتنی و ئاینییەکانی عێراق بهێنێت.
زیاتر بخوێنەوە

09:31

یەکەم رۆژی سەردانی پاپا فرانسیس بۆ عێراق

پاپا فرانسیس دەبێتە یەکەم پاپا کە سەردانی عێراق بکات
رووداو دیجیتاڵ

لەکاژێر 09:35 خولەک بەکاتی هەولێر، پاپا فرانسیس لە فڕۆکەخانەی فیومیچینۆ لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیاوە بەرەو بەغدا بەرێکەوت و  پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا.
 
لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بەشێوەیەکی فەرمی و لە رێوڕەسمێکدا، لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی لە پاپا فرانسیس دەکرێت و دواتر لە هۆڵی ڤی ئای پی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، پاپا فرانسیس و سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە.
 
دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ کازمی، بەرەو کۆشکی سەرۆکایەتیی لە بەغدا (کۆشکی ئاشتی) بەڕێدەکەوێت و لە رێوڕەسمێکدا لەلایەن د.بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق پێشوازیی لێدەکرێت و، لە نووسینگەی تایبەتی سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ بەرهەم ساڵح کۆدەبێتەوە.
 
پاپا فرانسیس بەراورد بە پاپاکانی پێش خۆی پەیوەندیی لەگەڵ ئایینەکانی دیکە و بەتایبەت ئیسلامیش باشترە و پێشوازی لە دیالۆگی نێوان ئایینەکان دەکات، هەمیشە خۆی بە هاوڕێ و برای کۆمەڵگە ئیسلامییەکان نیشان داوە و رێزگرتن لە پیرۆزییەکانی ئایینەکانی دیکە بە پێویستیەکی گرینگ دەزانێ لە پێناو برەوپێدانی ئاشتی و مەعنەوییەت لە جیهاندا. 
 
پێشتر لە ساڵی 2014 پاپا فرانسیس بۆ یەکەمجار سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە و چووەتە ئوردن و کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین و دواتر لە بەیت لەحم چاوی بە رێبەرانی فەلەستینی و ئیسرائیلی کەوت. 
 
لە 2017 چووەتە میسر و لە 2019 سەردانی ئیماڕاتی عەرەبیی کردووە و لە ئەبووزەبی لە دیداری لەگەڵ شێخ ئەحمەد تەیب، شێخی ئەزهەر بەڵگەنامەیەکی مێژووییان واژۆ کرد بە ناوی برایەتیی مرۆڤانە. هەر بەو بۆنەوە لە ساڵی دوای ئەو دیدارەوە رۆژی 4ی شوبات، وەک رۆژێکی جیهانی بە ناوی رۆژی برایەتیی مرۆڤانە لە رۆژمێری جیهاندا تۆمارکرا.
 
پاپا فرانسیس دەبێتە یەکەم پاپا کە سەردانی عێراق بکات، ئەو دەڵێت پێشتر عێراقییەکان چاوەڕێی پاپا جۆن پۆلی دووەم بوون، بەڵام ئەو کاتە وەها سەردانێک رێگەپێدراو نەبووە، بەڵام ئەو ئێستا دەیەوێت پەیامی برایەتی و ئاشتی و پێکەوەژیان بۆ سەرجەم پێکهاتە ئیتنی و ئاینییەکانی عێراق بهێنێت.
 

 

زیاتر بخوێنەوە