ترەمپ: دەست بەسەر غەززەدا دەگرین و پەرەی پێدەدەین

05-02-2025
لهۆن نەسرەدین
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت بەسەر غەززەدا دەگرێت و حەماسیش قسەکەی بە گاڵتەجاڕانە ناودەبات.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت بەسەر غەززەدا دەگرێت و حەماسیش قسەکەی بە گاڵتەجاڕانە ناودەبات.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای نزیکەی 8 ساڵ لە یەکەمین دیداریان لە کۆشکی سپی، ترەمپ پێشوازی لە نەتانیاهوو کردەوە، هەردووکیان لە هەمان پۆستی پێشوویاندان؛ ئەوەی گۆڕاوە دۆخی غەززە و دۆزی فەلەستینییەکانە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دۆخی غەززە گوتی، "سەبارەت بە غەززە، ئەوەی پێویست بێت دەیکەین. دەست بەسەر ئەو پارچەیەدا دەگرین و پەرەی پێدەدەین؛ هەزاران هەزار هەلی کار دەڕەخسێنین. ئەوێ دەبێتە شتێك کە هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر شانازی پێوە دەکات".
 
رۆژنامەڤانێک لە ترەمپی پرسی، "ئێوە باسی ئەوە دەکەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەست بەسەر ناوچەیەکی خاوەن سەروەرییدا دەگرێت؛ چ دەسەڵاتێك رێگەت پێ دەدات ئەوە بکەیت؟ ئایا ئێوە باس لە داگیرکردنێكی بەردەوام دەکەن؟ پەرەی پێ دەدەن؟"
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا گوتی، "من هەڵوێستی خاوەنداریەتییەکی دوورمەودا دەبینم؛ پێم وایە ئەوە سەقامگیرییەکی باش لەو بەشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لەوانەشە بۆ هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدی بهێنێت. ئەم بڕیارە بە ئاسانی نەدراوە، هەموو ئەوانەی قسەم لەگەڵیان کردووە ئەو بیرۆکەیان بە دڵ بووە کە ئەمریکا خاوەندارییەتی ئەو زەوییە بکات، پەرەی پێ بدات و هەزاران هەزار هەلی کاری لێ بڕەخسێنێت".
 
حەماس لەسەر زاری سامی ئەبوو زوهرە، گوتەبێژەکەی وەڵامی ترەمپی دایەوە و گوتی: "لێدوانەکانی ترەمپ لەبارەی کۆنترۆڵکردنی غەززە گاڵتەجارانە و بێمانایە و هەر بیرۆکەیەکی لەو جۆرە دەبێتە هۆی گڕتێبەردانی ناوچەکە."
 
لە بەرامبەر لێدوانە تووندەکەی ئەبوو زوهرە، مووسا ئەبوو مەرزووق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حەماس گوتی: "ئامادەین گفتوگۆ و پەیوەندیمان لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ هەبێت. لە رابردوودا رێگر نەبووین لە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیدارەی بایدن. ئامادەی گفتوگۆین لەگەڵ ترەمپ یان هەر ئیدارەیەکی ئەمریکا یان هەر لایەنێکی نێوەدەوڵەتی دیکە".
 
سعودیەش کە بە یەکێک لە لایەنە سەرەکی، گرنگ و کاریگەرەکانی پەڕاوی فەلەستینە، جەختی لە هەمان هەڵوێستی پێشووی خۆی کردەوە. 
 
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە راگەیێندراوێكیدا گوتی: "هەڵوێستی شانشینی سعودیە سەبارەت بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین نەگۆڕە و جێگەی دانوستاندن و سازش نییە؛ بە تووندی دژی دەستگرتن بەسەر زەوینی فەلەستینییەکان و هەوڵدان بۆ دەرکردنیان لە خاک و زەوییانین. گەلی فەلەستین دەست بە زەوی خۆیدا دەگرێت و جێی ناهێڵێت".
 
بیرۆکە گەڵاڵەبووەکەی ترەمپ بریتییە لە گواستنەوەی غەززەییەکان بۆ 12 شوێن؛ ئوردن و میسر سەرەکین، ئەگەرچی عەممان و قاهیرە بە تەواوی رەتیان کردووەتەوە و ترەمپیش بە سادەیی و متمانەوە دەڵێت " بە دڵنیاییەوە هەر رازی دەبن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا

پووتین: رازین بە پێشنیازی وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان

سەرۆکی رووسیا دەڵێت، وڵاتەکەی بە پێشنیازی ئەمریکا بۆ ئاگربەستی جەنگی ئۆکراینا رازیبووە، بەڵام پێویستە "هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم قەیرانە" چارەسەر بکرێن و وردەکارییەکانیش بخرێنەڕوو.