کچێکی ئێزدی لە ئەمریکا ئەو کەلوپەلانە دەفرۆشێت کە لەلایەن رزگاربووانی دەستی داعش دروستکراون

05-02-2025
دیار کوردە @diyarkurda
ئامانجی کچەکە کۆکردنەوەی یارمەتییە بۆ ژنانی رزگاربووی ئێزدیی دەستی داعش.
ئامانجی کچەکە کۆکردنەوەی یارمەتییە بۆ ژنانی رزگاربووی ئێزدیی دەستی داعش.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەری ئیبراهیم، کچێکی ئێزدییە و خەڵکی کوردستانە، لە پەراوێزی لووتکەی ئازادی ئایینی مێزێکی تایبەتی داناوە و ئەو کارە دەستییانە دەفرۆشێت کە لەلایەن کچان و ژنانی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش دروستکراون. پەری لەم کارەی دوو ئامانجی هەیە، ئەوانیش ناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان بە دەستی داعش و کۆکردنەوەی داهاتێک بۆ کچان و ژنانی ئێزدی.
 
پەری ئیبراهیم، بەڕێوەبەری دامەزراوەی ئێزدی ئازاد لەبارەی کارەکەیەوە دەڵێت، "ئەم شتانە بەدەستی دایک و کچی ئێزدی دروستکراون، ئەوانەی لە دەستی داعش رزگاریان بووە، شتێکی گرنگە کە مرۆڤ نیشانی بدات کچ و دایکی ئێمەش دەتوانن چی بکەن، سەیری بکە، ئەمە مارکەی کارەکانیانە و لەسەری نووسراوە کەوتوونەتە دەستی داعش و رزگاریان بووە، بەم شێوەیە دەتوانن منداڵەکانیان بەخێو بکەن، هەر پارەیەک ئەمڕۆ کۆبکرێتەوە دەچێتە سەنتەری ئێمە لە کوردستان و لەوێ هاوکاری دایک و کچانی ئێزدیی پێدەکرێت.''
 
لە لووتکەی ئەم ساڵی ئازادی ئایینی نوێنەری زیاتر لە 41 وڵات و دەیان ئایینی جیاواز بەشدارن، لە نێویاندا شاندێکی هەرێمی کوردستان. هەروەها لەیەکێک لە پانێڵەکانیش باس لەو ئەزموونەی ئازادی ئایینی و پێکەوەژیانی ئایینییەکان لە هەرێمی کوردستان کرا.
 
ئەمیر عوسمان، ئەندامی مێزگەردی ئازادی ئایینی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبارەی بەشداربووانی پانێلەکەوە باس لەوە دەکات، "'ئێمە هەوڵماندا ئەو ئەزموونە جوانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە. نموونەیەکی جوانە، کە چۆن بتوانین لەبەرچاوی هەموو دنیا پیشانی بدەین کە دوو هەزار کەسایەتی لەسەر ئاستی جیهان لەم پانێلانە بەشدار دەبن، یاخود لەم کۆنفرانسە بەشداربوونە، هەروەها راستەوخۆش دەگوازرێتەوە، دەمانەوێت باس لە ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئازدی ئایینی و پێکەوەژیان بکەین، باس لەو پێکهاتانە بکەین کە لە هەرێمی کوردستان مافەکانیان، دین و شکۆیان پارێزراوە، هەروەها چۆن ئەو ئەزموونە بگوازینەوە بۆ بەغدا و خواروو و نێوەڕاستی عێراق و هاوکارییان بکەین.''
 
بەڕێوەچوونی ئەم لووتکەیە لە ئەم ساڵدا لەکاتێکدایە، ئیدارەیەکی نوێ لە ئەمریکا بەسەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ دەستبەکاربووە، ئەو ئیدارەیەش دەیەوێت چاوپێداخشاندنەوە بە هەموو هاوکارییە مرۆییەکانی ئەمریکا بکات لە نێویاندا هاوکارییەکانی پەیوەست بە پێکهاتە ئایینییەکان و چالاکییەکانی پەیوەست بە ئازادی ئایینی لە جیهاندا.
 
سەرۆکی سکرتارییەتی ئازادی ئایینیش بۆچوونی وایە، پرسی ئازادی ئایینی بۆ ئەم ئیدارەیەش گرنگە و بە بایەخەوە سەیر دەکرێت.
 
نەدین مەیێنزا، سەرۆکی سکرتارییەتی ئازادی ئایینی لەوبارەوە دەڵێت، "وا پێدەچێت ئەوەی هەوڵدەدەن بیکەن، یەکخستنەوەی ئەو هاوکارییانەیە لەگەڵ ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەیان، بەڵام روونە ئیدارەی پێشووی ترەمپ و وەزیری دەرەوە مارکۆ روبیۆ و هەموو تیمەکەش پشتیوانکارێکی بەهێزی هەرێمی کوردستانی عێراق و سووریان کە ژمارەیەک پێکهاتەی ئایینی لێ دەژین. پێشبینی دەکەم لە هاوکارییەکانیان بەردەوامبن، بەڵام ئێستا هەموو شتێکیش پێداچوونەوەی پێدەکرێت و خەڵکانێکی زۆر لەسەر ئەمە کاردەکەن کە چۆن زیاتر لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەبێت، بەڵام پێشبینی دەکەم ئەم ئیدارەیە لە درێژخایەندا لەگەڵ پێکهاتە ئایینییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەمێنێتەوە.''
 
لە لووتکەی ئەم ساڵی ئازادی ئایینی نزیکەی هەزار و 500 کەس لە 41 وڵاتەوە بەشدارن، هەروەها 90 دامەزراوەی ئایینیش بەشدارییان لە لووتکەکەدا کردووە، بڕیارە لووتکەکە بۆ دوو رۆژ بەردەوامبێت و تاوتوێی ئەو هەنگاوانە بکرێت کە چۆن ئازادی ئایینی لە جیهاندا بەهێزتر بکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کۆچبەر لە تەرابلوس. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە

لیبیا رێگەیەکی نوێی کۆچبەری بۆ گەیشتن بە ئەورووپا؛ "مەترسیدارترین رێگەیە"

ماوەیەکە گەنجانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی باندە قاچاخچییەکانەوە دەچنە لیبیا، بۆئەوەی لەوێوە خۆیان بگەیێننە ئەورووپا. بەرپرسی رێکخراوێکی کۆچبەران دەڵێت، ئەم ساڵ زیاتر لە 300 هاونیشتمانی لەو وڵاتەوە چوونەتە ئەورووپا. ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراقیش مەترسییەکانی رێگەکە دەخاتەڕوو