رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا زانیاری نوێ لەبارەی هێرشەکانی شەوی هەینی بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران لە عێراق و سووریا بۆ رووداو ئاشکرا دەکات و رایدەگەیێنێت، "ئەو شوێنانەی کرابوونە ئامانج، لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی دیکە بەکاردەهێندران لە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا".
رۆژی دووشەممە، 05ی شوباتی 2024، پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا "پێنتاگۆن" لە وەڵامی پرسیاری دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن، لەبارەی ئەوەی حکومەتی عێراقی دەڵێت، لە هێرشەکەدا خەڵکی سیڤیل و ناوچەی سیڤیل کراونەتە ئامانج و قوربانیش هەبووە، رایگەیاند، "ئەو شوێنانە بنکە بوون و لەلایەن سوپای پاسداران و گرووپەکانی نزیکیان بەکارهێندرابوون بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و بەڕوونیش ئەو شوێنانەم دیاریکرد و ئەوانەی ئێمە کردماننە ئامانج ناوەندی فەرماندەیی، ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکان، کۆگەی هەواڵگریی، رۆکێت و درۆن و کۆگەی چەکوتەقەمەنی بوون. بۆیە جارێکی دیکە سەرنجمان لەسەر ئەوەیە هێرشبکەینە سەر توانا سەربازییەکانی ئەو گرووپانە".
لەلایەکی دیکەوە، گوتەبێژی پێنتاگۆن رەتیکردنەوە لە هێرشەکانیاندا چەکدارانی حەشدی شەعبیان کردبێتە ئامانج و رایگەیاند، "سەرنجی هێرشەکانمان لەسەر گرووپەکانی نزیک لە ئێرانە، نەک حەشدی شەعبی".
شەوی هەینی 3ی شوبات، ئەمریکا هێرشیکردە سەر 85 پێگەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سووریا، لە وەڵامی ئەو هێرشەی کە مانگی رابردوو کرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن و بووە هۆی کوژرانی 3 سەرباز و برینداربوونی نزیکەی 40ی دیکە.
لە 7ی تشرینی یەکەمی پارەوە، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، نزیکەی 170 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و جارێکیش لە ئوردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ