رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، لە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر پێگەی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا، هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە نەدرابووە حکومەتی عێراق، دوای هێرشەکە حکومەتی عێراقیان ئاگادار کردووەتەوە.
رۆژی دووشەممە، 5ـی شوباتی 2024، ڤێدانت پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن رایگەیاند، "عێراق وەکو هەموو وڵاتانی دیکە لەوە تێگەیشتبوو، کە دوای کوژرانی سەربازەکانمان، وەڵاممان بۆ هێرشەکان دەبێت. سەبارەت بە هێرشەکەی رۆژی هەینی، هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە نەدرابوو، ئێمە دەستبەجێ دوای هێرشەکە عێراقییەکانمان لە هێرشەکە ئاگادار کردەوە".
پاتێل رەتیکردەوە کە هیچ کەسێکی سیڤیل لە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر پێگەی گرووپە چەکدارەکان بووبێتە قوربانی و گوتی، "ئەو ئامانجانەی کە هێرشیان کرایە سەر بە وردی دیاریکرابوون. لە هێرشەکەدا ناوەندی فەرماندەیی و کۆگەی مووشەک و رۆکێت و درۆن کراونەتە ئامانج. ئێمە پێمانوایە کە ئەو ئامانجانە ئامانجی پشتراستکراوە بوون و بەشێوەیەک بڕیاریان لێدرابوو کە بەدوور بن لەوەی زیان بە خەڵکی سیڤیل بگەیێنن".
لە تۆڵەی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکیدا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دوایین ساتەکانی شەوی هەینی رابردوودا، لەنێو عێراق و سووریا هێرشیان کردە سەر گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تاران.
لەوبارەیەوە سێنتکۆم راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، "85 شوێن لە عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج و چەند فڕۆکەیەکیش لە ئەمریکاوە فڕیون و 125 مووشەکیان تەقاندووە و هێرشەکان لە رێگەی ژمارەیەک فڕۆکەی بۆمبهاوێژی دوورمەوداوە کراون".
هێرشەکە نیگەرانی حکومەتی عێراق لێکەوتەوە و لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئەم هێرشانە، پێشێلکردنی سەروەریی عێراقن، تێکدانی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقن و هەڕەشەیەک پێکدەهێنن کە عێراق و ناوچەکە بەرەو دەرئەنجامە پێشبینینەکراوەکان پەلکێش دەکات، کە لێکەوتەکانی کارەساتبار دەبن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە".
ئەمریکا دەڵێت، ئەوە تەنیا "سەرەتایە" و زنجیرەیەک هێرشی دیکەش بەڕێوەن لە کات و شوێنێک کە خۆیان دیاری دەکەن.
هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر سووریا و عێراق هەروەک ئەمریکا باسیدەکات، "لە تۆڵە و وەڵامی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکییە کە لە 28-1-2024 لە ئوردن بە درۆنێک کوژران".
دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، گرووپەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن، بەهۆکاری ئەوەی کە هاوسۆزن لەگەڵ فەلەستین، زیاتر لە 165 جار لە یەمەن، ئوردن عێراق و سووریا و رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ