سەرۆکی پێشووتری پاکستان لە تەمەنی 79 ساڵیدا کۆچی دواییکرد


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پێشووتری پاکستان کە لە ساڵی 1999 دا بە کودەتا دەسەڵاتی گرتە دەست، لە تەمەنی 79 ساڵیدا لە ئیمارات کۆچی دواییکرد.
 
رۆژی یەکشەممە، 5ـی شوباتی 2023، سوپای پاکستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەرپرسانی باڵای سەربازی "سەرەخۆشیی قووڵی خۆیان لە هەواڵی خەمناکی کۆچی دوایی ژەنەڕاڵ پەروێز موشەڕەف دەردەبڕن. خودا رۆحی پاکی ئاسوودە بکات و ئارامی بە خێزانەکەی بدات". 
 
بەگوێرەی بەرپرسە باڵاکانی پاکستان، پەروێز موشەڕەف بەیانیی رۆژی یەکشەممە لە نەخۆشخانەیەکی شاری دوبەی کۆچی دواییکردووە. 
 
پەروێز موشەڕەف، ژەنەڕاڵێکی خاوەن چوار ئەستێرە بوو، لە ساڵی 1999 بە کودەتایەکی دوور لە خوێنڕشتن دەسەڵاتی پاکستانی گرتەدەست. ئەوەش دوای ئەوە هات کە نەواز شەریف، سەرۆکوەزیرانی ئەوکات هەوڵیدا موشەڕەف لە پۆستی سەرۆک ئەرکانی سوپا دووربخاتەوە. 
 
موشەڕەف لە ساڵی 2002دا لە گشتپرسییەکدا بۆ خولێکی پێنج ساڵەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرا؛ هەرچەندە بەڵێنیدابوو لە پۆستی ژەنەڕاڵی سوپا دەستلەکاربکێشێتەوە، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2007 پۆستەکەی بەدەستەوە بوو. 
 
لە حەوت ساڵی دەسەڵاتیدا، ئابووریی پاکستان بووژایەوە، لەکاتێکدا لە سێ هەوڵی تیرۆرکردن رزگاری بوو. لەدوای تیرۆرکردنی بونەزیر بۆتۆ، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو کات، موشەڕەف بە کوشتنی خانمە سەرۆکوەزیرانە پێشووەکە تۆمەتبارکرا و لە هەڵبژاردنی ساڵی 2008دا لەلایەن هاوپەیمانەکانییەوە بە تەنیا جێهێڵدرا. 
 
موشەڕەف لە ساڵی 2013دا هەوڵیدا بگەڕێتەوە دەسەڵات، بەڵام رێگەی پێنەدرا خۆی بەربژێر بکات و نەواز شەریف هەڵبژاردنی بردەوە و جارێکی دیکە دەسەڵاتی گرتەوە دەست، واتە هەمان ئەو کەسەی لە ساڵی 1999دا لەلایەن موشەڕەفەوە دوورخرایەوە. 
 
لە ساڵی 2006 دا دوای ئەوەی قەدەخەی گەشتکردنی لەسەر هەڵگیرا، موشەڕەف بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی رووی لە دوبەی کرد. سێ ساڵ دواتر و لە ساڵی 2019 دا، بەبێ ئامادەبوونی خۆی، بە تۆمەتی ناپاکی سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا.