جیهان
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا [نێوەڕاست] لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی ئەحمەد شەرعیان کرد لە دیمەشق. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت، نابێت هیچ هێزێکی بیانی "وەکو رووسیا و ئێران" بەناوی پاڵپشتی، سووریا زیاتر لاواز بکەن. دەشڵێت: "پێم باشبوو ئەحمەد شەرع تەوقەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کردبا."
رۆژی یەکشەممە 05-01-2025 ژۆن نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند: "ئاشکرایە سووریا پێویستیی بە یارمەتی دەبێت، بەڵام زۆر گرنگە کە هیچ هێزێکی بیانی وەکو رووسیا و ئێران، بۆ ماوەیەکی درێژ لەژێر ناوی پاڵپشتی، زیاتر لاوازی نەکات."
بارۆ بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "پێویستە داهاتووی سووریا لەلایەن سووریاییەکانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت. لەم گۆشەنیگایەوە، دەسەڵاتی راگوزەر، کۆمەڵگەی مەدەنی و پێکهاتە خۆجێیەکان بە ئاراستەی سەروەری کاردەکەن، کە گرنگ و راستە."
ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دوای دوو رۆژ لە سەردانەکەی بۆ دیمەشق هات. ژۆن نۆوێل بارۆ، بە یاوەریی ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا کۆبوونەوە.
'پێم باشبوو تەوقەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کردبا'
لەکاتی گەیشتن بە کۆشکی گەل لە دیمەشق، ئەحمەد شەرع تەوقەی لەگەڵ خانمە وەزیرەکەی ئەڵمانیا نەکرد. ئەحمەد شەرع وەک پیشاندانی رێز دەستی خستەسەر سینگی و ئەنالینا بێربۆکیش هەردوو دەستی خۆی گوشی. ئەحمەد شەرع دەستی تەوقەی بۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا درێژکرد، بەڵام وەزیری دەرەوەی فەرەنسا تەنیا سەری پەنجەکانی شەرعی گوشی و تەوقەیەکی زۆر کورت و خێرا بوو.
لە هەڤپەیڤینەکە لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی، بارۆ گوتی: "ئایا پێم باشبوو ئەحمەد شەرع لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەکەم دەست بگوشێت؟ وەڵامەکە بەڵێیە. ئایا ئەمە ئامانجی سەردانەکەمان بوو؟ وەڵامەکە نەخێرە."
رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی ئەم دۆخەی بە "ئابڕووچوونی تەوقە" وەسفکرد و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەنگدانەوەی زۆری دروستکرد.
بەگوتەی چەند رۆژنامەڤانێک، بێربۆک لەدوای کۆبوونەوەکان گوتوویەتی: "کە سەردانی ئێرەم کرد، بۆ من روون و ئاشکرا بوو کە تەوقە ناکرێت. پێموایە هاوبەشەکانی دیکەم باش ئاگاداری ئەوە بوون، هەروەک وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەستی خۆی [بۆ تەوقەکردن] درێژ نەکرد."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ