ڤیدیۆ.. پێشوازی لە جەژنی کریسمس لەلایەن خێزانێکی کورد لە رووسیا


رووداو دیجیتاڵ 

رازاندنەوەی داری کریسمس لە رۆژی لە دایکبوونی پێغەمبەر عیسا یەکێکە لە نەریتە هەر کۆنەکانی کریستیانەکان، هەر کریستیان نا، بەڵکو ئەوانەی سەر بە ئایینەکانی دیکەشن لە ماڵەکانیان داری کریسمس دەڕازێننەوە. 
 
میدیا پزیشکی ددانە و یاریی کۆنی منداڵان بە دارەکەی ماڵیاندا هەڵدەواسێ، ئەوانەی کە داپیری لە سەردەمی سۆڤیەتەوە تاوەکو ئێستا پاراستوونی. بێگومان هەمووشتێک،  دارەکە و یاریی منداڵانیش رۆژە هەرە خۆشەکانی منداڵی بە بیری میدیا دەهێننەوە. 
 
میدیا پێی گوتم، "باوکم کوردە، دایکم رووسە. بەکوردیش دەزانم قسە بکەم، بەڵام دەمەوێ بە رووسی بدوێم.. ماڵباتەکەمان گەورەیە، ئێمە جەژنی رووسی و جەژنی کوردیشمان هەیە، بێگومان ئێمە جەژنی کریسمس و نەورۆزیش پیرۆز رادەگرین و هەمووان وەکو یەک پیرۆز سەیر دەکەین و جیاوازی لەنێوانیان ناکەین." 
 
راستییەکی کۆمەڵگەی کوردی هەیە، بووکێک لە دەرەوە هاتە نێو ماڵ ئەو ماڵە هەمووی دەگۆڕێ، بەڵام لە ماڵی د. جوان پێچەوانەکەی راستە، پێش 40 ساڵ د. جوان بووەتە زاوای ماڵباتێک و ئەو ماڵە بەتەواوی بووەتە ماڵی کوردی، بەجۆرێک جەژنی کریسمس بە ژەنینی سازەوە پێشوازی لێ دەکرێت.
 
د. جوان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و لە سەردەمی سۆڤیەت بۆ خوێندی باڵا چووەتە رووسیا. کاتێک بڕیاریداوە کە ژیانی خۆی لەگەڵ کچێکی رووسی بکاتە یەک، جیاوازیی بیروباوەڕ و کولتوور نابنە رێگر لەبەردەم خۆی و هاوژینەکەی.
 
د. جوان دەڵێت، "من خۆم خەڵکی قامشلۆم. ئێمە لە گەڕەکێک بووین کریستیانی لێ بوو، ئەرمەنی لێ بوو بەیەکەوە جەژنمان دەکرد. منداڵ بووین لەگەڵیان دەچووین بۆ کەنیسە، رۆژبوونی عیسا پێغەمەرمان پیرۆز دەکرد، کەواتە ئەوە شتێکی نامۆ نییە، ماڵباتەکەی من، دایک و باوکم لەگەڵ ئەوان رێزی یەکدیمان دەگرت، پێیان دەگوتین ئەوە جەژنی ئێوەیە و رێزمان لێدەگرتن و ئەوانیش بە هەمان شێوە."    
 
هاوژینەکەی د. جوان ناوی ناتالیایە و دەڵێت، "من بووکی کوردم و بە میوانی چوومەتە کوردستان، قامشلۆ و حەسەکە، بەیەککردنی دوو کولتوور بۆ من زۆر ئاسان بوو، چونکە من کولتووری هاوژینەکەم پەسند کرد، ئەویش کولتوورەکەی من، هەموو بەیەکەوە تیکەڵبوون و هەموو جەژنەکان بوون بە یەک. ئەو کاتەی میهرەبانی، خۆشەویستی و لێکتێگەیشتن هەبێ، پەسندکردنی یەکدی ئاسانتر دەبێت."
 
لە بنەمای هەر جەژنێک جیاوازییەکی ئایینی هەیە، بەڵام ئەوەی لەو ماڵە بەدی دەکرێت، گرنگیی جەژن لە جیاوازییەکەی نییە بەڵکو لە هێڵە پێکهێنەرەکەیەتی.
 
زۆربەی خەڵکی رووسیا کریستیانی ئۆرتۆدۆکسن و رۆژی لە دایکبوونی پێغەمبەر عیسا لە دوایین هەفتەی پێش ساڵی نوێ پیرۆز دەکەن.