دوای شەش گەڕی هەڵبژاردن کۆنگرێسی ئەمریکا نەیتوانی سەرۆکێک هەڵبژێرێت


رووداو دیجیتاڵ

دوای شەش گەڕی هەڵبژاردن، کۆنگرێسی ئەمریکا نەیتوانی سەرۆکێک هەڵبژێرێت و ئەنجوومەنی نوێنەران بە کۆی دەنگ کۆبوونەوەکانی بۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە دواخست. 
 
کۆمارییەکان لەنێوخۆیاندا تائێستا کۆک نین بۆ هەڵبژاردنی کێڤن مەککارتی وەکو سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران و لە هەر شەش گەڕی هەڵبژاردنەکان دەنگی تەواویان بە مەککارتی نەداوە.
 
چەند رۆژێکە ئەو ئەندامانەی کۆمارییەکان کە پشتگیری لە مەککارتی دەکەن لەگەڵ ئەوانەی کە دژین لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی لە دانیشتنی داهاتوودا بتوانن سەرۆکێک بۆ کۆنگرێس هەڵبژێرن.
 
دیار کوردە، پەیامنێری رووداو لە واشنتن لەوبارەیەوە پرسیاری لە چەند کۆنگرێسمانێک لە دیموکرات و کۆمارییەکان کردووە. ئەمەش دەقی پرسیار و وەڵامەکانیانە:
 
رووداو: کۆنگرێسمان، پرسیارێکی خێرا، من لە رووداوم، تەلەڤیزیۆنێکی نێودەوڵەتییە، پێتوایە ئەمڕۆ یان سبەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵدەبژێردرێت؟
 
سکۆت پیتەر، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا - دیموکرات: من نازانم، ئەوە پەیوەندیی بە کۆمارییەکانەوە هەیە بۆ ئەوەی بزانن بەکوێ دەگەن. ئێمە دەبێت سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانمان هەبێت. ئەوان زۆرینەیان هەیە و دەبێت چارەسەری بکەن، چونکە دەبێت دەست بە کارکردن بۆ گەلی ئەمریکا بکەین. ئەمەش جێگەی قبووڵکردن نییە.
 
رووداو: ئێوە وەک دیموکرات، هیچ هیوایەکتان هەیە لەم خولەدا سەرۆکی ئەنجوومەن ببنەوە؟
 
سکۆت پیتەر: بۆ ئێمە قورس دەبێت سەرۆکی ئەنجوومەن ببەینەوە، چونکە زۆرینە لای ئەوانە. بێگومان بەربژێری من مەککارسی یە. پێموایە کارێکی زۆر باش دەکات. پێمانخۆشە کۆمارییەکانیش بێنە پاڵمان، بەڵام پێموانییە لەم کاتەدا ئەوە رووبدات، بەڵام ئێمە پێشوازی لە پشتگیرییەکەیان دەکەین". 
 
پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ دانیێڵ کیڵدی، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا - دیموکرات:
 
رووداو: سڵاو کۆنگرێسمان، پێتوایە ئەمڕۆ یان سبەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵدەبژێردرێت؟
 
دانیێڵ کیڵدی، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا - دیموکرات: پرسیارێکی باشە. من هەموو رۆژێک دێمە ئێرە تاوەکو کەسێک هەڵدەبژێرین. 
 
رووداو: چاوەڕوانییەکانتان چییە؟ چەند دەخایێنێت تاوەکو سەرۆکێک هەڵدەبژێرن؟
 
دانیێڵ کیڵدی: ئەوە پێش سەدان ساڵ بوو کە دوایین جار بە بارێکی لەمجۆرەدا رۆیشتین، بۆیە هیچ بیرۆکەیەکم نییە.
 
رووداو: پێتوایە 14 جار دووبارە هەڵبژاردنەوە تێدەپەڕێنن؟
 
دانیێڵ کیڵدی: من نازانم، تاوەکو کاژێر 8:00ـی ئەمشەو دەکرێت گۆڕانکارییەک رووبدات. یانیش هەر هەمان شتن دووبارەبێتەوە. بریا وەڵامێکم بۆتۆ پێبوایە، بەڵام بە ناڕوونی دەمێنێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی هەڵبژاردنەکە روودەدات.
 
پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ ئاڕۆن بێن، ئەندامی کۆنگرێس - کۆماری:
 
رووداو: پێتوایە ئەمڕۆ یان سبەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵدەبژێردرێت؟
 
ئاڕۆن بێن، ئەندامی کۆنگرێس - کۆماری: ئەوە لە کاتێکی نزیکدا روودەدات، بەڵام من دڵنیانیم کە ئەمڕۆ دەبێت، بەڵام لە کاتێکی نزیکدا دەبێت. ئێمە ئێستا لە دانوستاندن داین. 
 
رووداو: ناکۆکییەکە چییە، بۆچی پشتیوانی لە کەیڤن مەکارسی ناکەن؟
 
ئارۆن بێن: چەند کەسێک هەن پێیانوایە هەمووان کەسێکی هەڵەیان هەڵبژاردووە. دڵنیام کە دەرچەیەکی بۆ دەبێت. تەنیا پێویستی بە هەندێ کات هەیە. ئێستا بەشێک دەبین لە مێژوو، ئەی چی لەبارەی ئەوەوە. ئەوە شتێکی باشە.
 
پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ مایکڵ گێست، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا - کۆماری:
 
رووداو: پێتوایە ئەمڕۆ یان سبەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵدەبژێردرێت؟
 
مایکڵ گێست، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا - کۆماری: پێموایە یان ئەمڕۆ یانیش لە ماوەی چوار رۆژی داهاتوودا سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانمان دەبێت. بەردەوام دەبین لەم جۆرە گفتوگۆیانە. لەنێوخۆی فراکسیۆنی کۆمارییەکاندا سەرۆکێکمان دەبێت و متمانەی رای گشتیی ئەمریکا دەگەڕێنینەوە.
 
پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ ماری سکانلن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا - دیموکرات:
 
رووداو: پێتوایە ئەمڕۆ یان سبەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵدەبژێردرێت؟
 
ماری سکانلن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا - دیموکرات: ئێستا من هیچ دەرفەتێک بۆ کۆمارییەکان نابینم، چونکە لەلایەن کەمینە تووندڕەوەکانیانەوە بە بارمتە گیراون. پێموایە پێش 100 یان 300 ساڵ بوو شتێکی وا روویدا. زۆر لەمێژەبوو. دەنگەکانیان دوو بەش بوو و پرۆسەکە بۆ ماوەی سێ مانگ خایاندی. 
 
رووداو: پێشبینیت چییە؟
 
ماری سکانلن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا - دیموکرات: من هیچ پێشبینییەکم نییە. لەوانەیە ئەو کاتەی بە ئاگادێنەوە.